پەیمان عزەدین: بەشداری سیاسی ژن لە هەرێم روکەشی تێنەپەڕاندوە

2020/12/18    1516 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، رێناس ساڵح
 
تاكه‌ ژن كه‌ وه‌كو رێكخه‌رى خۆپیشاندان له‌ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تى و خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى سنورى پارێزگاى سلێمانى ده‌ستگیر كرا، (په‌یمان عزه‌دین)ـه‌. له‌ دیدارێكى نه‌وژن دا باس له‌و روداوه‌ و هه‌روه‌ها به‌شداریی ژن له‌ خۆپیشاندانه‌كان و كۆی كارى سیاسى ده‌كات له‌ هه‌رێم.
 
* چۆن بو بڕیارت دا لە ئەنجومەنی "دەنگە ناڕەزایەکان" بەشدار بیت؟ بۆ ئەم ئەنجومەنەتان راگەیاند؟
 
ئەوەندەی بە بیرم بێتەوە من دژ بەم شێوازی حکومڕانیەی هەرێم بوم، ئەوکاتەشی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوم لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوم، هەربۆیە لە کوێ ناڕەزایەتی هەبوبێت دژبە ناعەدالەتی، پێشێلی مافی مرۆڤ و ژنان من لەوێبوم.
 
هۆکاری راگەیاندنی ئەنجومەنەکەش لەوەوه‌ سەرچاوەی گرت کە لە چەند هەفتەی رابردو گەنجان لە چەندین شار و شارۆچکە دەستیان بە خۆپێشاندان کردبو بێ پشتیوان بون و پەنایان بۆ دەیەها شێوازی ناڕەزایەتی برد، بۆیە ئێمە وەک هاوڵاتی و تاکێک ئەم نیشتیمانە کە کۆمەڵێک لە مامۆستای ناڕازی کەسایەتی سیاسی یاسایی و کۆمەڵایەتی بوین كه‌ بەیەکەوە بەردەوام باسی دۆخی خراپی سیاسیمان دەکرد، بڕیارماندا ببینە پشتیوانی ئەوان.
 
”هێزێکی رەشی دەمامکدار روبەڕومانبونەوە و بە بێ بڕیاری دادگا دەستگیرکراین“
 
* لە بارەی دەستگیرکردنەکەتەوە ئەمەوێت رونكردنه‌وه‌ى زیاترمان بده‌یتێ؟
 
ئێمە بانگەشەی خۆپیشاندانێکی هێمنانەمان کردبو، ئەو کاتەی دیاریمان کردبو لە شوێنی خۆپیشاندانەکە ئامادەبوین، سەرەتا هێزێکی دەمامکداری رەشپۆش هاتن زۆر نامەدەنی و بەشێوازێکی توندوتیژی مامەڵەی دەکرد، پێکدادان لە نێوان ئێمە و ئەواندا دروستبو، هێزەکەش دکتۆر شێرکۆ و عەبدوڵڵای مەلا نوریان دەست بەسەرکرد و بردیانن.
 
دواتر ئەو هێزەی کەمایەوە سەر بە فەوجی سێی لیوای یەکەی پاراستنی سلێمانی بو ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی، ئەوە بو منیشیان دەستبەسەرکرد.
 
* ئەو کاتەی دەستگیریانکردن و دواتریش کە لە زیندان بون چ جۆرە پێشلکاریەک بەرامبەرتان کرا؟
 
لە کاتی دەستگیرکردن و گواستنەوه‌مان ئەم هێزە هیچ جۆرە توندوتیژیەکیان بەرامبەرمان نەنواند، بەڵام پێشێلی سەرەتاییترین مافی دەستگیرکراوێکیان کرد، چونکە دەستگیرکراو بۆی هەیە خێزانەکەی ئاگەدار بکاتەوە ئه‌گه‌ر دەستگیربکرێت، به‌ڵام رێگەیان به‌ ئێمه‌ نەدا، بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیرکرابوین، نەمان دەزانی لەکوێوە دەمانبەن بۆ کوێ، لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئەوەمان نەبو پەیوەندی بە پارێزەرەوە بکەین كه‌ ئەمانە سەره‌تاییترین مافی هه‌ر دەستگیرکراوێکە.
 
 
”هەمو بریارەکانی پارتە سیاسیەکان پیاوانەیە، بەشداری ژنانیان بۆ مەبەستی دیکە“ 
 
* تۆ تاکە ژن بویت ئەو رۆژە دەستگیرکرایت، ده‌كرێت بزانین بەشداری ژنان لەخۆپیشاندانەکان چۆن دەبینیت؟
 
لەم چەند ساڵەی دوایدا لە چەندین خۆپیشاندان دەتوانین بڵین رێژەی ژن زیاتر بوە لە پیاو، ژنان بەردەوام لە خۆپێشاندانەکان رۆڵی کارایان هەبوە بەتایبەت لە شاری سلێمانی کە بەردەوام ژنان پێشەنگ بون لە ناڕەزایەتیەکان و داکۆکیکردنی لە مافی خۆیان.
 
* دەمەوێت لە بارەی بەشداری سیاسی ژنانەوە بپرسم، لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە، ئایا ژنان بە کرداری بەشداری سیاسەتن، یاخود بە روکەشی؟
 
کاتێک باس لە بەشداری سیاسی ژن دەکەین باسی حاڵەت ناکەین دەبێت بە گشتی بەشداریەکە بببینین، هەتاوەکو ئێستا بەشداری سیاسی ژن لە روکەش نەچوه‌تە دەرەوە، بەنمونە لە ناوەندی بڕیاری پارتە سیاسیەکاندا پیاوانن بڕیار دەدەن، لە دانوستانی پارتەکان لەنێوان یەکتر پیاوان بڕیار دەدەن، لە دانوستانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بەنمونە هەرپیاوانن قسەدەکەن و بڕیاردەدەن، بۆیە دەتوانین بڵێین ژن لێرە بەشداریەکی شکڵی لە سیاسەتدا هەیە.
 
* بەڵام حزبەکان وەک خۆیان دەڵێن ژنان بەشداریان کارایەو رۆڵیان هەیە شانبەشانی ئێمە، بۆ ئەمە چیتان هەیە؟
 
حزبەکان زیاتر بۆ دەرخستنی روخساری مەدەنیانەی خۆیان گرنگیان بە بەشداری ژنان داوە، ئەگینا وەک ناوەڕۆک من دەڵێم زۆربەی ئەو پارتانەی لە هەرێمن بڕوای تەواویان بە ئەقڵ و بەشداری راستەقینەی ژنان نیە.
 
”دەبێت دامەزراوەی خاوەن بڕیاری حزبەکان رێژەی کۆتای بۆ ژن لە ٤٠٪ کەمتر نەبێت“
 
* ئەگەر باردۆخی بەشداری سیاسی ژنان بەم شێوەیە بێت، کەواتە چۆن دەکرێت بەشداریەکە بکرێت بە کرداری و ژنان رۆڵ ببینن لە بڕیارە سیاسیەکان؟
 
حزب یەکەم پێگەی دەرخستنی توانای ژنە، پێویستە یاسای پارتە سیاسیەکان بەجۆرێک گۆڕانکاریان تێدا بکرێت کە رێژەی کۆتا بۆ هەمو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی خاوەن بڕیارەکانی حزب رێژەی کۆتای بۆ ژن لە ٤٠٪ کەمتر نەبێت، بەمە زەمانەتی ئەوە دەکەین لەناو پارتە سیاسیەکاندا ژنان بڕیار بەدەست بن، بەمەش پەرە بە تواناکانی سیاسی ژنان دەدرێت بەوەش لیستی حزبەکان لە پەرلەمان و حکومەت ره‌ونەقی راستی ژنی تێیدا دەردەکەوێت و سەدان و هەزاران ژنی سیاسیمان دەبێت و توانا و سیاسەتی ئەقڵی ژن لە کوردستان دەردەکەوێت، نەوەک بە ناچاری بۆ پڕکردنەوەی کۆتای لیستەکان لە پەرلەمان هەرژنێک بێت حزب دایبنێت.
 
 
”هیچ رێگریەک لە تواناکانی خۆم بەبەهێزتر نابینم“
 
* زۆرجار دەوترێت ژنان بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان و نالەباری ژینگەی سیاسی بوە بە رێگر لە پێشیان کە بونی خۆیان بسەلمێنن، ئەو روداوەی بەسەر تۆدا هات کاریگەری دەبێت لە سەر دەنگی ناڕەزایی پەیمان عزەدین؟
 
خێزان سەرەکیترین و گەورەترین پشتیوانیە بۆ ژن  بۆ هەر چالاکیەکی مەدەنی و سیاسی، چونکە رێگری لەناو خێزانەکەت نەبو ئەو کاتە تۆ بە متمانەیەکی زۆرەوە پەروەردە دەبیت، ئەو متمانە زۆرە وادەکات ژێردەستە نەبیت و بەربەستەکانی دەره‌وە زۆر بەگەورە نازانیت، بەنمونە قسەی کۆمەڵگە و رێگریە کۆمەڵایەتیەکان ناتوانن بە ئاسانی تێکیبشکێنن، لەبەر ئەوەی منیش لە خیزانێکی لەو شێوەیە پەروەردەبوم، بۆیە من بە بەهێزی دەمێنمەوە و هیچ رێگریەک لە تواناکانی خۆم بە بەهێزتر نابینم.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,998     ژمارەی میوان 3038

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە