* نەوژین - پەرژین کامەران
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بریاری( ١٣٢٥)لە ٣١ی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠٠٠)دەردەکات، بۆ ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی و پاراستنی ژنان و بەرقەرار کردنی ئاشتی، ئەو بڕیارە بەناوی (ئافرەت و ئاشتی و ئاسایش)کە تایبەتە بەو وڵاتانەی کە شەڕ و ململانێ و ناکۆکی چەکداری تیایە، ٩٢ وڵات پابەندی خۆیان بە بریارەکەوە دەربریوە، بۆیەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان پلانی تایبەت بەجێبەجێکردنی دادەنرێت.
خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەی باڵای کاروباری خانمان، لەدیدارێکی نەوژیندا باس لە بڕیاری (١٣٢٥) و گرنگی ئەم بڕیارە دەکات بۆ ژنان و پلانی جێبەجێکردنەکەی لە هەرێم دەخاتەڕو.
٭ ئەم بڕیارە لە ماوەی رابردودا کاری لەسەر کرا، بەڵام جێبەجێ نەکرا هۆکاری ئەوە چیبوە؟
وەک دەزانن لە رابردودا دو رەشنوسی پلان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری (١٣٢٥)ی نەتەوەیەکگرتوەکان (ئافرەت، ئاشتی، ئاسایش) لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە، سەرەڕای تێبینیمان لە سەر کەموکورتییەکانی پلانەکان، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هیچی لێ جێبەجێنەکراوە، کێشەی ئەو رەشنوسانەی پێشتر ئەوە بون کە یەکەم وەک پێویست لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە گرنگی پێنەدراوە. دوەم بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەکراوە. سێیەم، تایبەتمەندییەکانی ناوچە جیاجیاکانی تێدا رەچاو نەکرابو. چوارەم، هەرێمی کوردستان پلانی تایبەتی خۆی نەبوە، بەڵکو هەمو شتەکان بەشێوەیەکی سەنتراڵی لەلایەن حکومەتی بەغدادەوە دیکتە کرابون، هەروەها وەک پێویست هەماهەنگی لەنێوان هەردو حکومەتدا نەبو بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە.
”بۆ یەکەمجارە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی پلانی تایبەتی خۆیەتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە“
* ئایا ئەم جارە ئێوە دڵنیایی جێبەجێکردنی دەکەن؟
هەر لە دەستپێکی دەستبەکاربونم لەئەنجومەن لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ ئەوەی دیراسەیەکی وردی هەوڵەکانی پێشو بکەین و پاش ئەوەش لەگەڵ رێکخراوی ژنانی سەربە نەتەوەیەکگرتوەکان گفتوگۆمان کرد و پاشان لەگەڵ هاوکارانمان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان (بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی ژنان) کۆبوینەوە و باسمان لە داڕشتنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە. لەکۆتاییدا ئێمە لەگەڵ هاوکارانمان لە حکومەتی فیدراڵ چوارچێوە گشتییەکەمان دەستنیشان کرد و لەسەر ئەوە رێککەوتین کە هەر دو حکومەت بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆیان پلانی تایبەتی خۆیان هەبێت. بۆیە، بۆ یەکەمجارە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی پلانی تایبەتی خۆیەتی و دامەزراوەکانی حکومەت بە هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ لایەنی سێیەم و وڵاتە کۆمەکبەخشەکان دەست بە جێبەجێکردنی دەکەن.
هەولێر، کۆبونەوەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری(١٣٢٥) رۆژی (١٣/٩/٢٠٢١) وێنە: ئەنجومەنی باڵای خانمان
”دامەزراوەکانی پەیوەست بە ئافرەتان بەهێزتر دەکرێن“
* کەی ئەم بڕیارە ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ گرنگی و کاریگەری چی دەبێ بۆ پرسی ژن؟
دامەزراوەکانی حکومەت خەریکی ئامادەکارین بۆ جێبەجێکردنی لەساڵانی داهاتودا، چونکە پلانەکە بۆ ماوەی ٤ ساڵە، کاریگەرییەکەی ئەوە دەبێت کە خانمانی کوردستان بەشدارییەکی کارایان دەبێت لە کۆی بوارەکانی پەیوەست بە ئاشتی و رێگرتن لە تەنگژە و هەروەها هەوڵەکانی دوبارە بنیاتنانەوەدا، هاوکات بەپێی پلانەکە دامەزراوەکانی پەیوەست بە ئافرەتان بەهێزتر دەکرێن و لەو رێگەیەشەوە ژنان باشتر دەپارێزرێن.
* چۆن چاودێری جێبەجێکردنی دەکەن؟
دامەزراوەکانی حکوت بە هاوکاری لەگەڵ لایەنی سێیەم واتە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، زانکۆکان و رێکخراوە نێودەڵەتییەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش و دامەزراوەی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە هاوکاری لەگەڵ لایەنی سێیەم ئەرکی چاودێری جێبەجێکردنەکە دەگرێتە ئەستۆ.