راپەڕین: سەنتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنان کرایەوە

2024/09/16    4394 جار بینراوە


* نەوژین

لە راپەڕین سەنتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو "شەڵتەر" کرایەوە، ئەمەش دوای چوار مانگ لە دەرچونی بریاری کردنەوەی. 

ئەمڕۆ دوشەممە، کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا کردنەوەی شەڵتەرێکی ٢٤ کاتژمێری لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین راگەیاند و لەبارەیەوە وتی: شەڵتەرەکە خزمەت بە ژنانی سنورەکە دەکات و کێشە کۆمەڵایەتیەکان دور لە توندوتیژی چارەسەر دەکات.

نەوژین بەر لە چوار مانگ، وەک یەکەم دەزگای میدیایی لەزاری ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی ئەوکاتی وەزارەتەکە، بڵاویکردەوە؛ بڕیار لەسەر کردنەوەی شەڵتەری ٧٢ کاتژمێریی لە دەڤەری راپەڕین دراوە و بەمزوانە دەکرێتەوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردو، ٦٥ ژن لە شەڵتەرەکانی ژناندا بون و داڵدە دراون؛ بەشێوەیەک زۆرترینیان لە هەولێر بون پاشان سلێمانی، ئینجا دهۆک و گەرمیان.

بە گشتیش ساڵی رابردو ٩٠١ ژن لەو شەڵتەرانەدا بۆ ماوەی جیاجیا داڵدەدرابون، بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی ئەو ژمارەیە ٣٥٪یان لە هەولێر، ٣٥٪یان لە سلێمانی، ٢٦٪یان لە دهۆک و ٤٪یان لە گەرمیان بون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,308     ژمارەی میوان 502

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە