بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان: کوشتنی ژنان لە هەرێم کەمیکردوە

2023/11/25    350 جار بینراوە

 

* نەوژین

بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان، ئاشکرایدەکات، بۆ ئەمساڵ کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان کەم و کێشە خێزانیەکان زیادیانکردوە.

فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان، لەمیانی بەرنامەیەکی تایبەتی رادیۆی دەنگ، بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، رایگەیاند: بە خۆشحاڵیەوە دەتوانم بڵێم ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لەهەرێم کەمی کردوە، بەڵام کێشە خێزانیەکان و روداوەکانی شەڕکردن زیادیانکردوە.

رونیشیکردەوە: ساڵی رابردو (٤٤) حاڵەتی کوشتنی ژنان لە هەرێم تۆمارکرابون، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ (٣٠) حاڵەت کەمیکردوە.

خراپی دۆخی سیاسی و نالەباری دۆخی ئابوری و گرفتی موچە هۆکاری سەرەکی زیادبونی کێشە خێزانیەکانن.

وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، ئاماژەیپێکرد: حاڵەتەکانی شەڕکردن بەجۆرێک رولەزیادبونە کە دەبێت بپرسین چی وایکردوە کۆمەڵگە ئەوەندە شەڕانگێز و ناسەقامگیر بێت؟، پێشموایە بۆ هەمو ئەمانە دۆخی سیاسی و گرفتی موچە هۆکاری سەرەکین.

حاڵەتەکانی لێدان پارساڵ زیاتر لە سێ هەزار حاڵەتی تێپەڕاندوە و بۆ ئەمساڵیش لە پلەی دوەمدایە.

بەپێ ئەو ئامارانەی ساڵی رابردو لەلایەن خودی بەڕێوبەرایەتیەکەوە خرانە رو حاڵەتەکانی لێدان زیاتر لە سێ هەزار حاڵەت بون، فێنک شەفیق، وتی: بۆ ئەمساڵیش حاڵەتەکانی لێدان لە پلەی دوەمی توندوتیژیەکانن بەرامبەر بە ژنان و پیاوانیش، بەبێ ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکان بخاتەڕو بەو پاساوەی ئامارەکان لای بەڕێوبەرایەتیەکانی پۆلیسە و کۆتایی ساڵ بڵاویدەکەنەوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,107     ژمارەی میوان 417

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە