* نەوژین
ئەو ژنەی لە قەزای کفری بەهۆی سوتانەوە گیانی لە دەستدا لێکۆڵینەوە سەرتایەکان هۆکاری سوتانەکەیان ئاشکراکردوەو وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان دەڵێت: تا ئیستا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە.
درەنگانێکی شەوی رابردو ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵ لە قەزای کفری بە سوتاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە قەزای کەلار. رزگار کەریم، یاریدەدەری بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەش بە '
نەوژین'ی راگەیاند: ” کاتژمێر(٣:١٠) شەوی رابردو ژنێک بەناوی (ل.ف) بە سوتاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان، سوتاویەکەی سەدا سەد بو هەمو جەستەی سوتابو پێش گەشتنی بە ئێرە گیانی لە دەستدابو“.
(ل.ف)لە دایک بوی ساڵی (١٩٦٨) کاتژمێر (١:٣٠) شەوی رابردو لە ماڵەکەی خۆیان لە قەزای کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان سوتا. هاوسەرەکەی و کورێکی ئاسەواری سوتاوی بەجەستەیانەوە. بەشێوەیەک سوتاوی کوڕەکەی زۆرەو پزیشک رەوانەی سلێمانی کردوە، لەسەر روداوەکەش پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە.
لێکۆڵینەوەکان چیان دەرخستوە؟
ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە گەرمیان، بە 'نەوژین'ی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی بە مردوی گەیەندرایە نەخۆشخانە وتەی لێوەرنەگیراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرتایەکان و بۆ شوێنی روداوەکەو چۆنیەتی گیان لە دەستدانی دەریخستوە روداوەکە خۆکردی بوە و بە نەوت خۆی سوتاندوە لە ماڵی خۆیان“.
وتیشی: ”هیچ کەسێک لەسەر روداوەکە دەستگیرنەکراوە“. لەسەرتایی لێکۆڵینەوەکاندان کەشفی شوێنی روداوەکە کراوە وتە لە کەس و کار و هاوڕێ و دراوسێکانیان وەردەگیرێت تا ئەوکاتەی دەگەنە دەرئەنجامی کۆتایی و پاڵنەر یان بکەری پشت روداوکە ئاشکرادەبێت بەردەوام دەبن.
لە ماوەی ساڵی رابردو لە گەرمیان ٢ حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان تۆمارکراوە و لە ماوەی ئەمساڵیش بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان ئاماری مانگی یەکی بڵاوکردەوەتەوە کە یەک حاڵەتی سوتانی ژنانی تێدا تۆمارکراوە.