* نەوژین
بکوژی ماریا سامی، ئەو ژنەی لە هەولێر لە شەوی ٦ی ئەم مانگە کوژرا و تەرمەکەی لەسەر جادە بەجێهێڵدرا، لەجیاتی ئەوەی دەستگیر بکرێت، کەچی بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆن لە رێگەی تەلەفۆنەوە شێوازی کوشتنی خوشکەکەی گێڕایەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی چالاکوان و رێکخراوەکانی لێکەتەوە.
شەوی رابردو و ھاوکات بە رۆژی جیھانی ژنان، کەناڵی کوردستان ٢٤، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکوژی ئیمان سامی ناسراو بە 'ماریا' کرد کە برایەکێتی، تیایدا بە تەواوی کاتی پێدا و باسی لە چۆنیەتی و پاڵنەرەکانی کوشتنی خوشکەکەی کرد، لەکاتێکدا ئەو کوڕە ھەڵھاتوە لە یاسا.
لە کاردانەوەی ئەم چاوپێکەوتنە، بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان و بەڕێوبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، سەرکۆنەی ئەم کارەی کەناڵی کوردستان ٢٤ دەکات و دەڵێت: "سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە تۆمار دەکەین و چیتر ناهێڵین ئەم پرسانە چاو پۆشبکرێن".
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی 'چمک'، کە رێکخراوێکە کار لەسەر پرسی میدیا دەکات، لە رونکردنەوەیەکدا سەرکۆنەی پرۆگرامەکەی k24 دەکەن و دەڵێن: "لە پرۆگرامەکەدا دەرفەت بە بکوژێک دراوە کە بە زمانی خۆی و زۆر بە رونیی باس لەچیرۆکی ھەڵکوتانە سەر خوشکێکی و دواتر کوشتنی بکات بەدەستی خۆی، ئەمجۆرە پرۆگرام و رووماڵکردنانە دژی پێوەرەکانی رێسا پیشەیەکانی راگەیاندنن".
هەروەک لە درێژەی رونکردنەوەکەدا دەشڵێن: ئەمجۆرە پرۆگرامانە تاوانکردن لە پێش چاوی بینەر ئاسایی دەکەنە، ئەمەش لە دواتردا سەردەکێشێت بۆ ئەوەی بینەر چاوی لێبکات و ھەوڵی لاساییکردنەوەی بدات، بەمەش پەیامی میدیایی دەبێتە ھۆکاری سەرەکیی بەرھەمھێنانی توندوتیژیی و بێبەھاکردنی رۆڵی پۆلیس و دادوەر".