* نهوژین - رێناس ساڵح
"هەوڵی کوشتنم دەدەن"، ئەمە نوسراوی سەر سکاڵاکەی هاوژینە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی کێشەی خێزانیەوە هاوسەرەکەی جێهێشتوە و گەڕاوەتەوە ماڵە باوانی، بهڵام ماڵه باوانیشی نهبوه پهناگهى، ههتا رۆژی (٢٧/٣/٢٠٢١)، لەلایەن برایەکیەوە له گوندى (چهورى) سهر به ناحیهى نهوجولی قهزاى كفری له گهرمیان، ١٦ فیشەک بە جەستەیەوە دەنرێت. 'بکوژهكهى' دوای ٣ رۆژ دهستگیر دهكرێت و دان بەوەدادەنێت کە باوک و برایەکی و زاواکەشیان که هاوسەری خوشکە کوژراوەکەیەتی، هاوکاری بون لە تاوانەکە.
بۆ کوژرا؟
هاوژین، تهمهنى ٢٥ ساڵ بو، هاوسەرگیری کردبو و دایکی دو مناڵ بو، بە وتەی شایەتحاڵەکانی روداوەکە، پێش چەند ساڵێک تۆمهتباركراوه به بونى پەیوهندیەکی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێک دا، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ سکاڵایەکی یاسایی بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە بەردەست نیە، هاوسەرەکەشی سێ جار لە رێگەی دادگاوە داوای گەڕانەوەی کردوە، بەشێوەیەک ماڵی باوکی هاوژینی تۆمەتبار کردوە بە رێگریی کردن لە ژنەکەی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای.
شایهتحاڵێك كه ناوى لای نهوژین پارێزراوه، وتى: هاوژینەکەی لە داگا وتبوی "هەر شتێک بوە من نامەوێت ژیانی خێزانەکەمان تێکبچێت، ئەمەوێت دایکی مناڵەکان بگەڕێتەوە بۆلام و من قبوڵمە، بەڵام هەستدەکەم خێزانەکەی رێگری لێدەکەن بگەڕێتەوە بۆلام".
ئەم قسانەی لە کاتێکدایە كه برا 'بکوژهكهى' هاوژین لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانی بەوەداناوە یەکێک لە هاوکارەکانى بۆ کوشتنی خوشکەكهى، مێردەکەی بوە.
هەر ئەوکات لەسەر یەکێک لە سکاڵاکانی، دادگای ناحیەی رزگاری لە گەرمیان، بانگی هاوژین دەکات و ئەویش لەبەر دەم دادوەر دەڵێت: "خێزانەکەم هیچ رێگریەکم لێناکەن له گەڕانەوە بۆ لای مێردهكهم، بەڵکو ئەوە خۆمم کەنامەوێت بگەڕێمەوە بۆلای". خێزانەکەی هاوژینیش دڵنیایی دەدەن لە بەردەم دادوەر کە ئەوان رێگرن نین لە گەڕانەوەی کچەکەیان بۆلای هاوسەرەکەی.
چەند شایەتحاڵێکی ئەم دۆسیەیه بۆ نەوژین ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد: ئەم کێشەیە کۆنە و ئەو کەسەی كه دهوترێت ئەم ژنە پەیوەندی خۆشەویستی هەبوە لەگەڵی دا، لە نەتەوەی عەرەب بون و کوژراوه، بە دەستوری عەشایەری 'غسل عار'یان کردوە کە دەبێت هەردو کەسەکە بکوژرێن یاخود ئەو شوێنە بەجێبهێڵن.
بەڕێوبەری ناحیەی نەوجول ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە بۆ نەوژین کە ئەم خێزانە خەڵکی گوندی 'چەوری' نین کە سەربەناحیەکەیانه و روداوەکەی تێدا رویداوە، وتى: ئەوان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە زێدی خۆیان جێهێشتوه.
كاتى گولەبارانكردنى هاوژین
میلی کاتژمێرەکە نزیک دەبێتەوە لە کاتژمێر (١١:٣٠)ى پێشنیوهڕۆ، لە پڕ دەنگی گولە و دواهەناسەی پڕهاواری ژنێک گوند رادەچڵەکێنێت، ئەوان شۆک دەبن لە بەردەوامی دەنگى فیشەکەکان تا دەگەنە ماڵی هاوژین.
جەمال ساڵح، بەڕێوبەری ناحیەکە دەڵێت: خەڵکی گوند و دراوسێکانی گەشتونەتە شوێنی روداوەکە و پۆلیسیان ئاگەدارکردوەتەوە، کاتێک پۆلیس گەشتوە تاوانبار هەڵهاتوە.
شایەتحاڵەکانی روداوکە وتەی خۆیان داوە و خێزانەکەشی دانیان بەوەناوە کوڕەکهیان بەناوی (ت. م. ک) کە تەمەنی (١٦) ساڵە، تاوانەکەی ئەنجامداوە.
هەر رۆژی روداوەکەش عهلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، نەوژینی راگەیاند: "برایهکی بکەری تاوانەکەیە، بە فیشەک خوشکێکی خۆی كه لەدایکبوی (١٩٩٦)ـه کوشتوە کە هاوسەرگیری کردوە و دایکی دو مناڵە".
دهستگیركردنى بكوژهكه
ئاسایشی گەرمیان لە زاڵگەی شێخ لەنگەرى سهر به ناحیهى كۆكس له قهزاى كفری، دوای ٧٢ کاتژمێر لە روداوەکە بکوژی سەرەکی دەستگیر دەکەن.
عوسمان عەبدولکەریم، لێپرسراوى راگهیاندن و پهیوهندیهكانى ئاسایشی گەرمیان، بۆ نەوژین دانپێنانی بکوژەکەی بەم شێوەیە خستەڕو ”وتویهتى من بکوژی خوشکەکەمم لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی، بەڵام بەتەنها من تاوانبارنیم، باوک و برایەکم و مێردی ئەو خوشکەشم کە من کوشتم هاوکار و هاندەرم بون لە تاوانەکە“.
بەهۆیەشەوە لە ئێستادا ٤ تۆمەتبار بە پێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەست بەسەرن، لەگەڵ یەک تۆمەتبار کە داڵدەی بکوژەکەی داوە و بە پێی مادەی ٢٧٣ راگیراوە.
باوکی بەبێدەنگی تا گۆڕستان لەگەڵ کچەکەی دەبێت
شایتحاڵەکان کە لەنزیکەوەی روداوەکە بون، باس لەوەدەکەن باوکی هاوژین، بۆ مەرگی کچەکەی هیچ كاردانهوهیهكى زهقی وهكو شیوهن و گریانى به كوڵى نەکردوە، هیچیشی دەربارەی تاوانی کوڕەکەی نەوتوە، لەگەڵ تەرمی کچەکەی بوە تا ئەوکاتەی لە گۆڕستان ناشتویانە و بێدەنگ گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
بەپێی یاسا تاوانبار بە پێی مادەی ٤٠٦ فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە، سزاکەی لەنێوان زیندانی هەتاهەتایی و لە سێدارەدان دایە، لە حاڵەتێکدانەبێت کە ئەگەر کۆمەڵێک هۆکار هەبن کە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی سزاکەی بدەن.
پارێزەر: نەورەس ئیسماعیل، لە رێکخراوی وادی ئەڵمانی، بۆ نەوژین وتی: لەبەر ئەوەی تاوانبار تەمەنی کەمترە لە ١٨ ساڵ، باوک و دایکی دەبێت ببرێنە بەردەم دادوەر و لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ دەکرێت بەتایبەت لە بارەی ئەوەی کە چۆن ئەم چەکەی دەست کەوتوە و روداوەکە چۆن بوە بەتایبەت باوکەکە دەبێت حوکم بدرێت لەگەڵ کوڕەکەی ئەگەر بە هەر شێوەیەک دەستی هەبێت لە تاوانەکە.
"بە پێی مادە یاساییەکانی تایبەت بە کوشتن ئەو کەسەی هاندەری تاوانەکە بوە بەوەی سوکایەتی بەم تاوانبارە کردبێت و تانهى له خوشکی دابێت یان گاڵتەی پێکردبێت و هۆکار بوبێت بۆ توڕەبونی تاوانبار، بە هاوبەشی تاوان سزادەدرێت". پارێزەر: نەورەس ئیسماعیل وای وت.
هاوژین پێش کوشتنی چی وتوە؟
هاوژین، کوشتن مۆتەکەیەک بوە بەشوێنیەوە، بەشێوەیەک ساڵی رابردو دەچێتە نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانى له کفری و دەڵێت: "مەترسیم لەسەرە، خێزانەکەم هەوڵیانداوە بمکوژن".
"ئەو برایەی کە تاوانەکەی ئەنجامداوه، لەگەڵ هەمو ئەندامانی خێزانەکەی هەر ئەوکاتە بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە چیدی هەڕەشەی کوشتن لە هاوژین نەکەن". ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە گەرمیان، ئەمەی وت. هۆکاری سزانەدانیشیانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەوکات قوربانیەکە سکاڵاکەی کشاندوەتەوە و پاشگەزبوەتەوە لە وتەکانی.
لەگەڵ ئەو مەترسیانەدا هێشتا هاوژین نەخراوبوە پهناگهى داڵدهدانى ژنان "شەڵتەر"، ئەیوب حسێن، لهبارهى هۆكارى ئهمهوه رونیكردهوه: بە پێی یاسا دەبێت پرس بە هەڕەشەلێکراو بکەین کە ئایا دەیەوێت لە شەڵتەر بیپارێزین یان نا، ئهو ژنه لە وەڵام دا وتویەتی: من نامەوێت بچمە شەڵتەر، بەڵکو لەگەڵ خێزانەکەم دەمێنمەوە، ئەگەریش هەڕەشەلێکراو داوا نەکات و نەیەوێت هاوشێوەی ئەم ژنە، ئەوە بە زۆرناتوانین بینێرینە شەڵتەر.
"یاسا و حكومهت لاوازن لە ئاست کێشەکانی ژنان"
چالاکوانانی مافەکانی ژنان ئاماژە بەوەدەکەن چ له روى یاساوه و چ له روى رێكارهكانیشهوه، بە تەواوی مافی ژنان ناپارێزرێت، بهتایبهت لهوه نیگهرانن كه تاوانباران بە سزای خۆیان ناگەیەنرێن.
سارا حسێن، ئهندامى کۆمیتەی كفری یهكێتى ژنان، دهڵێت: "کوشتنی ژنان بۆیە بەردەوامە، چونكه یاسا تاوانباران بەسزای حەق ناگەیەنێت، بەبەڵگەى ئهوهى دۆسیەی کوشتنی ژن هەبوە لە قەزای کفری کە لە دۆسیەکەی دا کردویانەوە بەوەی خۆی کوشتوە"، بهبێ ئهوهى وردهكاری ئهو دۆسیهیه بخاتهڕو و نهوژینیش نهیتوانى له سهرچاوهى دیكهوه دڵنیا بێتهوه لهم زانیارییه.
وتیشی: "ئێمە ئاگەدارین بکوژی ژنان داڵدەدرێن لەلایەن بەرپرسانەوە، تاوانباران ئەگەر بەندیش بکرێن سزاکەیان وەکپێویست نیە، ههر ئهمهیه کوشتنی ژنانی بە بیانوی شەرەف هێشتوهتەوە".
ئەو نوسینگەکانی بهرهنگاربونهوهى توندوتیژیش بە لاواز وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەقڵیەتێکی پیاوانە بەڕێوەی دەبات، چەندین کچ و ژن لەم قەزایە کێشەیان هەبوە کە ناردومانەتە ئەوێ بێ ئەوەی هیچی بۆ بکەن ناردویانەتەوە".
لە گەرمیان لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەمە یەکەمین حاڵەتی کوشتنی ژنە و لە ساڵی رابردوشدا بە پێی ئامارە فەرمیەکان یەک حاڵەتى كوشتنى ژنان تۆماركراوه.
ئهو حاڵهتهى پار ساڵ كه قوربانیهكه ناوى
مونیره بو و لەلایەن سێ برایەوە خنکێندرابو و دواتر تەرمەکەی هەڵواسرابو، کاردانەوهی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.