سانا تاکە ژنی قەڵادزێ ـیە لە بواری جلوبەرگی کوردی کاردەکات
ئەزمونی من
2026/10/10 , بینین : 269


* نەوژین، سومەیە سالح

روی دەرەوەی دوکانەکەی سەرنجی هەمو تێپەڕبوێک رادەکێشێت؛ بە شێوازێکی وەها جوان رازێنراوەتەوە کە لە سەرجەم قەزاکەدا دوکانێکی دیکە بەو ئاستە گرنگی بە دیزاین و جوانی نەداوە. کاتێک هەنگاو دەنێیتە ژورەوە، سانا خۆی بە رویەکی گەش و جلوبەرگێکی کوردیی جوانەوە پێشوازیت لێدەکات؛ باسی دوکانی جلوبەرگی کوردی 'سان' دەکەین لە قەڵادزێ.

سانا محەمەد، ٣٠ ساڵ، دانیشتوی قەزای پشدەر لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، خاوەنی دوکانەکەیە، ئەو کە ماوەی ساڵێکە دوکانەکەی کردوەتەوە، لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە، بۆ نەوژین وتی: بە سوتفە بیرۆکەی کارەکەم بۆ هات. ئەوکاتەی بڕیارمدا لەم بوارەدا کار بکەم، لە سفرەوە دەستم پێکرد؛ بە تەنها سەردانی بازاڕەکانم کرد و دەستم بە هەڵبژاردنی جوانترین قوماش و جلەکان بۆ دوکانەکەم کرد. خاوەنکارەکانی بوارەکە سەرەتا هاوکارم بون و خۆشم وردەوردە شارەزایی زۆرم پەیدا کرد. 

دوکانەکەی سانا، ئێستا لە ئاستێکدایە کە نەک تەنها لە قەڵادزێ، بەڵکو لە سەرجەم شارەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیشەوە کڕیاری هەیە، سەنا، دەڵێت: زۆرینەی کاڵاکانم کە دەتوانم بڵێم ٧٠٪ـیان تەنها لای خۆم بەردەستن و لە هیچ دوکانێکی قەزاکەدا بونیان نییە، چونکە نامەوێت دوبارە بم، دەمەوێت جیاواز بم.

پشتگیریی خێزانی و کۆمەڵایەتی

سانا بە پێزانینەوە باس لە دەوروبەرەکەی دەکات و دەڵێت: "خەڵکێکی زۆر پشتگیریم دەکەن، زۆرکات تەنها بۆ دەستخۆشی سەردانم دەکەن و ژنان و پیاوان بە قسە گەرمەکانیان هانم دەدەن بۆ بەردەوامبون".  خێزانەکەی و هاوسەرەکەی بە هەمان شێوە پاڵپشتی سەنا ـن، دەڵێت: نە لەلایەن خەڵک و نە لەلایەن خێزانەکەمەوە، تاوەکو ئێستا ئاستەنگیم نەهاتوەتە پێش، جگە لە دەستخۆشی و هیواخواستن بۆ سەرکەوتن، هیچی ترم نەبینیوە.

لە ئێستادا لە دوکانەکەی دا کارمەندێکی کچی هەیە و پلانی هەیە لە داهاتودا کارەکەی گەورەتر بکات و هەلی کار بۆ کچانی زیاتر بڕەخسێنێت.

جلی کوردی؛ ناسنامەیەک بۆ هەمو رۆژێک

ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە، سانا هەمو رۆژێک بە جلوبەرگی کوردییەوە پێشوازی لە کڕیارەکانی دەکات: "زۆرم حەز لە جلوبەرگی کوردییە و تەنانەت لە ماڵەوەش لەبەری دەکەم. لەبەرکردنی لە هەمو شوێنێک کلتورێکی زۆر جوانە و دەمەوێت هەمیشە زیندو بمێنێت، هەروەک داوا لە خانمان دەکەم، زیاتر بیپۆشن".

سانا، کە هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمە لە هەردو بەشی (تەکنەلۆجیای زانیاری و دەرمانسازی)، جەخت دەکاتەوە کە "وەک تاکە ژنی ئەم پیشەیە لە قەڵادزێ، بەرپرسیارێتییەکی گەورەم لە ئەستۆیە بۆ پاراستنی متمانەی کڕیارەکانم لەڕوی کوالێتی و مامەڵەی جوانەوە". دەشڵێت: "لە رابردودا وا باو بو کە تەنها پیاو دەتوانێت کار بکات، بەڵام لە رۆژگاری ئێستادا بەخۆشحاڵییەوە ژنانیش دەتوانن خاوەنکاری سەربخۆ بن، مەرج ئەوەیە هەر کارێک هەڵدەبژێریت بە دڵت بێت و حەزت لێی بێت".

خانمان مەترسن لە هەنگاونان

پەیامی سانا بۆ خانمان ئەوەیە کە نەترسن لە هەنگاونان؛ "ئەگەر خەونێکتان هەیە، ئەمڕۆ دەست پێبکەن باشترە لە سبەی، بەڵام بیرتان بێت پشتگیریی خێزان کلیلی سەرکەوتنە و دەبێت پشودرێژ  بن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکەتان.




زۆرترین بینراوەکان