رێزان شێخ دلێر لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی، وەڵامی پارلەمانی عێراق دەداتەوە

2024/02/01    278 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبیانوی ئەوە وتویه‌تی: له‌نێو پا‌رله‌مان دا هه‌راسانكردنی سێكسی هه‌یه، دەیەوێت سکاڵا دژ بە رێزان شێخ دلێر- پارلەمانتاری پێشو تۆماربکات، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: ئەگەر سکاڵا تۆماربکەن، منیش سکاڵایان لە دژ تۆماردەکەم.

ئەنجومەنی نوێنەرانی "پارلەمان" عێراق لە بەیاننامەیەک دا رۆژی (٣٠ـی مانگی رابردو) رایگەیاند: بەبیانوی ئەوەی بانگه‌شه‌ی کردوە گوایە چه‌ندین حاڵه‌تی هه‌راسانكردنی سێكسی به‌رامبه‌ر پارله‌مانتارانی ژن له‌ پا‌رله‌مانی عێراق رویداوه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بخاته‌ڕو، لەڕێگەی فه‌رمانگه‌ی كاروباری یاساییەوە، سکاڵای یاسایی دژ بە ژنە پارلەمانتاری پێشوی پارلەمانی عێراق- رێزان شێخ دلێر، تۆماردەکات.

لەوبارەیەوە، رێزان شێخ دلێر، بە نەوژینی وت: من لە بەرنامەی کەناڵێکی ئاسمانی باسم لە هەراسانکردنی سێکسی کردوە لە جیهان دا و دواتر لە وەڵامی پێشکەشکارەکە کە وتویەتی ئەی لە پارلەمانی عێراق چۆنە؟ وتومە لەوێش هاوشێوەی هەمو شوێنەکانی دیکە هەراسانکردنی سێکسی دژ بە ژنان هەیە، بەڵام لەبەر عاداتی کۆمەڵایەتی و نەبونی یاسای تایبەت بە هەراسانکردنی سێکسی، سکاڵا تۆمارناکرێت.

وتیشی: ئەوان تەنها بە قسە وتویانە سکاڵا تۆماردەکەن، گەرنا هێشتا سکاڵایان تۆمار نەکردوە، گەر سکاڵا تۆماربکەن، منیش سکاڵایان لەدژ تۆماردەکەم، چونکە قسەکانم ئاسایی بونە و پارلەمانتارانی دیکەش لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان باس لە کێشەکانی پارلەمان دەکەن بێ ئەوەی بیسەلمێنن، بەڵام چونکە من ژنێکم و ئەو قسەیەم کردوە، بۆیە کردویانە بەکێشە.

هەر لە بەیاننامەکەی پارلەمانی عێراق لەبارەی سکاڵاکەیان دژ بەو ژنە پارلەمانتارەی پێشو، هاتوە: چیتر رێگه‌ به‌ هاتنه‌ ژوره‌وه‌ی بۆ نێو بینای پا‌رله‌مان یان ئاماده‌بونی له‌ هه‌ر چالاكییه‌كی فه‌رمی له‌نێو پا‌رله‌مانی عێراق دا نادەین.

لەوبارەیەشەوە، رێزان شێخ دلێر وتی: پارلەمانی عێراق بە هیچ شێوەیەک توانای ئەوەی نییە بڕیاری لەو شێوەیە بدات، کاری ئەوان نییە رێگری لە هاتنی هیچ کەسێک بکەن بۆ نێو بینای پارلەمان.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,148     ژمارەی میوان 453

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە