* نەوژین
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند ئەو کەسەی لە پشت خۆکوشتنی کچە فێرخوازەکەی پەیمانگا بو دەستگیرکراوە، هاوکات دەرکەوتوە کە چەندین کچی دیکە لە ژێر هەڕەشەی ئەودا بونە.
ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دوای بەدواداچون لە خۆکوشتنی کچێک بەناوی (ئاریان محەمەد) لەناو شاری هەولێر، بۆمان دەرکەوت هۆکاری خۆکوشتنەکەی کوڕێک بوە، کە بەردەوام هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لێ کردوە.
رونیشیکردەوە، کە تۆمەتبارەکە دانیشتوی قەزای رانیەیە، لەگەڵ دانپێدانانەکەی دا دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و دەرکەوتوە چەندین کچی دیکە لە ژێر هەڕەشەی دا بونە.
ئاریان محەمەد، تهمهنى 21 ساڵ بو و فێرخوازی پهیمانگاى تهكنیكی ههولێر بهشى كتێبخانه و زانیاری بو، دوای ونبونی بۆ ماوەی دو رۆژ، لە ٢١ـی نیسان تەرمەکەی لە یەکێک لە بینا تەواونەکراوەکانی هەولێر لەسەر رێگای کەرکوک دۆزرایەوە و دەرکەوت خۆی لە بیناکە هەڵداوەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە گیانی سپاردوە.