نەشتەرگەریی جوانکاریی ئەندامی مێینە رو لە برەو دەکات

2023/12/06    773 جار بینراوە

 

* نەوژین، دێژین سدقی

یەکێک لەو نەشتەرگەریە جوانکاریانەی لەمساڵانەی دوایدا ژنان پەنای بۆ دەبەن، نەشتەرگەریی جوانکاریی ئەندامی مێینەیە، بەشێوەیەک روپۆشی ناوەوەی ئەندامی مێینەیان تەسک دەکەنەوە، ژنێک دەڵێت: بەهۆی "سارديی" هاوسەرەکەی لەگەڵی پەنای بردوەتە بەر ئەو نەشتەرگەریە، پزیشکێکی پسپۆڕیش باس لەوەدەکات: نەشتەرگەریەکە زیانی نییە.

بەفرین، ماوەی پانزە ساڵە هاوسەرگیریي کردوە، وەکخۆی باسی لێوەدەکات: لەسەرەتا دا لەگەڵ هاوسەرەکەم زۆر گونجاو بوین و هیچ کێشەمان نەبو، بەڵام لەدوای هێنانە دونیای چەند مناڵێک، هاوسەرەکەم لەگەڵم سارد بو، بەشێوەیەک نەدەهاتە لام و گرنگی پێنەدەدام.

زیاتری وت: ئەوانەم بۆ خوشکەکەم باسکرد، ئەویش پێی وتم چارەسەر ئەوەیە نەشتەرگەری جوانکاری ئەندامی مێینە ئەنجامبدەم، وتیشی، وەرە لەگەڵم دەتبەمە لای پزیشکێک چارەسەرت بۆ دەکات.

ئەو نەشتەرگەرییە جوانکارییەی ئەندامی مێینە کە دەکرێت، بریتیە لە  تەسککردنەوەی ئەندامی زاوزێی ژنان لە دیوی ناوەوە، ئەم نەشتەرگەرییە لەنەخۆشخانە حکومیەکان بەهیچ شێوەیەک ئەنجامنادرێت، بەڵکو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان ئەنجامدەدرێت.

د. رەنا یوسف، پزیشکی تایبەتمەندی نەشتەرگەری بۆریەکانی میز، ژنان و جوانکاری ژنان، لەبارەی ئەنجامدانی جوانکاری ئەندامی مێینە، بە نەوژین وت: بەمدواییە ژنان زۆرێکیان پەنا دەهێننە بەر نەشتەرگەری جوانکاری ئەندامی مێینەیان، بەزۆریش ئەو ژنانە پەنا دەهێنن کە دو مناڵ یان زیاتریان بە شێوەی سروشتی بوە. 

زیاتر وتی: نەشتەرگەریەکە بەشێوەیەکە ئەوانەی بەهۆی لەدایکبونی مناڵەکانیان میزڵدانیان توشی کێشە بوە، میزڵدانیان دەکێشینە سەرەوە لەگەڵ تەسککردنەوەی ئەندامی زاوزێی دایکەکە، هەموان بە نەشتەرگەریەک چارەسەر نابن، هەندێک کات پێویست بە نەشتەرگەریەک زیاتر دەکات تاوەکو لەوانەیە پێویست بە سێ نەشتەرگەری و زیاتر بکات.

هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی رێژەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری مێینە لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە، وەک ئاسۆ حوێزی، وتەبێژی "پێشوی" وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە نەوژینی وت: ئێمە وەکو وەزارەت هیچ ئامارێکی ئەم نەشتەرگەرییانە لامان بەردەست نییە، لەهەمو شارەکان هەندێک پزیشکانی بواری ژنان و مناڵبون ئەم نەشتەرگەرییانە دەکەن لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، بەڵام ئامارەکان بۆ ئێمە نا نێردرێن و ئێمەش داوای ناکەین.

لەگەڵ ئەوەی بە ژمارە رێژەکە نییە، بەڵام وادیارە رێژەی ئەو ژنانەی پەنا دەبەنە بەر ئەم نەشتەرگەریە زۆرە.

وەک د. رەنا ئاماژەی پێکرد: ناتوانم ژمارە و رێژەیەکی دیاریکراو بڵێم لەبارەی ئەو ژنانەی ئەو نەشتەرگەریە ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەوەندە دەڵێم ژمارەیان زۆرە.

رەمزیە، ناوی خوازراوی ژنێکی بەتەمەنە، ئەو لەگەڵ بوکەکەی سەردانی کلینیکی تایبەت بە ژنانی کردبو، تاوەکو ئەو نەشتەرگەریە بۆ بوکەکەی ئەنجامبدەن.

وتی: پێشتر ژنان ١٠ بۆ ١٥ مناڵیان دەبو و کێشەشیان لەگەڵ هاوسەرەکانیان نەبو، بەڵام ئێستا نازانم هەڵەی کامیانە ژنەکان یاخود پیاوەکان، کەوا دەکات ژنان بێ ئومێد بن و لەدوای دو مناڵ پەنا ببنە بەر نەشتەرگەری جوانکاری ئەندامی مێینەیان.

لەبەرامبەردا د. رەنا ئاماژەی بەوەکرد: پێشتریش ژنان دوچاری ئەم کێشانە دەبون، بەڵام پشتگوێ دەخران و بەدوایدا نەدەچون و بە شتێکی سروشتیان دەزانی، بەڵام ئێستا ژنان  زیاتر‌ گرنگی بە تەندروستی خۆیان دەدەن.

وتیشی: ئەم نەشتەرگەریە تەنها جوانکاری نییە، بەڵکو چارەسەریشە، کاتێک تەسککردن بۆ ئەندامی مێینە ئەنجامدەدرێت، ژنەکە لە کێشەی  ئیلتیهابات و ساردی سێکسی رزگاری دەبێت.

لەبارەی زیانەکانی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە، پزیشکێکی پسپۆڕ ئاماژەبەوەدەکات لەروی تەندروستیەوە هیچ زیانێکی نییە.

د.نەسرین عومەر، پزیشکی ژنان و مناڵبون، وتی: نەشتەرگەریەکە لەڕوی تەندروستیەوە هیچ زیانی نییە، بەڵام بابەتێکی کەسیە و دەبێت نەخۆشەکە داوای ئەنجامدانی بکات نەوەک پزیشکەکان بۆی پێشنیاربکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نەشتەرگەریەکە سودی دەرونی هەیە کە وادەکات ژنەکە دەرونی ئارامببێتەوە و لەو کێشەیە رزگاری ببێت.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,351     ژمارەی میوان 611

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە