* نه‌وژین
جێگری سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، ده‌ستگیركردنى بكوژانى نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیف راده‌گه‌یه‌نێت.
قوباد تاڵه‌بانى، له په‌ڕه‌ى خۆی له فه‌یسبوك، له پۆستێكدا روى ده‌مى له (یامور) كچه تازه له دایكبوه‌كه‌ى نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیف كردوه و نوسیویه‌تى: "یامور گیان… کە له‌دایكبوویت، به‌ڵێنم پێدای ئه‌و كاته سه‌ردانت بکەم كه ھە‌واڵی ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كانی باوكت به خۆت و یارانی خوشكت بگه‌یه‌نم، وا دە‌ستگیركران".
ده‌شڵێت: "ئێوە دوو كیژۆڵه‌كه‌ی شه‌هید نه‌قیب محه‌ممه‌دن، سەربەرزن كە پیاوێکی مە‌ردی وە‌ھا باوکی ئێوە بوو".
ئه‌مه‌و تائێستا هیچ راگه‌یه‌نراوێك له‌لایه‌ن خێزانى نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیفه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیف، ئه‌فسه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی دژ به ژنان و خێزان له سلێمانى، شەوی ٤ـی ١٢ـی ٢٠٢١، له‌كاتى به‌هاناوه‌چونى ژنێك كه په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه كردوه به‌وه‌ى توندوتیژی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌كه‌ى دا له‌لایه‌ن باوك و كوڕێكه‌وه به‌ناوى (پشتیوان عەلی مستەفا و یوسف پشتیوان عەلی) ده‌ستڕێژى گوله‌ی لێده‌كرێت و له ئه‌نجامدا نه‌قیب محه‌مه‌د گیانی سپارد و چوار پۆلیسی هاوڕێی له مه‌فره‌زه‌كه‌دا بریندار بون. دواتر ئه‌و دو تۆمه‌تباره هه‌ڵهاتبون و واباس ده‌كرا هه‌رێمى كوردستانیان به‌جێهێشتوه، كه‌سوكارى نه‌قیب محه‌مه‌د و بریندارانى تریش چه‌ند جارێك داواى ده‌ستگیر كردنیان كردون.