چەند بوک و زاوایەک بڕیاردەدەن کچان وێنەگری رۆژی ئاهەنگەکانیانبن

2021/09/06    1262 جار بینراوە
 
* نەوژین – دەرون عومەر
 
کامێراکەی بەدەستەوەیەو ئەو چرکە ساتانەی بوک و زاواکە دەچرکێنێت کە بۆ هەمیشە لە یادیان دەمێنێتەوە، ئەم دیمەنە نامۆیە بەخەڵکی ناوچەکەی، بەڵام چەند کچە فۆتۆگرافەرێک رێچکەشکێنیان کردوە لەناوچەکەیان و دەیانەوێت رەونەقێکی ژنانە بە وێنەکانی شارەکەیان بدەن.
 
ئەمە دیمەنەکانی وێنەگرێکی کچە لە کاتی کارەکەیدا لەناو پارکێکی شاری کەلار، لە ئیدارەی گەرمیان کە لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵ دەبێت کچان لەم شارە هاتنە پێشەوەیەکی بەرچاویان بۆ کاری فۆتۆگرافی هەیە، ئەوەش بە وتەی خۆیان بەهۆی خولەکانی فۆتۆگرافیەوە بوە.
 
سارا حەکیم، یەکێکە لەو کچانەو تەمەنی(٢٥)ساڵە  بۆ نەوژین وتی: هەر لە منداڵییەوە حەزم بۆ وێنەگرتن هەبو، بەڵام هیچ زانیاریم لەباریەوە نەبو تاوەکو لەساڵی (۲۰۱۸)بەشداری خولێکی فۆتۆگرافیم کرد و گرنگی فۆتۆگرافیم زانی و هەر لە هەمان ساڵدا وەکو وێنەگر دەستم بە کارکرد.
 
بڕیاردان بۆ ئەوەی رۆژی هاوسەرگیریەکەیان خانمێک وێنەگریان بیت
 
هەرێز عوسمان، لە لایەن ئەم خانمانەوە کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە دەڵێت: خانمان خاوەنی توانا و هێزن ئەم کارە گەڵ توانای ئەوان دەگونجێت بە سەرکەوتو دەیانبینم، چونکە بە شێوەیکی وردتر کارەکانیان ئەنجام دەدەن .
 
 
بەتول و هاوسەرەکەشی لە رۆژی هاوسەرگیریان بڕیاریان دابو بۆ ئاهەنگەکەیان خانمێک کاری وێنەگریان بۆ بکات. ئەو دەڵێت: ”کۆمەڵگا ئەم کارە بەشەرم دەبینێ بۆ ئافرەت لە کاتێکدا بۆ پیاوان ئاساییە، ئێمە دڵخۆشین کچان لەم بوارەدا دەبینین“ . 
 
رێناس، کە کچە خوێندکارێکی زانکۆیە هەمان بۆ چونی هەیە وتی: ”کچان لە بواری فۆتۆگرافی بە سەلیقە و وردترن لە کارکردن، کاتێک لای وێنەگرێکی خانم کاری وێنەگرتم بۆ کرا زیاتر ئاسودە بوم چونکە باشتر لێم تێدەگەشت “.
 
”کاری گۆتۆگرافی بۆ ژنان قورسە بەڵام دەبێت زاڵبین بەسەر بەربەستەکانی“
 
ئەم خانمە فۆتۆگرافەرانە نکۆڵی لەوەناکان کارەکە بۆ ئەوان قورسە، بەڵام دەیانەوێت بیسلمێنن بە ماندوبونی خۆیان دەتوانن کاری قورسیش بکەن.
 
 وەک ئاڤان کەمال، تەمەن(٢٢) ساڵ  کە ماوەی ساڵێک دەبێت ئەم کارەدەکات بۆ نەوژین دەڵێت: ”بواری فۆتۆگرافی بوارێکە قورسە بۆ ژن، چونکە مەیدانیە پێویسی بە ئازادییەکی تەواو هەیە،  ئەمە لە کاتێکدا خانمان کێشەی چونە دەرەوەیان هەیە تەنانەت بۆ کڕینی پێداویستیەکانی خۆشیان، بۆ ئەمەش دەبێت خۆمان بەهێزکەین بە خوێندنەوە بزانین چۆن بژین و چۆن بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ“.
 
هەروەک سارا، باسی لێوەدەکات ئەوەی ئەوانی نیگەرانکردوە پشتیوان نەبونی ژنانە بۆ کارەکەیەیان بەشێوەیەک پیاوان پاڵپشتی بون بۆ کارەکەی و دەڵێت: ”ئەوەندە لە لایەن پیاوان پشتگیریم دەکرێت، لە لایەن خانمان پشتگیریم نەکرا و روبەڕوی رەخنە بومەوە، چونکە لەم کۆمەڵگە کاتێک خانمێکی بەهرەمەند ئەیەوێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و کار بکات لە بری ئەوەی پشتگیری بکەن بەربەستی بۆ دروست دەکەن، ئێمە کە مسوڵمانیان کارێک دینەکە رێگری نەکات ئیتر بۆچی بە قسەی کۆمەڵگا بمان وەستێنێت!“. 
 
پشتیوانی خێزان ئەو کچانەی کاری فۆتۆگرافی دەکەن هاوکاریان بوە کە بەهێزبن و ئاستەنگیەکان نەیان وەستێنێت.
 
هێڤین سەلام، تەمەن(۲٤)ساڵ  ماوەی چەند مانگێکە دەستی بەکارکردوە، باسی لە پشتیوانی خێزانەکەی بۆ 'نەژوین' بەم شێوەیە گێرایەوە: کاتێک بیرۆکەکەم بۆ ماڵەوە باسکرد بۆ ئەوە بو ئایا دەتوانم لەم کارە سەرکەوتوبم، چونکە دەمزانی رێگریم لێناکەن لەگەڵ ئەوەشدا وەک بەڵێنم پێداون ئەو ئازادیەی هەمە پارێزگاری لێ دەکەم“.
 
 
”نەبونی کامێر نەبوە رێگر لە کارکردنم“
 
هێڤین، نەبونی کامێرای پێشکەوتو کوالێتی بەرز نەبوە رێگر لە کارەکەی ئەو بیرۆکەی دیکە بۆ شوێنگرەوەی ئەوە بەکار دەهێنێت و دەڵێت: ”لە یەکەم رۆژی کارکردنم زانیم کامێرایەکی باشم نیە،  بەڵام ئەوە منی نەوەستاند بۆیە ئێستا کامێرا بە کرێ دەگرم بۆ کارەکانم“ . 
 
ئامارێکی ورد لە بارەی کارکردنی خانمانی فۆتۆگرافەر لە گەرمیان نیە چونکە شوێنی دیاری کراویان بۆ کارەکەیان نیە بەهۆیەی هەنگاوەکانیان نوێیە بۆ کارەکە و سەرەتان بۆ دەستبردن بۆ کردنەوەی شوێن و مۆڵەت دەرهێنان.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,171     ژمارەی میوان 4631

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە