* نەوژین
لەگەڵ گەیشتنی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب بە ئاستێکی مەترسیدار و پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆ، جەنگێکی دیکەی میدیایی و دەرونی لە ئارادایە کە تێیدا هەردو لایەن پرسی ‘ژن’ وەک چەکێکی کاریگەر بۆ لێدان لە یەکدی و راکێشانی سۆزی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەکاردەهێنن.
ئیسرائیل و بەکارهێنانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"
لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا کە بە زمانی فارسی ئاڕاستەی گەلی ئێرانی کرد، دانیال هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، هەوڵیدا جیاوازی لە نێوان رژێمی ئێران و گەلی ئێران دا بکات. هەگاری لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە rژێمی ئێران سەرکوتکەرە و مافی هاوڵاتیانی خۆی، بەتایبەتی ژنان، پێشێل دەکات.
ئەو راستەوخۆ ئاماژەی بە دروشمی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، "ژن، ژیان، ئازادی" کرد و وتی کە سوپای ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر گەلی ئێران، بەڵکو هێرش دەکاتە سەر ئەو رژێمەی کە ئازادی لێ زەوت کردون. ئەمەش وەک هەوڵێک لێکدرایەوە بۆ دروستکردنی شەپۆلێکی هاوسۆزی لەگەڵ ئەو ئێرانیانەی کە دژی دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکەیانن و بەکارهێنانی دۆسیەی مافی ژنان وەک کارتی فشار لە دژی تاران.
ئێران و بەکارهێنانی دۆسیەی ژنانی غەززە
لەلایەکی دیکەوە، ئێران و میدیاکانی سەر بەو وڵاتە، بە شێوەیەکی بەردەوام وێنە و گێڕانەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ژنان و مناڵانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بڵاودەکەنەوە.
بەرپرسانی ئێرانی لە وتارەکانیاندا هێرشە موشەکی و درۆنییەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل وەک "تۆڵەسەندنەوە" و "بەرگریکردن لە گەلانی ستەملێکراو" وەسف دەکەن و جەخت لەسەر ئەو "تاوانانە" دەکەنەوە کە ئیسرائیل بەرامبەر ژنانی غەززە ئەنجامی دەدات. بەم شێوەیە، ئێران هەوڵدەدات خۆی وەک پارێزەری مافی ژنانی موسڵمان و فەڵەستینی نیشان بدات و کردەوە سەربازییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بەرگرییەکدا پاساو بدات، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لە شەقامی عەرەبی و ئیسلامیدا.