کچانی گەرمیان: دەمانەوێت ببینە راگەیاندکار تاوەکو داکۆکی لە مافەکانی خەڵک بکەین

2021/08/04    2475 جار بینراوە
نەوژین
 
کچانی ناحەی رزگاری، دەیانەوێت ببن بە راگەیاندکار بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی خۆیان و خەڵکی ناوچەکەشیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دیکۆمێنتکردنی روداوەکانی تاوانی  ئەنفال دەکەن بە بەنمایی کاریان و دەیانەوێت ئەو کۆمەڵکوژیەیی بەسەر خەڵکی ناوچەکەیاندا هاتوە لە رێگەی نوسین و دیکۆمینتکردنیەوە بۆ نەوەکانی داهاتو ئەرشیف بکەن.
 
 
لە ناحیەی رزگاری سەربە قەزای کەلار دیجیتاڵ میدیای نەوژین و رادیۆی دەنگ خولێکی بنەماسەرەتایەکانی کاری رۆژنامەوانیان کردوە بە هاوبەشی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، بە وتەی زیاد فایەق، بەڕێوبەری پرۆژەکانی رێکخراوەکە لە گەرمیان:  لە خولەکەدا ٥٣ فێرخواز بەشداربون کە  ژمارەی کچان زیاتر بو بە ٢٨ فێرخواز.
 
”بوێری خۆم لە پێش پاڵپشتیەکانمەوەیە“
 
”پێشوتر بەدوای خولێکی ھاوشێوە لەناحییەکەمدا دەگەڕام، ئەم خولەی کرایەوە  دەرفەتێکی باشبو تا بتوانم بەژداربم“. ئەمە قسەکانی گوڵیشان فەیسەڵ، تەمەن (٢١) خوێندکاری بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی و لەم خولەدا بەشداربوە. 
 
 
گوڵیشان فەیسەڵ
 
ئەو بۆ نەوژین باسی لەو پاڵنەرانە کرد کە خولیایی بون بە راگەیاندکاری لەلا دروستکردوە وتی: پێم وایە میدیا دەروازەیەکی گرنگە بۆ پێشکەشکردنی ئەو بەھرەیەی کە لەناومدا بونی ھەیە، لەگەرمیان بەگشتیی و ناحییەی رزگاری بەتایبەت کچان دەرفەتی بەژدارییان لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا کەم و لاوازە، ئەمەش ھۆکاری یەکەمی خێزان و پاشان توانجەکانی کۆمەڵگەیە، ئەو بەشە کەمەی بەژداریی بوارە جیاوازەکان دەکەن، یان پاڵپشتی خێزانە، یان بوێری خۆیانە.
 
ناشیشارێتەوە ئەو بوێری خۆی لەپێش پاڵپشتی خێزانەکەیەوەبوە، بەڵام خێزانەکەشی هۆکاری بەردەوامیەکەی بوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوێری تاک لەم بوارە لەهەمو شت بە گرنگتردادەنێت.
 
 
"داکۆکی لە مافی خۆمان و خەڵکی ناوچەکەم دەکەم"
 
”گرنگی بونی کچانی راگەیاندن کار لەناحێکەمان  ئەوەیە  ئەتوانن داکۆکی لەمافەکانی خۆیان و خەڵکی ناحێیەکە بکەن بەبێ جیاوازی ئافرەتیش ئەتوانێت  ببێت بەڕاگەیاندن کارو ڕۆژنامەنوسی بکات“. سارا محەمەد، فێرخوای خولەکە وادەڵێت.
 
 
سارا محەمەد
 
ئەو تەمەنی ١٩ ساڵە، روداوە ناخۆشەکان و پێشکردنی مافەکان بون بە پاڵنەری بۆ ئەوەی لە رێگەی راگەیاندوە بیگەیەنێت و چارەسەر بکرێن.
 
 
”دیکۆمێنتی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئەنفال دەکەم“
 
ناحیەی رزگاری، لە گەرمیان شوێنی کەس وکاری ئەنفالکراوانی ئەم ناوچەیە وەک پەرواز ئەحمەد، دەڵێت: ”ئەوە خەونمە وەک کەسوکاری ئەنفال بتوانم چیرۆکەکانیان بنوسمەوە، ئەمەش ئەو دەرفەتەبو کە هاتە پێشم بۆ ئەو کارە“.
 
پەروازی تەمەن(٢٥) ساڵ جەختی لەوەکردوە کە ئەو هۆکارەی پاڵنەری بوە و خەونی بون بە راگەیاندکاری لەلا دروستکردوە کەمی راگەیاندکاری کچ بوە لەناحیەکەیان و ناوچەکەیان.
 
 
پەرواز ئەحمەد
 
هاوشێوەی پەرواز، سنور فائق تەمەن (٢٤) ساڵ دەرچوی بەشی زانستەکۆمەڵایەتیەکانی زانکۆی گەرمیان، باسلەوەدەکات ئەوان گروپێکن سەربە ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، لەپرۆژەیاندایە  روداوەکانی ئەنفال لەگەرمیان  دیکۆمێنت بکەین.
 
”دەمانەێت ئەو کارەساتە دڵتەزێنە وەکوخۆی بگەیەنین و بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیشمان بەبابەتێکی سادە وەرنەگیرێت، ئەمەش پێویستی بە خولێکی هاوشێوەبو بۆ ئەوەی بتوانینن دیدارو چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین خودی خۆشم  خولیای کاری ڕۆژنامەگەری و کۆکردنەوە بەڵگەو داتاو زانیارم هەبوە“. 
 
تاوەکو ئێستا رێگری خێزان بەردەوامە بۆ کارکردنی کچان
 
 
لە ئیستادا بەبەراورد بەساڵانی  ڕابردو بەشداریکردنی  کچان لە خول و سیمینارە جۆراوجۆرەکانی و  ئیش و کاری دەرەوە زیادی کردوە، بەڵام سنور پێی وایە هێشتا  هەمو خێزانەکان رێگە بەکچانیان نادەن بۆهەرکارو پیشەیەك ئەوەش دەبەستێتەوە بە کۆمەڵێک هۆکاری وەک  دابونەریت و کلتور.
 
ئەو هەندێک میدیاکاری رەگەزی مێ بەهۆکارێکی دیکە دەزانێت بۆ رێگری خێزانەکان لە کچەکانیان کە بێنە بواری راگەیاندوە کابکەن و تی: بەشێک لەو کچانەی هاتونەتە  نێو  دنیای راگەیاندو کاری ڕۆژنامەوانی، بەشێوەیەکی گونجاو نەبوە، کە ئەکرێ لەڕێیەوە توشی لادانی کۆمەڵایەتی بوبن، ئەمەش بەهۆکارێکی زەق دەبینم، کە وا لەخێزان بکات رێگربێت لە کچان بۆ نێو دنیای راگەیاندن.
 
 
سنور فایەق
 
هەروەک سنور، ئەم خولانە بە گرنگ دەزانێت وەک دەرفەتێکی دەستکەوتنی کار بۆ کچان و کوڕانی ناوچەکەیان.
 
بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆری کچان لەم خولە رۆژنامەوانیەدا ئەو راستیە پیشاندەدات کە تێڕوانی خێزانەکان بۆ بەشداری کردنی کچەکانیان لە بوارە جۆربەجۆرەکان هەروەک خۆشیان جەختدەکەنەوە کە بونیان لە مەیدانەکە بۆ داکۆکردنە لە مافەکانی خۆیان و خەڵکی ناوچەکەیان.
 
بە وێنە چەند دیمەنێک لە چالاکی خولەکە
 
 

 

 

 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,864     ژمارەی میوان 408

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە