گەرمیان: بۆ یەکەم جار ژنێک دەبێتە شۆفێری هێڵی گواستنەوەی گشتی

2021/09/13    2775 جار بینراوە
 
* نەوژین – پەرواز ئەحمەد، سارا فەرهاد
 
لە گەرمیان ژنێک دەبێتە شۆفێری تەکسی لە هێڵی گواستنەوەی گشتی، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن لە ناوچەکە ئەم کارە بکات. لە بارەی کارەکەشیەوە دەڵێت: ”روبەڕوی توانج بومەتەوە، بەڵام کارەکەی من سەربەرزیە“.
 
ڤیان رەمەزان، شۆفێری تەکسیەو ماوەی ساڵێکە لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەستی بەم کارەکردوە، کە گوستنەوەی سەرنیشینانە لە ناو شارو دەرەوەی شاریش، ئەو بۆ 'نەوژین' وتی: پێویستە خانمانیش هاوشێوەی پیاوان کاربکەن و بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، ئەم کارەم بۆ ئەوە هەڵبژاردوە لەسەر دەستی خۆم بژیم“.
 
بۆ ژنێک ئاسان نیە لە ناوچەیەکی وەک گەرمیان کە کارکردنی ژنان بەگشتی سنوردارە کاری گواستنەوەی گشتی بکات، ئەوەش بۆ ڤیان چەند هێندە کارەکەی قورسکردوە بەوەی روبەڕوی توانج بوەتەوە، بەڵام ئەو نایشارێتەوە کە کارەکەی سەربەرزیەو وتی: ”زۆر روبەڕوی توانج بومەتەوە لەلایەن پیاوان و خانمانیشەوە، بەڵام بەگشتی خەڵک لە کارەکەم رازیە و ئەوەی من دەیکەم کارێکی سەربەرازانەیە، بە ژنایش دەڵێم کە کارکردن سەربەزیە و رێگری نەیانوەستێنێت“.
 
بە وتەی بەڕێوبەری گوستنەوەو گەیاندنی گەرمیان 'ڤیان' یەکەم ژنە لەم سنورە ئەو کارەبکات. ئدریس محمد، بەڕێوەبەری بەشی گواستنەوە و گەیاندن لە ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند: ئەم خانمە تاکە شۆفێری تەکسی گواستنەوەی گشتیە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان کە مۆڵەتی پێدرابێت“.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,818     ژمارەی میوان 362

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە