کەسوکارەکەی: گومانمان هەیە مامۆستا جیهان "تیرۆر کرابێت"

2024/01/15    318 جار بینراوە

 

* نەوژین

لەدوای تێپەڕینی نزیکەی سێ مانگ بەسەر روداوی گیانلەدەستدانی ژنە مامۆستایەکی وانەبێژ لە سنوری پارێزگای هەولێر بە روداوی هاتوچۆ، کەسوکارەکەی دەڵێن: گومانمان لەروداوەکە هەیە و پێمانوایە، بە "تیرۆرکردن" گیانی لەدەستداوە، لەسەر گومانەکەشیان چەند رونکردنەوەیەک دەخەنەڕو.

رۆژی (٢٦ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٣) هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستای وانەبێژ: جیهان تەها، بە روداوی هاتوچۆ بڵاوکرایەوە، بەڵام هەرزو گومان لەسەر روداوەکە دروستبو و بەشێک لە چالاکوانان و مامۆستایان رایانگەیاند: روداوەکە گوماناویە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو خانمە مامۆستایە یەکێک بو لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی شاری هەولێر و گومانکرا پرسەکە پەیوەندیداربێت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان.

لەدوای تێپەڕینی نزیکەی سێ مانگ بەسەر روداوەکە، کەسوکاری ئەو ژنە مامۆستایە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا بە چەند خاڵێک باس لە گومانی خۆیان لە روداوەکە دەکەن.

لەبەشێکی بەیاننامەکەیان دا دەڵێن: جیهان شۆفێرێکی باش نەبو، لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچوەتە دەرەوەی شار، هەروەک بۆ بڕیاری خۆکوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو رێگە سەخت و دژوارە بگرێتەبەر کە پێشوتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت و بۆی نەڕۆیشتبێت، لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.

"جیهان ئەو رۆژە زۆر بەئاسایی و بە رێکوپێکی بەرنامەی رۆژەکەی خۆی کردوە، بۆ نمونە دەوامی خوێندنگە، وەرگرتنی موچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەسوکار و دۆست و هاوڕێ،  پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێک کاری گرنگ و پێویست لە رۆژەکانی دواتر دا".

باس لەوەشدەکات: هەر لەهەمان رۆژ کاتژمێر ٢:٠٦ خولەکی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبوە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتوە، بەڵام لە کاتژمێر ٤:١٠ خولەکی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشە و فشار قسەدەکات.

ئەوان هەروەها لە چۆنیەتی روداوەکەش گومانیان هەیە و پێیانوایە “دەستکرد” بوە.

دەڵێن: بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچوکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کە بەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە، وەک ئەوەی لەوێنە و ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت، هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت.

دەشڵێن: بەرگری شارستانی سۆران (حریق) سەرەتا رایانگەیاند کەئەم روداوە لە دو ژن و پیاوێک پێکهاتون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس.

باس لەوەش دەکەن، گومانەکانیان ئەوکاتە زیاتر بوە کە هێشتا نەیانتوانیوە مۆبایل و کەرەستەکانی دیکە کە لەوکاتەدا بە مامۆستا جیهان بوە وەربگرنەوە.

دەڵێن: ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانوی لێکۆڵینەوە چەندینجار هاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبوکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە، هەروەها دەڵێن کە مۆبایلەکەی سوتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبوک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە. 

"تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمەکەیشی بەبێ ئامادەبونی ئێمە بو و پەلەکردنێکی زۆری تێداکراوە، پێشیان وتین کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، کەچی هیچ راپۆرتێکی پزیشکی لەو بارەیەوە نیشانی ئێمە نەدراوە".

ئاماژەیان بەوەشکردوە: کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات، گرنگی نەدان و بەدەمەوچونی  پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ رونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچوکردنەوە و بە ئاساییکردنی روداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان، دوبارە وایکردوە گومان لەروداوەکە بکەین.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,155     ژمارەی میوان 460

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە