* نەوژین
پۆلیسی هەولێر ئاشکرایدەکات، ئەو برایەی کە درەنگانی شەوی رابردو خوشکەکەی بە گوللە کوشت خۆی رادەستی هێزەکانیان کردوە.
کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، رایگەیاند: دوای گەیشتنمان بە شوێنی ئەو روداوەی گوندی پیرڕەش کە تێیدا کچێک لەلایەن برایەکیەوە کوژرا، هەرزو دەستمان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتبار کرد، دوای چەند کاتژمێرێک لە روداوەکە تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانمان کرد.
رایشیگەیاندوە: تۆمەتباری ئاماژەپێکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامی دەبێت.
کاتژمێر نزیکی ٣٠؛٢ خولەکی شەوی رابردو، لەدوای دروستبونی دەمەقاڵێ لەنێوانیان برایەک خوشکەکەی کوشت، ئەوان هەردوکیان خەڵکی گوندی پیرڕەش بون لە سنوری پارێزگای هەولێر، بەپێی زانیارییەکانی نەوژین، کچەکە بەناوی (ئیمان) تەمەنی ٢٢ ساڵ بوە و تۆمەتباریش تەمەنی ١٨ ساڵە.
لەبارەی هۆکاری روداوەکە، کارزان ساڵح ئاماژەی بەوەکرد: کێشەی کۆمەڵایەتی هۆکاری روداوەکە بوە. بەبێ رونکردنەوەی زیاتر.