توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان رولە زیادبونن و یاساکانیش بۆ بەرەنگاربونەوەی جێبەجێ ناکرێن

2023/12/03    500 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە سلێمانی لەماوەی شەش مانگ دا (1396) کەیسی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە، فەرمانبەرێکی دادگای شارەکەش ئاماژەبەوەدەکات: توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان رۆژ لەدوای رۆژ رو لە زیادبونن، ژنە چالاکێکیش هۆکارەکەی دەبەستێتەوە بەوەی: ئەو یاسایانەی کە لەبەرژەوەندی ژنانن وەکپێویست جێبەجێ ناکرێن.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست نەوژین کەوتون، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لەهەر سێ نوسینگەی (رۆژهەڵات، رۆژئاوا و بەکرەجۆ)ـی سلێمانی (1396) کەیسی توندوتیژی تۆمارکراون.

لەبارەی رێژەی سکاڵاکانەوە، پەخشان محەمەد، فەرمانبەر لە دادگای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە دادگای سلێمانی، بە نەوژینی وت: بەپێی ئەو ئەزمونەی لەکارکردنی دادگاکان هەمە، دەتوانم بڵێم توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان رۆژ لەدوای رۆژ رو لە زیادبونن، رۆژانە لە دادگاکانی شاری سلێمانی دەیان کەیسی توندوتیژی خێزانی تۆماردەکرێن، کە زۆرینەیان دژ بە ژنانن.

زیاتر وتی: توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان لەگەڵ ئەوەی کە زیادیانکردوە، بەڵام هۆکارێکی دیکەش هەیە بۆ زیادبونی رێژەی سکاڵاکان، کە ئەویش هۆشیاری ژنانە، پێشتر ژنان کە توندوتیژی بەرامبەریان دەکرا، زیاتر بێدەنگ دەبون، بەڵام ئێستا سکاڵا تۆماردەکەن.

له‌ هه‌رێمى كوردستان دا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانى توندوتیژی دژى ژنان، یاسای تایبه‌تمه‌ند هه‌یه‌ كه‌ یاسای ژماره‌ (8)ـى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى خێزان لە توندوتیژی و پارله‌مانى كوردستان له‌ ساڵی 2011ـه‌وه‌ ده‌ریچواندوه‌.

سه‌رباری ئه‌وه‌ى وەک دەوترێت یاساكه‌ زۆر بڕگه‌ و ماده‌ى هاوچه‌رخی تیایه‌ بۆ رێگرییكردن له‌ توندوتیژی دژى ژنان، به‌ڵام چالاكوانێك تێبینی لە جێبەجێکردنی هه‌یه‌.

شەیدا مەعروف، سکرتێری رێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە نەوژینی وت: هەر مافێک یاسایەکی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان یاساکان بەپێی پێویست کاری پێناکرێت و لە بەرژەوەندی ژنان دا نییە.

به‌گوێره‌ى وته‌ى به‌رپرسانى حكومیی، له‌ئێستادا له‌ پاڵ به‌رده‌وامیی توندوتیژییه‌كان له‌ فه‌زاى واقیعی دا، به‌شێكى تریشیان گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ فه‌زاى مه‌جازی و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.

ئەیوب حسێن، وته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە گه‌رمیان، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "زۆرترین جۆری ئەو سکاڵا خێزانیانەی ئەمساڵ له‌لامان تۆمارکرابێت، سکاڵان لەسەر لێدان، جنێو و سوکایەتی". پێیشیوایه‌ خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، هۆکاری سەرەکی ئەو زیادبونەن له‌ ژماره‌ و رێژه‌ و قه‌باره‌ى توندوتیژییه‌كانی دژ به‌ ژنان.

به‌رده‌وامى توندوتیژیه‌كان و له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا زیادبونیشیان، پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌: كه‌واتا ئه‌م هه‌مو هه‌ڵمه‌ته‌ى له‌ رابردودا كراوه‌ چی به‌ چی كردوه‌؟ ئایا رۆڵی رێكخراوه‌كانى ژنان له‌كوێدایه‌؟

به‌رای شه‌یدا مه‌عروف، پرسه‌كه‌ قوڵتره‌ له‌وه‌ى ته‌نها لۆمه‌ى رێكخراوه‌كانى ژنانى له‌سه‌ر بكرێت. وتی: بۆ کەمبونەوەی توندوتیژیەکان دەبێت پشت بە پەروەردەی تاک ببەسترێت، نەک به‌ ته‌نیا داوا لە رێکخراوەکانی ژنان بکرێت.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,274,003     ژمارەی میوان 338

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە