باوکی ئەو ژنەی لە سلێمانی سوتا: کچەکەم لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنراوە

2024/06/08    962 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

دو رۆژ بەر لە ئێستا ‘ئاڤان’ لەماڵەکەی خۆی لە سلێمانی سوتا، ئەو لەکاتی سوتانیدا دوگیان بوە بە دوانەیەک، بەهۆی روداوەکە هەردوکیانی لەدەستداوە و دۆخی تەندروستی خۆیشی جێگیرنییە، باوکی لەڕێگەی نەوژینەوە چیرۆکی ژیانی کچەکەی دەگێڕێتەوە و ئاماژەبەوەدەکات: کچەکەی پێش سوتانیشی بەهۆی هاوسەرەکەیەوە ژیانێکی سەخت ژیاوە.

شەوی (٦ـی حوزەیران) هەواڵی سوتانی ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە گەڕەکی کازیوە لە شاری سلێمانی بڵاوکرایەوە، نەوژین هەر ئەوکات بۆ زانینی وردەکاری روداوەکە، پەیوەندی بە راز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی سلێمانییەوە کرد، وتی: تاوەکو ئێستا وردەکاری روداوەکە نازانیین، کە ئایا خۆی سوتاندوە یان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە.

ئەمڕۆ بۆ بەدواداچونی زیاتر نەوژین پەیوەندی کرد بە (جەزا وەیسی) باوکی ژنە سوتاوەکە، ئەو وتی: روداوەکە پەیوەستە بە کێشەیەکی نێوان کچەکەم (ئاڤان) و هاوسەرەکەیەوە، ئەوان ماوەی چەند مانگێکە کێشە لەنێوانیاندا هەیە. 

ئەو لە زاری کچەکەیەوە، چۆنیەتی روداوەکەی گێڕایەوە، وتی: ئەو شەوە هاوسەرەکەی بە بیانویەکەوە کچەکەمی بردوەتە نێو گەرماوەکەیان و دواتر دەرگای لەسەر داخستوە و گڕی لێبەرداوە. 

وتیشی: ئێمە ئاگاداری وردەکاریی دیکەی روداوەکە نیین، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێمە لە دەرەوەی سلێمانی دەژین و من لەڕێگەی تەلەفۆنەوە زانیم کچەکەم سوتاوە.

دەربارەی کێشەی نێوان کچەکەی و هاوسەرەکەیشی رونیکردەوە: کچەکەم ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە هاوسەرگیریکردوە، لەم ماوەیە دا هاوسەرەکەی لەگەڵی خراپ بو و لێیدەدا، بەڵام کچەکەم لای ئێمە هیچی نەدرکاندبو، تەنانەت جارێک پرچ و برۆی کچەکەمی تاشی بو، بەڵام چونکە بەزۆر کچەکەمی کردبو بە “نیقاب” ئێمە هەستمان بەوەنەکرد.

بەوتەی خۆی، هۆکاری سەرەکی کێشەکەیان، پەیوەندی سۆزداری نێوان هاوسەرەکەی بوە لەگەڵ ژنێکی دیکەدا.

ئەم قسانەی باوکی ئاڤان لەکاتێکدایە، هەر شەوی روداوەکە کەسوکاری هاوسەری ئاڤان بە کەناڵی 'زوم'ـیان راگەیاندبو، هاوسەرەکەی نەک ئاڤانی نەسوتاندوە، بەڵکو خۆی ئاڤانی لەنێو ئاگرەکە رزگارکردوە.

ئاڤان، پێش سوتانی دوگیان بوە و (دوانەیەک)ـی لە سکدا بوە، وەک باوکی ئاماژەیپێکرد: یەکێک لە کۆرپەکان راستەوخۆ گیانی لەدەستدا و پزیشکیش پێی راگەیاندین ئەمڕۆ (شەممە) ئەوەکەی تریشیان گیانی لەدەستداوە.

رێژەی سوتاویی ئاڤان (٨٥%)ـە، بەوتەی باوکی، پزیشکەکان پێیانوتون ٤٨ کاتژمێری داهاتو دەبنە کۆتا کاتژمێرەکانی ژیانی ئاڤان، ئەوەش بەهۆی بەرزی رێژەی سوتاویەکەی.

بەپێی بەدواداچونەکانی نەوژین، هاوسەری ئاڤان دوای روداوەکە دەستگیرکراوە، لەبارەی ئەو ژنەشی کە وەکخۆی دەڵێت "پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ مێردەکەیدا هەبوە"، باوکی ئاڤان پێیوتین: سکاڵامان دژی تۆمارکردوە، هەروەک پۆلیس بەدوایەوەیەتی و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە.

نەوژین بۆ بەدواداچونی زیاتر، پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە، بەڵام بەوهۆیەی پشوی فەرمییە پەیوەندیەکانی بەردەست نەبون.

هاوکات بەوهۆیەی راگیراوە، نەوژین نەیتوانی لێدوان لە هاوسەری ئاڤان وەربگرێت.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,001     ژمارەی میوان 1491

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە