ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى وه‌سفی ده‌كرد و گۆگڵ یادی ده‌كاته‌وه‌

2022/04/23    824 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
ئه‌مڕۆ 23ى نیسان، وێبگه‌ڕى ناسراوى جیهانى: گۆگڵ، له‌ په‌ڕه‌ى سه‌ره‌كی خۆی دا، وێنه‌ى ژنه‌ شێوه‌كارى ناسراوى عێراقی: نه‌ریهه‌ سه‌لیم-ى دانابو، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى كه‌ به‌ یه‌كه‌م ژن داده‌نرێت رۆڵی له‌ بوارى هونه‌رى شێوه‌كاری عێراقی دا هه‌بوبێت.
 
نه‌زیهه‌ له‌ ساڵی 1927 له‌ دایك و باوكێكى عێراقی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌ خێزانێكى ئاره‌زومه‌ندى بواری هونه‌ر و رۆشنبیریی له‌دایكبوه‌، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق، له‌ ساڵی 1947 په‌یمانگاى هونه‌ره‌جوانه‌كانى به‌غداى ته‌واو كردوه‌، به‌هۆی سه‌ركه‌وتنى له‌و بواره‌دا، نێردراوه‌ بۆ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و له‌ پاریس بڕوانامه‌ى له‌ په‌یمانگاى باڵای هونه‌ره‌جوانه‌كانی وه‌رگرتوه‌، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ژن كه‌ بۆ خوێندن نێردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق.
 
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ عێراق، له‌ بوارى شێوه‌كاری و هه‌روه‌ها خوێندنى ئه‌كادیمیش به‌رده‌وام بوه‌، له‌ ساڵی 1945 له‌گه‌ڵ چه‌ند شێوه‌كارێكى تردا، گروپی شێوه‌كارانى هاوچه‌رخیان له‌ عێراق دامه‌زراند.
 
 
 
نه‌زیهه‌ سه‌لیم خاوه‌نى چه‌ندین تابلۆی ناوازه‌یه‌، كه‌ به‌شێك له‌وان له‌ مۆزه‌خانه‌ى عێراق و چه‌ند ناوه‌ندێكى دیكه‌ى هونه‌ریی نمایش كران، به‌ڵام له‌ تاڵانیه‌كانى سه‌روبه‌ندى ئازادكردنى عێراق له‌ ساڵی 2003، روبه‌ڕوى دزین و تێكدان بونه‌وه‌.
 
دیارترین تابلۆكانیشی بریتین له‌: په‌نجه‌ره‌ى كچه‌كه‌ى چه‌له‌بی، شه‌وى بوكێنى، خۆشیه‌كانى ژنێك و... هتد.
 
له‌ 15ـى شوباتى 2008 و له‌ته‌مه‌نى 81 ساڵی دا، نه‌زیهه‌ سه‌لیم له‌ به‌غدا كۆچی دوایی كرد، جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وسای عێراق، له‌ په‌یامێكدا بۆ مه‌رگی نه‌زيهه‌ ده‌ڵێت: "یه‌كه‌م ژنه‌ كه‌ رۆڵی له‌ چه‌سپاندنى پایه‌كانى هونه‌رى هاوچه‌رخی عێراقی دا هه‌بو".
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,290     ژمارەی میوان 484

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە