ئیتڵاعات هەوڵی رفاندنی ژنێکی چالاکوان و رۆژنامەنوس دەدات و دەزگای FBI رزگاردەکات

2021/07/15    145 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ژنێکی رۆژنامەوان و چالاکوانی ئەمەریکایی بە رەچەڵەک ئێرانی کە دانیشتوی ناوچەی برۆکلینی ویلایەتی نیویۆرکە، لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکاFBI ئاگادارکرایەوە کە ئیتلاعاتی ئێران دەیەوێت بفڕێنێت و بەرەو ئێرانی بباتەوە.
 
مەسیح عەلی‌نەژادی تەمەن44 ساڵ کە بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا کاردەکات، لەسەر تویتەرەکەی بڵاویکردوەتەوە کە چۆن پـۆلیس لە بەردەمی ماڵەکەی پاسەوانی دەکەن و نوسیویەتی" سوپاسی دەزگای FBI دەکەم لە بەرامبەر پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ رفاندم. ئەم پیلانگێڕیـیە هی سەردەمی روحانیـیە. ئەمە ئەو رژێمەیە روحوڵڵا زەمی رفاند و لەسێدارەی دا. هەروەها جەمشید شارمەهد و زۆر کەسی دیکەی رفاند و زیندانی کردن".
 
مەسیح دەڵێت 8 مانگ لەمەوبەر کاربەدەستان لە FBI هاتون بۆ ماڵەکەی و پـێیان وتوە تۆ ژیانت لە مەترسیدایە، بەڵام ئەو بڕوای نەکردوە و پـێکەنیەوە و تویەتی من لە ئەمەریکام بۆچی سەلامەت نیم، ئەوانیش پـێیان وتوە نەخێر بە راستمانە و ئەمە وێنە و ڤیدیۆی خۆت و خێزانەکەتە کە لە لایەن بەکرێگیراوانی ئێرانەوە گیراون. دەشڵێت شۆکبوە کاتێک بینیویەتی وێنەی هاتوچۆی رۆژانەیان گرتوە و هەروەها وێنەی هاوسەرەکەی و منداڵەکانیشی.
 
دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک دوێنێ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا تاوانبارانی ئەم پیلانگێڕیـیەی راگەیاند کە 4 ئێرانین. وێنە و زانیاری لەسەر هەریەکەیان بڵاوکردوەتەوە.
 
بەپـێی بەیاننامەکە، ئێران لە ساڵی 2018 وە هەوڵی رفاندنی ئەم خانمەیان داوە، ئەویش بە فریودانی لە ڕێگەی خزمەکانی لە وڵاتانی دیکە هەتا بچێت بۆلایان و لەوێ دەستگیری بکەن، بەڵام خزمەکانی ئامادە نەبون ئەو کارە بکەن، بۆیە شکستیان هێناوە.
 
لە دەوروبەری مانگی شەشی ساڵی 2020 دەزگا سیخوڕیـیەکانی ئێران پلانیان دانا، ئەم ژنە چالاکوانە لە ناو خاکی ئەمەریکاوە بفڕێنن، ئەویش لە نیویۆرکەوە بە بەلەم و پاپـۆڕ بیفڕێنن بۆ ڤەنزوێلا و لەوێشەوە بیبەنەوە بۆ ئێران. دواتر دەزگای FBI بە پیلانگێڕیـیەکەی زانی و ژیانی مەسیح عەلی‌نەژادیان رزگارکرد.
 
سەرچاوە/ دەنگی ئەمریکا
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 182,431     ژمارەی میوان 16