ژیلان، وەک یەکەم ژن لە رانیە کاری عەقارات دەکات
ئەزمونی من
2026/10/27 , بینین : 73


* نەوژین، هاوژین محەمەد

وەک یەکەم خانمی ناوچەکەی دەستی بە کاری کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک کردوە، دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێکردنم ئاستەنگیم زۆر هاتە پێش، بەڵام هەمویم کرد بە ئەزمون و بوە هۆی سەرکەوتنم.

ژیلان بابەکر، ٢٢ ساڵ، دەرچوی بەشی کارگێڕیی کارە لە پەیمانگەی داژیار و دانیشتوی شاری رانیەیە. وەک یەکەم ژن لە ناوچەکەی دەستی بە کاری کڕین و فرۆشتنی موڵک 'عەقارات' کردوە و ماوەی دو ساڵە لە کارەکەی بەردەوامە.

لەبارەی چیرۆکی دەستبەکاربونیەوە، دەڵێت: بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەم کاری عەقاراتی دەکرد، منیش زانیاریم لەسەری پەیدا کردبو، رۆژێک پێشنیارم بۆی کرد وتم منیش دەمەوێت دەست بەم کارە بکەم، ئەوە بو پێی خۆش بو و هاوکاری کردم و منیش دەستم پێ کرد.

دو ساڵ کارکردن لە بواری عەقارات، بۆ ژیلان وەک تاکە ژنێک لە بوارەکە ئاسان نەبوە، ئەو دەڵێت: لە سەرەتادا کڕیار و فرۆشیارەکانی موڵک بە گومانەوە سەیری تواناکانیان دەکرد، هەندێک کات رەدیان دەکردەوە لەگەڵمدا مامەڵە بکەن، تەنها چونکە ژن بوم، بەڵام من ئەوانەم هەمو کرد بە ئەزمون بۆخۆم و زیاتر پەرەم بە خۆمدا تاوەکو متمانە دروست بکەم، ئێستا دۆخەکە پێچەوانەیە و خەڵک بەهۆی تواناکانمەوە لە بوارەکە موڵکەکانیانم رادەست دەکەن.

پلانی ژیلان درێژخایەنە، دەیەوێت لە داهاتودا کاتێک ژنانی دیکە هاتنە نێو بوارەکە، لەگەڵیاندا نوسینگەیەکی عەقارات دروست بکات کە سەرجەمیان ژن بن، دەڵێت: بە ژنان دەڵێم هیچ کاتێک مەڵێن کارێک تایبەت بە پیاوانە، چونکە ئێمە توانای هەمو کارێکمان هەیە.

زۆرترین بینراوەکان