ئەو باوکەی لەنێو بازاڕی تەقتەق تەقەی لە کچەکەی کرد، هێشتا دەستگیرنەکراوە

2024/01/09    354 جار بینراوە

 

* نەوژین

نزیکەی دو هەفتە بەسەر روداوی تەقەکردنی باوکێک لە کچەکەی لە ناحیەی تەقتەق تێدەپەڕێت و پۆلیسی ناحیەکەش دەڵێت: باوکی هەڵهاتوە و هێشتا دەستگیرنەکراوە. 

رۆژی (٢٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣)، لە نێو بازاڕی ناحیەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە، باوکێک لە دورەوە و لەنێو ئۆتۆمبیلەکەی تەقەی لە کچەکەی کرد و بەهۆیەوە بریندار بو.

دوای تێپەڕینی نزیکەی دو هەفتە بەسەر روداوەکە، ئەمڕۆ (٩ـی کانونی دوەمی ٢٠٢٤) هەرێم دڵشاد، بەڕێوەبەری پۆلیسی تەقتەق، بە نەوژینی راگەیاند: هێشتا ئەو باوکە دەستگیرنەکراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو لە تەقتەق ناژی، بەڵکو هەڵهاتوەتە دەرەوە و بەمەبەستی دەستگیرکردنی نوسراومان ئاراستەی بنکەکانی دەوروبەری ناحیەکە کردوە.

بەهۆی روداوەکە کچەکە بە سەختی بریندار بو و حەوت فیشەکی بەرکەوت، دوای روداوەکەش بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک کرا.

لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو کچە لە ئێستا دا، بەڕێوەبەری پۆلیسی تەقتەق، وتی: دۆخی تەندروستی لە ئێستا دا باشترە، بەڵام هێشتا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.

کچەکە بەناوی (س. م)، ٢٤ ساڵ، کارمەندە لە نەخۆشخانەی ئازادی و باوکیشی پۆلیسە لە هێزی بەرگری و فریاکەوتن.

بەپێی زانیاریەکانی نەوژین، هۆکاری روداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی بوە، باوک و دایکی کچەکە ماوەی چەند ساڵێکە لەیەکتر جیابونەتەوە، کچەکە و دایکی لەگەڵ چوار خوشک و برای پێکەوە لە ناحیەکە دەژین و باوکەکەش لەدەرەوەی ناحیەکە.

وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی تەقتەق ئاماژەی پێکرد: ئەو خێزانە پێشتریش کێشەی کۆمەڵایەتیان هەبو و بەهۆی کێشەکانیانەوە، دایکی کچەکە ساڵی رابردو سکاڵای دژ بە هاوسەرەکەی پێشوی لە بنکەی پۆلیس تۆمارکردو و بەهۆیەوە ماوەیەک لە زیندان بو، بەڵام دواتر ئازادکرا. 

وتیشی: تاوەکو ئێستا بەتەوایی لە هۆکاری کێشەکە دڵنیانیین، بەڵام بەپێی ئیفادەی سەرەتایی کە لە کچەکەمان وەرگرتوە، وتویەتی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بوە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,920     ژمارەی میوان 230

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە