ژنە دەربازبویەکی ھەڵەبجە: روداوەکانی ئۆکرانیا ھەڵەبجەم بیردێنێتەوە

2022/03/16    537 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ژنێکی دەربازبوی تاوانی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، یادەوەری خۆی لەو تاوانە دەگێڕێتەوە و باس لەوەدەکات شەڕی ئۆکرانیا روداوە تاڵ و ناخۆشەکانی کیمیابارانکردنی شارەکەی بەبیردێنێتەوە.
 
٣٤ ساڵ پێش ئەمرۆ، لە بەرواری ١٦-٣-١٩٨٨ شاری هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە کیمیاباران کرا، جگە لە ٥ ھەزار قوربانی و هەزاران بریندار، برینی دەرونی لە بیرەوەری چەندین کەسدا بەجێهێشتوە.
 
کۆچەر وەڵەدبەگی، ٣٩ ساڵ، ژنێکی رزگاربوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، کە ئەوکات تەمەنی تەنها ٥ ساڵ بو، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: زۆرینەی روداوەکانی ئەوکاتی بیرماوە.
 
شەڕی ئۆکرانیا و روسیا دوبارە کۆچەریان بردۆتەوە بۆ ٣٤ ساڵ پێش ئێستا، ئەو دەڵێت: "مناڵەکانی ئۆکرانیا ئەوکاتەی خۆمم بیردەهێننەوە کە بەسەر تەرمدا دەرۆشتم و جێمدەهێشتن، برسێتیم بیردەخەنەوە کە ئەوکات سێ شەو و چوار رۆژ هیچ نەبو بیخۆین".
 
باوکی کۆچەر پێشمەرگە بو بۆیە پێشوتر لێیان دابڕابو، کۆچەر لەگەڵ دایکی و خوشکێکی تەمەن ٢ ساڵ و نیو و برایەکی تەمەن ١٠ رۆژە هەوڵی خۆ رزگار کردنیان دەدا، بەهۆی کەمی تەمەنی خوشک و براکانی کۆچەر بەو تەمەنە کەمەی جگە لە خۆی دەبو لە خەمی ئەوانیشدا بێت.
 
کۆچەر، دەڵێت: "من بەهۆی ئەو روداوەوە لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە گەورەبوم، بیرمە ئەوکات پەڕۆی سەردەمی خۆمم دەدا بە دایکم تاکو بیدات بە براکەم دەمگوت با لەسەر دەمی ئەو بێت نەوەک بخنکێت".
 
کۆچەر ئێستا لە شاری سوید دەژی، هاوسەگیری کردوە و خاوەنی مناڵێکە، بەڵام هێشتا ئەو بیرەوەریە تاڵانەی لە دڵدا ماوە و دەڵێت: "هیواخوازم هیچ مناڵێک هەرگیز توشی ئەم جۆرە روداوانە نەبێت، چونکە من دوای ٣٤ ساڵ هێشتاش بەردەوام ئەو بیرەوەریانە لە مێشکمدان و بیرناچنەوە".


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,460     ژمارەی میوان 17

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە