ژنان بە بەهێزیيەوە بەرەو هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دەچن

2023/12/13    1258 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق (هەزار و ٦٦٢) ژن کاندیدن، وەکخۆیان باسی لێوەدەکەن، بەهێزن و چاویان لەوەیە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن، پێشیانوایە سەردەمی ئەوە بەسەرچوە ژنان دەنگ بە ژنان نەدەن، شارەزایەکی هەڵبژاردنیش پێشبینی ئەوە دەکات ژنان دەنگی زۆر بەدەستبهێنن، دەشڵێت: یاسای هەڵبژاردن یارمەتیدەری ئەوانە تاوەکو کورسی بەدەستبهێنن.

لە کۆی (٥ هەزار و ٩٠٤) کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، (هەزار و ٦٦٢)ـیان ژنن، کە دەکاتە (٢٨.١%)ـی کۆی گشتی کاندیدەکان و کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسی دەکەن، بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕێی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە ژنە کاندیدەکان دەکرێت، ئەوان وەکخۆیان دەڵێن: بەهێزن.

نێرگز قادر، کاندید لەسەر لیستی یەکێتی لە کەرکوک، بۆ نەوژین وتی: کاندیدە ژنەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەمومان بەهێزین و چاوەڕێی ئەنجامی زۆر باش دەکەین، پێشموایە سەردەمی ئەوە بەسەرچوە دەنگ بە ژنان نەدرێت و ئێستا خەڵک تێگەیشتون ئێمەی ژنان هاوشانی پیاوان دەتوانین شەڕی مافەکانیان بکەین.

ژنە کاندیدێکی دیکەش جەخت لەو رایە دەکاتەوە و دەشڵێت: حزبەکان بە گرنگیەوە لە توانای ئێمە دەڕوانن.

عەبیر جەبار، کاندید لەسەر لیستی پارتی لە دیالە وتی: خەڵکی بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لەوە تێگەیشتون ئێمەی ژنان زیاتر دەتوانین دەنگی ژنان بگەیەنین و رێگر بین لە ستەملێکردنیان، حزبەکانیش بە گرنگیەوە لە توانای ئێمەی ژنان دەڕوانن.

ئەم هەڵبژاردنە بەپێی یاسای ژمارە (٤)ـی ساڵی ٢٠٢٣ـی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (١٢)ـی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەدەبرێت، بەپێی یاساکە دەبێت (٢٥%)ـی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە بۆ ژنان بن، بەو پێیە لە (٢٧٥) کورسی گشتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق (٧٥) کورسی بۆ کۆتای ژنان دەبێت، هاوکات لە ریزبەندی کاندیدەکانیش دەبێت لە دوای سێ كاندیدی پیاو لە لیستەكەدا، ناوی كاندیدێكی ژن دابنرێت.

شارەزایەکی هەڵبژاردن باس لەوەدەکات یاسای هەڵبژاردن یارمەتیدەری ژنانە لەوەی کورسی بەدەستبهێنن.

هەڵشۆ عەبدولفەتاح، بە نەوژینی وت: پێشبینی دەکەم ژنان دەنگی باش بەدەستبهێنن، یاسای هەڵبژاردنیش یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی ژنان، چونکە یاساکە حزبەکانی ناچار بە کاندیدکردنی زۆرترین ژن کردوە، بەشێوەیەک دەبێت لە دوای سێ كاندیدی پیاو لە لیستەكەدا، ناوی كاندیدێكی ژن دابنێن.

کۆتای ژنان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیەیە:

پارێزگای بەغداد لەکۆی (٤٩) کورسی (١٣)ـی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای نەینەوا لەکۆی (٢٦) کورسی (٧)ـی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای بەسڕە لەکۆی (٢٢) کورسی (٦)ـی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای زیقار لەکۆی (١٨) کورسی (٥)ـی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای بابل لەکۆی (١٨) کورسی (٥)ـی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای ئەنبار لەکۆی (١٦) کورسی (٤) بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای نەینەوا لەکۆی (٢٦) کورسی (٧) بۆ ژنان دەبێت. هەریەک لە پارێزگاکانی (کەرکوک، نەجەف، دیالە و سەڵاحەدین)، لەکۆی (١٥) کورسی (٤) کورسیان بۆ ژنان دەبێت. پارێزگاکانی دیوانیە و واستیش لەکۆی (١٤) کورسی (٤)ـیان بۆ ژنان دەبێت. پارێزگاکانی کەربەلا و میسانیش لەکۆی (١٣) کورسی (٤)ـیان بۆ ژنان دەبێت و پارێزگای موسەناش لەکۆی (١٢) کورسی (٣)ـی بۆ ژنان دەبێت.

ژنە کاندیدێک ئاماژەبەدەکات وەک ژنان چیتر کۆتا بە گرنگ نازانن و پێیوایە دەتوانن بێ کۆتاش دەنگی پێویست بەدەستبهێنن.

نێرگز قادر، وتی: بۆ لەمەودوا کۆتا بە گرنگ نازانم، ئێمەی ژنان گەیشتوین بە ئاستێک دەتوانین دەنگی پێویست بۆ چونە ئەنجومەنەکان بەدەستبێهنین، پێشتر دەوترا ژنان دەنگ بە ژنان بدەن، ژنە کاندیدەکان بە ئاسانی دەتوانن دەربچن، بۆ ئەم هەڵبژاردنە کارمانکردوە لەسەر ئەوەی ژنان دەنگ بە ژنان بدەن، وەکخۆم زۆرینەی ژنەکان کە سەردانیان دەکەم، دەڵێن دەنگمان بۆ تۆیە، چونکە ژنیت و زیاتر لە خەمی مافەکانمان دەبیت. 

لەبەرامبەردا هەڵشۆ عەبدولفەتاح باس لەوەدەکات، هێشتا کۆتا گرنگی هەیە، تەنانەت کاتی ئەوە هاتوە عێراق بیر لە زیادکردنی رێژەی کۆتای ژنان بکاتەوە.

وتی: لە عێراق کۆتای ژنان هێشتا گرنگی هەیە و ژنان بەهۆی کلتور و نەبونی تێگەیشتویی دەربارەی توانا و رۆڵیان، ناتوانن دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، گرنگە عێراق هەوڵی زیادکردنی کۆتای ژنان بدات لایەنی کەم هاوشێوەی هەرێم رێژەکە بۆ (٣٠%) بەرزبکاتەوە.

حزبە کوردیەکان لەم هەڵبژاردنە لە بەشێک لە پارێزگاکان کاندیدیان هەیە، ئەوان لە هەندێک پارێزگا بە هاوپەیمانی و لە هەندێک پارێزگاش بە لیستی سەربەخۆ بەشدارن.

بە نمونە لە پارێزگای کەرکوک حزبە کوردیەکان (٦٦) کاندیدیان هەیە و لەو ژمارەیەش (٢٢)ـیان ژنن، لە پارێزگای نەینەواش سێ لە حزبە کوردیەکان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، بەکۆی گشتی (١٠٨) کاندیدیان هەیە و لەو ژمارەیەش (٢٦)ـیان ژنن.

عەبیر جەبار، باس لەوەدەکات حزبەکان بە گرنگیەوە لە توانای ژنە کاندیدەکان دەڕوانن.

وتی: حزبەکەم بە گرنگیەوە لە توانای ئێمەی ژنانی روانی و کاندیدیکردین، چونکە دەزانێت لە داهاتو دا دەتوانین شانبەشانی پیاوان کاربکەین و بەرپرسیارێتیەکان وەربگرین.

بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی رابردوەوە ژنان لەماوەی زیاتر لە ٤٠ رۆژ بانگەشەدا کەمتر توشی کێشە و بەربەست لەڕوی جیاوازی رەگەزی و ناوزڕاندنەوە بونەتەوە.

وەک نێرگز قادر، وتی: لەماوەی بانگەشە دا توشی رێگری و بەربەست بومەتەوە، بەڵام زیاتر وەک کاندیدێکی بەهێز روبەڕوی ئەو بەربەستانە بومەتەوە، نەک وەک کاندیدێکی ژن.

لە رۆژی (١ـی ١١ـی ٢٠٢٣)ـەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردوە و بڕیارە تاوەکو رۆژی (١٦ـی ١٢ـی ٢٠٢٣) بەردەوامی هەبێت، هەروەک بڕیارە کاتژمێر ٧ـی بەیانی رۆژی (١٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٣)، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,665,001     ژمارەی میوان 261

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە