عێراق، یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ ئاسایش و ئارامى ژنان

2024/03/09    261 جار بینراوە

 

* نەوژین

بەگوێرەى پۆلێنێکى جیهانى، لە نێو ١٧٧ وڵاتى جیهان، عێراق لە ریزبەندى ١٠ مەترسیدارترین وڵاتانە بۆ ئاسایش و ئارامى ژنان.

دوێنێ هەشتی مارس کە هاوکات رۆژی جیهانی ژنان بو، پەیمانگەى ژنان و ئاشتى و ئاسایش، لەمیانی راپۆرتێک دا پۆلێنى (ئاشتى و ئاسایشى ژنان)ـى بۆ ساڵى ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە.

بەگوێرەى راپۆرتەکە، وڵاتی دانیمارک بە کۆکردنەوەى (٠،٩٣٢) خاڵ، پلەى یەکەمى گرتوە لە نێو ئارامترین ١٠ وڵاتى جیهانە بۆ ژنان، دواتریش وڵاتانى (سویسرا، سوید، فینلەندا، لۆکسمبۆرگ، ئایسلەندا، نەرویج، هۆڵەندا و نیوزلەندا) دێن.

هاوکات لەنێو ١٠ وڵاتى کۆتایی پۆلێنەکەش کە بە خراپترین وڵات دادەنرێن لە روى ئاسایش و ئارامییەوە بۆ ژنان، ئەفغانستان بە (٠،٢٨٨) خاڵ سەرو ریزبەندیەکەى گرتوە دواتریش، وڵاتانى (یەمەن، کۆمارى ئەفریقاى ناوەڕاست، کۆمارى کۆنگۆ، سودانى باشور، بۆرۆندى، سووریا، ئیستواتینى، سۆماڵ و عێراق) دێن، کە بەپێی پۆلێنەکە لەهەمان ئاستدان.

هەر لە راپۆرتەکە دا باس لە بەشداریى ژنان لە هێزى کاریشدا کراوە و ئاماژەبەوەکراوە: عێراق دوەم وڵاتە لە کەمترین رێژەى بەشدارى ژنان لە هێزى کار بەرامبەر بە پیاوان، بەشێوەیەک رێژەکە دەگاتە (١٥.٤%).
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,365,551     ژمارەی میوان 168

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە