مامۆستا چیمەن لە فێرکردنی ئەلف و بێ کوردیەوە بۆ سەرپەرشتیاری پەروەدەیی

2022/01/24    1247 جار بینراوە
 
* نەوژین - شۆخان حەمەساڵح
 
مامۆستا چیمەن، لە زەمەنێکدا لە سلێمانیەوە هاتۆتە گەرمیان مامۆستای ژن لە سنورەکە زۆر کەمبوە ئەمەی بە دەرفەت زانیوە تاببێتە پشتیوانی دەیان کچ بۆ خوێندن هەروەک رێچکەشکێنی کردوە لە بون بە سەرپەرشتیاری پەروەردەی لە سەر ئاستی گەرمیان.
 
چیمەن مەحمود عبدوڵڵا، ساڵی (١٩٦٢) لە شاری سلێمانی لەدایک بوە هەر لەوێ سەرجەم ئاستەکانی خوێندنی بڕیوە، پاشان خانەی مامۆستایانی لەسلێمانی تەواو کردوە. لە دیدارێکی ماڵپەڕی نەوژیندا  تیشک دەخەینە سەرئەزمونی و گفتۆگۆدەکەین لەسەر رۆڵی ژن لە بواری پەروەدەو هۆکاری نەهاتنە پێشەوەیان لە بەرپرسیاریەتیەکانی ئەم دەزگایە.
 
 *مامۆستا تۆ لە سلێمانی لە دایک بویت لەوێ بویت بە مامۆستا چۆن بو داتر هاتیتە گەرمیان لە سەردەمێک کە هێشتا قورس بو بۆ کچان بچنە بەر خوێندن؟
 
ئەزمونی مامۆستایم لە گوندی سێو سێنان سەر بەناحیەی قەرەداغ دەستی پێکرد لەساڵی (۱۹٨۰) بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەوێ وانەم دەوتەوە، پاشان بەهۆی ئەوەی حکومەتی بەعس ئەو ناوچانەی راگوزەر پێکرد گوندەکانی چۆڵ کرد چومە قوتابخانەی سورە قەڵات دواتر گوازرامەوە بۆ قوتابخانەی ۱۱ ئازار لەسلێمانی تا ساڵی(١٩٩٣) لەوێبوم، پاشان هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ کەسێک کە خەڵکی گەرمیان بو.
 
*ئەو دەمەی هاتیتە گەرمیان چۆن بو لەکوێوە دەستپێکرد ئەوکات خێزانەکان لەو ناوچەیە تێڕوانیان چی بو بۆ خوێندنی کچان و مامۆستایەکی ژن کە وانە بە منداڵەکانیان بڵێتەوە؟
 
لە ساڵی (١٩٩٣) هاتمە قەزای کەلار و لەگەڕەکی کەلاری کۆن نیشتەجێبوم، لە قوتابخانەی شێروانەی ئەوکات و (کەلاری بنەڕەتی ) ئێستا وەک مامۆستایی زمانی کوردی دەست بەکاربوم، ئەو دەمە خێزانەکان زۆر حەزیان بە خوێندنی کچ نەبو هێشتا رێگری لەبەردەم کچان هەبو، بەڵام هەندێک خێزان بە پێچەوانەوە بون کچەکانیان نابوە بەرخوێندن.
 
"ژنانی مامۆستا کاریان سنوردارکردوە بۆ خۆیان"
 
دواتر تۆ وەک یەکێک لەو مامۆستا ژنانەی کە کە بڕیارێکی جیاوازت دا ببیتە سەرپەرشتیاری پەروەردەی ئەوە چۆن بو لەگەڵ ئەوەشدا پاش ئەو هەمو ساڵە ئێستا لە گەرمیان ژنانی سەرپەرشتیار کەمینەن هۆکارەکەی بەڕای تۆ چیە؟
 
من لە ساڵی (٢٠٠٠)بوم بە بەڕێوبەر لەقوتابخانەی (خاک)ی بنەڕەتی ئەوکات، پاشان لەساڵی (۲۰۰٤) بوم بەسەرپەرشتیار لەبەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار، سەرپەرشتیاری خۆی پرۆسەیەکی تاقی کردنەوەیە، هەیە لەتاقی کردنەوە  دەردەچێ و هەشە دەرناچێت عادەتەن ژن هەیە دەوام و  منداڵەکەی بەهۆکار دەزانێت، یان ئیشی سەر پەرشتیاری زۆر ترەو هاوینانیش دەبێ دەوام بکەی بۆیە کەمتر ژنان خۆیانی لێدەدەن.
 
*باشە لەگەڵ کەمی مامۆستای ژن وەک سەرپەرشتیار پرسێکی دیکەش دێتە پێشەوە ئەوەش نەبونی بەڕێوبەری ژنە لە ئاستی پەروەدەکانی کەلار، کفری و گەرمیان ئەمەیان بۆ؟ هیچ دەستپێشخەریەک کراوە بۆ ئەوەی ژنێک ببێتە بەڕێوبەری پەروەدەی لە سنورەکە؟ 
 
دەستپێشخەری نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان خۆیان داواکاریان پێشکەش نەکردوە بۆ ئەو پۆستە ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت دەکرێت بە شێوازی دیکە حکومەت ئەوە رێکبخات.
 
 
 
* ئەم دیدارە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,816,562     ژمارەی میوان 1398

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە