لەبەرامبەر هەڵوێستی ژنە پزیشکێک وەزیری تەندروستی فەرمانێک دەردەکات

2021/04/28    626 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
دوای ئەوەی خانمە پزیشکێک لە شاری هەڵەبجە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی لە کەرتی تەندروستی پارێزگاکە ئاشکراکرد، لە هەمان رۆژ وەزیری تەندروستی بە فەرمانێکی وەزاری لیژنەیەکی لە ئاستی باڵای وەزارەت دروستکرد بۆ بەدوداچونی قسەکانی.
 
رۆژی ٢٧ ئەم مانگە دکتۆر باخان ئازاد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەڵەبجە رایگەیاند:  بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گیانی خەڵکی هەڵەبجەی خستوەتە مەترسییەوە، کەرتی تەندروستی هەڵەبجە کراوەتە قوربانی کەسێک“.
 
لە گەڵ ئەوەشدا چەند زانیاریەکی لەو بارەیەوە ئاشکراکردو وتی: ”لەناو نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجەدا بەیانیان پارەی نەشتەرگەری لە نەخۆش وەردەگیرێت، هەروەکو نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ گیرفانی پزیشکەکانە نەوەک حکومەت“.
 
وتیشی: ”ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەمان لە بەردەستە داومانەتە دەست داواکاری گشتی و ناوی ئەو کەسانەشی تێدایە کە بە ناوی پزیشکی بەنجەوە نەخۆش بێهۆش دەکات، یاخود پەنجەمۆر بە کەسوکاری نەخۆش دەکەن بێ ئەوەی پزیشکی بەنجی پسپۆڕ ئامادە بێت، بۆیە خەڵکی هەڵەبجە لە مەترسیدایە و دەبێت هەرچی زوە ئەو گەندەڵیانە بنەبڕ بکرێت“.
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەوەشی خستەڕو لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا بە ئارەزوی پزیشک نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت، کە ئەمە گەندەڵییە، لەکاتێکدا پێویستە نەشتەرگەری فریاکەوتن ئەنجامدرێت، بەڵام ئەنجامی نادەن و رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەکرێت.
 
دوا بەداوی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە هەمان رۆژ دکتۆر سامان حسێن، وەزیری تەندروستی لە رێگەی فەرمانێکی وەزاریەوە لیژنەیەکی باڵای لەئاستی وەزارەت پێکهێنا بۆ بەدواداچون لەسەر قسەکانی، هەروەک دکتۆر رەهێڵ فەریدون، بریکاری وەزیری وەک سەرۆکی لیژنەکە دەستنیشانکرد.
 

فەرمانەکەی وەزیری تەندروستی وێنە: وەزارەتی تەندروستی



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,126     ژمارەی میوان 721

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە