کوشتنی ژنی کورد بە بیانوی شەرف دەنوسرێتەوە

2021/07/07    1521 جار بینراوە
 
* نەوژین – پەرژین کامەران
 
ئەو ژنانەی کوژراون بە بیانوی شەرەف بۆ کوژراون؟ چیرۆکی پشت پەلاماردانی پیاونی کورد چیە بەرامبەر ژنان و کۆتایی هێنان بە ژیانیان لە ژێرناوی شەرف، ئایا ئەوەی کورد پێی دەڵێت شەرەف لە راستیدا پەیوەستە بە ژنەوە وەڵامی ئەم پرسیارانەو چیرۆکەکانی کوشتنی ژنان لە کتێبێکدا بڵاوکرایەوە.
 
کوشتنی ژن بە بیانوی شەرەف، بریتیە لە چیرۆکی راستەقینەی پێنج ژنی کوژراوی هەرێمی کوردستان، ئەم چیرۆکانە لە واقیعدا رویانداوە ،بەشێوەیەکی هونەری دەستکاری ناو شوێن و کاتی روداوەکانی هەر پێنج چیرۆکەکە کراوە و لە لایەن نوسەرەوە داڕێژراوەتەوە.
 
نەوزاد ئەحمەد، نوسەری کتێبی کوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەف دەڵێت: ”چەمکی شەرەف بریتییە لە کارکردنی یاسایی، رێزگرتن لەیاسا، دەستپاکی، پابەندبون بە بەها مرۆییەکان، رێزگرتنی جیاوازی، ئەمانە چەمکی شەرەفن نەک ئەوەی شەرەف واتا لە جەستەی ژن“.
 
 
مەراسیمی بڵاوکردنەوەو ناساندنی کتێبی کوشتنی ژن بە بیانوی شەرەف وێنە: رێکخراوی CDO
 
نوسەر لە کتێبەکەیدا باسیلەوەکردوە، بێشەرەفی بریتیە لە گەندەڵی، ناهەقی، دزی ،بەرتیل خۆری، فرۆشتنی شتی ماوە بەسەر چو ئەمانە ئەچنە بابەتی بێشەرەفییەوە، بەگشتی دژی ئەو چەمکە باوەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا دواکەوتوەکانداهەیە.
 
نەوزاد ئەحمەد، ئامانجی کتێبەکەی گرێدایەوە بە بەرزکردنەوەی هۆشیاری گەنجان، لە ئاست کێشەیەکی ترسناکی وەک ئەم کێشەیە، کوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەف بۆ راکێشانی سەرنجی گەنجانە لەو مەسەلەیە، ئاستی هۆشیاری بە جۆرێک بەرز بکرێتەوە، لە هەمو کێشەکاندا پەنا نەبرێتە بەر کوشتن ،بەڵکو گفتو گۆکردن و جیابونەوە هەیە.
 
نوسەر دەڵێت: هۆکاری ئەوەم خستوەتەڕو کە بۆچی پیاوان یەکسەر پەلاماری ژن دەدەن، لەو تێگەیشتنەوە کە ژن شەرەفی ئەوانە، راستەوخۆ چاویان لەسەر جەستەی ژن ئەبێت.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,291     ژمارەی میوان 485

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە