* نەوژین
لە رۆژی جیهانی کچان دا، UN، رایدەگەیەنێت: تا ئێستاش هاوسەرگیری پێشوەختە وەک گەورەترین رێگر لە بەردەم گەشەکردن، خوێندن و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچان ماوەتەوە.
بەپێی نوێترین داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یونیسێف کە ئەمڕۆ بڵاویانکردوەتەوە، ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیۆن کچ پێش گەیشتنیان بە تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، کە ئەمەش بەپێی هاوکێشەی کات دەکاتە هاوسەرگیری کردنی کچێک لە هەر ٣ چرکەیەکدا.
داتاکانی هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەر ئاستی جیهان یەک لەسەر پێنجی کچان (نزیکەی ٢٠٪) روبەڕوی ئەم دیاردەیە دەبنەوە، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی وازهێنانیان لە خوێندن و بێبەشبونیان لە مافە بنەڕەتییەکانیان.
لە ساڵی ٢٠١١ـوە رۆژی ١١ـی تشرینی یەکەم لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەک رۆژی جیهانی کچان دیاریکراوە، ئەمەش بە ئامانجی تیشکخستنە سەر مافەکانیان و روبەڕوبونەوەی ئەو ئاستەنگانەی لە قۆناغی هەرزەکاریدا دێنە رێگەیان.
بۆ ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتوەکان دروشمی "کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیریی مناڵان و وەبەرهێنان لە مافەکانی کچان"ـی دیاری کردوە، تاوەکو سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان رابکێشێت بۆ پاراستنی کچانی لاو و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەکردنیان.