پۆلیسی سلێمانی: هاوسەرەکەی ئاڤان بەپێی ماددەی ٤٠٨ راگیراوە

2024/06/09    1855 جار بینراوە


* نەوژین

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایدەکات، هاوسەرەکەی ئاڤان، هێشتا دانی بەتاوانەکە دا نەناوە, دەشڵێت: هاوسەرەکەی بەپێی ماددەی ٤٠٨ لە یاسای سزادانی بەرکار لە هەرێم راگیراوە.

شەوی (٦ـی حوزەیران) (ئاڤان جەزا)ـی تەمەن ١٧ ساڵ لە گەڕەکی کازیوە لە شاری سلێمانی سوتا، لەبارەی هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە، نەوژین دوێنێ لەگەڵ باوکی قسەیکرد، ئەو وتی: کچەکەم لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەنێو گەرماوەکەیان سوتێندراوە.

ئەمڕۆ لەبارەی کەیسەکە رائید سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: هاوسەری (ئاڤان) بە ماددەی ٤٠٨ لە یاسای سزادانی بەرکار لە هەرێم دەستگیرکراوە، هەروەک هێشتا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی روداوەکە بەردەوامی هەیە و دەکرێت دوای رونبونەوەی شتەکان ماددەکە بگۆڕدرێت.

ماددەی یەکەم لە یاسای (٤٠٨) لە یاسای سزادانی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە کەسێک هەستابێت بە هاندانی کەسێک بۆ خۆکوشتن یان بە هەر هۆکارێک یارمەتی دابێت بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت. 

لە یاساکە دا هاتوە، تاوانبار لەدوای ساغ بونەوەی تاوانەکەی، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بەماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت. بەڵام گەر ئەو کەسەی کە دەبێتە هۆی خۆکوشتنی تەمەنی ١٨ ساڵی تێنەپەڕاندبێت، ئەوا تۆمەتبار سزادەدرێت بە یاسای سزای کوشتنی بە ئەنقەست یان بە سزای تاوانی دەستدانە کوشتن بە گوێرەی بارەکان.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، دەربارەی نوێترین زانیاریەکانیش دەربارەی کەیسەکە، وتی: بەڵگەی تاوان هەر ئەوکات رۆشتونەتە سەر روداوەکە کۆمەڵێک بەڵگەیان کۆکردوەتەوە، بەڵام تاوەکو کەیسەکە لە دادگا یەکلانەبێتەوە ناتوانین هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە بڵاوبکەینەوە.

وتیشی: تاوەکو ئێستا هاوسەرەکەی دانی بە تاوانەکەی دا نەناوە و دەڵێت: “من ئاڤانم نەسوتاندوە، بەڵکو خۆی ئەو کارەی ئەنجامداوە”، هاوکات ئاڤانیش دەڵێت، هاوسەرەکەم سوتاندومی.

بۆ خوێندنەوەی قسەکانی باوکی ئاڤان لەبارەی روداوەکە کلیک بکە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,803     ژمارەی میوان 2278

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە