دابو نەریت و "عیبە" تاوانەکانی ئەنفالی دژ بە ژنان شاردەوە

2021/04/14    2099 جار بینراوە
 
* نەوژین - رێناس ساڵح
 
بێدەنگی ئەو ژنانەی بونە قوربانی تاوانی ئەنفال بەهۆی ئەو باردۆخە کۆمەڵایەتیە داخراوەی بۆ ژنان بەگشتی لەکوردستان بەتایبەت لەگەرمیان هەیەو هەبوە وایکرد بەشێک لە تاوانی ئەنفال و روداوەکانی ئەو جینۆسایدە بۆ هەمیشە بە بێ چیرۆک خوانێک ونببێت.
 
نەوژین، لە دیدارێکی لەگەڵ سروە محەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای رێکخراوی داکۆکیکردن لە کەیسی ئەنفال، گفتوگۆی لەسەر تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و لێکەوتەکانی ئەوتاوانە لەسەر ژنان کرد.
 
* سەرەتا دەمانەوێت باس لە ئامار و داتاکانی تاوانی ئەنفال بکەین هیچ داتایەکی دروست هەیە لەبارەیەوە لەگەڵ ئەوەشدا ژنان رێژەی چەندی قوربانیەکان بونە؟
 
هیچ داتایەکی ورد لەسەر ئەوە لەبەردەست نیە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی شەهیدانیش زانیاری نیە لەبارەی ئەوە، قسەهەیە کە لە وەزارەتی شەهیدان ئامارێکی واهەبێت کە جیاکاری بۆ رەگەز کردبێت، بەڵام ئەوەی لای ئێمەهەیە ئەوەیە 182 هەزار کەس بونەتە قوربانی ئەم تاوانە.
 
”هیچ داتایەکی فەرمی لەسەر رزگاربوانی تاوانەکە نیە“
 
* کەواتە بۆ ژمارەی رزگابوانیش داتایی راستەقینە نیە؟
 
نەخێر لەبەر ئەوەی ئێستا بەشێکی زۆری ئەو کەسانە لە ژیان نەماون.
 
 
سروە محەمەد، تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفال دادەنێت  لە ناحیەی رزگاری وێنە: بەڕێوبەرایەتی ناحیەی رزگاری
 
* لە نەبونی داتایەکی ورد لەسەر ئەم کەیسەو قوربانیەکانی پێتان وانیە کەمتەرخەمی هەیە؟ چونکە ئەگەر وابێت کەواتە حکومەت و رێکخراوەکان چۆن بەدەم قوربانیە رزگابوەکانەوە چون بەتایبەت ژنان کە دوای تاوانی لەم شێوەیە باردۆخێکی زۆرسەخت لە رێگەیان دەبێت؟
 
رەنگە نەتوانین بڵێین کەمتەرخەمی، چونکە ئەم تاوانە کاتێک بوە سێ ساڵ دوای ئەوەش حکومەتی بەعس لەم ناوچەیە حکومی کردوە، دواتر دوای ئازادکردنی کوردستان و راپەڕینیش حکومەتی کوردی بە باردۆخێکی خراپی ئابوریدا رۆشتوە نەیتوانیەوە کارێکی لەو شێوەیە بکات.
 
 
* باشە دواتر دوای ساڵی 2003 چی کرا؟ بەتایبەت چۆن دەرفەتی کار بۆ ئەو ژنانە نەڕەخسا ئەبین چۆن ئەو ژنانە کاری زۆر قورسیان کردوە یان دەیکەن بۆ بژێویان؟ هۆکاری ئەمە چیە؟
 
رەنگە بابەتەکە هەر پەیوەندیداربێت بەوەی تاوانەکە ئەوکات زۆری بەسەرچوبێت و کەسەکانیش بەتەمەن بون باشترین کار بۆئەوان ئەوە بوە حکومەت موچەیەکی شایستەیان بۆ دابینبکات لەگەڵ ئەوەی تاڕادەیەک ئەتوانین بڵێین حکمەتیش هاوکاریان بوە لە زەوی و موچە، بەڵام بە گوێرەی پێویستی و شایستەی ئەوان نەبوە.
 
 
سروە محەمەد، لێدوان لەسەر چالاکیەک لەسەر مەزاری ئەنفال لە ناحیەی رزگاری وێنە: بەڕێوبەرایەتی ناحیەی رزگاری
 
* لەم تاوانە ژنان هاوشێوەی جینۆسایدەکانی دیکە روبەڕوی کۆمەڵێک توندوتیژی بونەتەوە، لەسەر بنەمای جێندەر. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ژنانی رزگابو بێدەنگ بون ئایا کۆمەڵگە دەروی هەبو لەمە یان ژنان بۆچی روداوەکەیان وەک خۆی بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەگیاندوە؟
 
” داب و نەریت و وشەی 'عیبە' نەیهێشت تاوانەکە وەک خۆی لە زاری ژنان بگێڕدرێتەوە“
 
ئەتوانم بڵێم سەد لەسەد دابو نەریت بەتایبەت وشەی "عەیبە" وایکرد ژنانی رزگابوی ئەنفال بێدەنگ بن و نەیان توانی دەنگ هەڵبڕن و تاوانەکە وەکخۆی بەگوێی جیهانی بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا راستە کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەبو، بەڵام عیبە هۆکارێک بو بۆ بێدەنگ بونی ژنان هەروەها ئەو ژنانەشی کە ئازادکران زۆربەیان بەتەمەنەکان بون گەنجەکان یان زیندەبەچاڵ کراون یان کەس نازنێت چیان لێبەسەر هاتوە کە بەگوێرەی گێڕانەوەکان ئەوان زیاتر روبەڕوی تاوان لەسەربنەمای جێندەربونەتەوە.
 
* ژنان لە تاوانێکی وەک ئەنفال رونە توشی چ باردۆخێکی دەرونی بون ئەمە بۆ پیاوانیش راستە، بەڵام ژنان زیاتر لەپێشن بۆ ئەم بارودۆخە، بۆچی هیچ سەنتەرێکی دەرونی یان نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە قوربانیان نیە لە سنوری گەرمیان کە زۆرترین قوربانی ئەم تاوانە لەم ناوچەیە؟
 
”ئەو سەنتەرە دەرونیەی بۆ کەسوکاری ئەنفال دروستکرا بیناکەی کراوە بە بەڕێوبەرایەتی“
 
ئەمە سەرەکیترین داواکاری ئێمەیە دەیان ژن لەبارودۆخێکی سەختی دەرونین ئەوان پێویستیان بە چارەسەر و رێنمونیە، زۆر جەختمان لە گرنگی ئەمە کردوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی (2010 بۆ 2011 ) سەنتەرێکی دەرونی لە ناحیەیی رزگاری بیناکەی تەواوبو کەچی بەهۆی نەبونی پسپۆڕیەوە بیناکە درا بە بەڕێوبەرایەتی شەهیدان. ئێمە داوامانکردوە وەربگیرێتەوەو بکرێتە سەنتەری دەرونی.
 
 
* ئەوندەی ئێوە قسەتان کردبێت لە گەڵ ژنە قوربانیە رزگابوەکان چ شتێک بۆ ئەوان زۆر سەخت بوە.
 
ئەوندەی ئێمە تێگەشتبین لەو ژنانە تاوانی دابڕانیان لە خێزان و جیاکردنەوایان لە دایک و باوک کەس و کاریان یان جیاکردنەوەی ژن لە هاوسەرەکەی و بێسەرو شوێن بونی لەگەڵ ئەمانەشدا ئەوکات لەم ناوچەیە ئەرکی ئابوری ماڵ و خێزان لەسەر پیاو بوە کەچی ئەوان لە پڕ ئەو ئەرکەیان کەوتۆتە ئەستۆ زۆر سەخت بوە بۆیان.
 
 
* چارەسەری بەپەلەو پێویست بۆ ئێستای ژنانی رزگاربوی ئەنفال چیە؟
 
گرنگترین شت بۆ ئەوان سەنتەری دەرونی و هۆشیاری لەگەڵ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستەبۆیان.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,798,585     ژمارەی میوان 1626

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە