هیومان رایتس وۆچ هۆشیاری لەبارەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختە لە عێراق دەدات

2024/03/05    175 جار بینراوە

 

* نەوژین

رێکخراوی نێودەوڵەتی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکی لەبارەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری مناڵان لە عێراق بڵاوکردوەتەوە و تێیدا ئاماژەبەوەدەکات، پیاوانی ئاینی لە عێراق هاوسەرگیری مناڵان ئەنجامدەدەن، کە پێشێلکردنی یاساکانی وڵاتەکەیە.

رۆژی (٣ـی ئادار)، رێکخراوی نێودەوڵەتی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکی لەبارەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری مناڵان لە عێراق بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکە دا هاتوە: پیاوانی ئاینی لە عێراق ساڵانە هەزاران هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، لەوانە هاوسەرگیری مناڵان، کە پێشێلکردنی یاساکانی عێراقە و بە فەرمی تۆمار نەکراوە، ئەم هاوسەرگیریانە کەلێنێک لە سنودارکردنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری مناڵان دروستدەکەن و کاریگەری کارەساتباریان لەسەر توانای ژنان و کچان هەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و تۆمارکردنی لەدایکبونی مناڵەکانیان و داوای مافەکانیان، هەروەک لەوانەیە لە دۆخێکی لاواز دا بەجێبمێنن بەبێ پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دارایی.

دەشڵێت: پێویستە عێراق ئەو پیاوە ئاینی و خاوەن فەرمانگە یاساییانە دادگایی بکات کە بەپێچەوانەی یاسای عێراق هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، هەروەک ئاسانکاری بۆ سەلماندنی گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارنەکراو بکات و دڵنیابێت لەوەی هەمو عێراقییەکان مافە تەواوەکانیان بەدەست دەهێنن.

بەگوێرەی ئاماری یونسێف، ٢٨%ـی کچانی عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان کردوە، هاوکات نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی)، لەمیانی راپۆرتێک دا دەڵێت: ٢٢%ـی هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکان لە عێراق بۆ کچانی خوار تەمەنی ١٤ ساڵن. 

هەر لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ دا هاتوە: هەرچەندە زۆرێک لە پێکهاتەکان لە عێراق هاوسەرگیری ئاینی بە شەرعی دەزانن، بەڵام بەپێی یاسای باری کەسی عێراقی نایاساییە و تەنها دوای تۆمارکردنی لە دادگای باری کەسی بەفەرمی ناسێنراون، دوای ئەوە گرێبەستی هاوسەرگیری مەدەنی بۆ ئەو ژن و مێردە دەردەچێت.

باسیلەوەشکردوە: بەبێ گرێبەستی هاوسەرگیری مەدەنی، ژنان و کچان ناتوانن لە نەخۆشخانە حکومییەکان مناڵیان ببێت، ئەمەش ناچاریان دەکات مناڵبون لە ماڵەوە هەڵبژێرن لەو شوێنانەی کە خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکانی مناڵبون بە شێوەیەکی پێویست بەردەست نین، ئەمەش مەترسی توشبون بە ئاڵۆزییە پزیشکییەکان زیاددەکات کە مەترسی لەسەر ژیانی هەردو دایک و کۆرپەلە دروست دەکات، بەتایبەتی کاتێک دایکەکە خۆی مناڵە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,679     ژمارەی میوان 749

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە