* نەوژین
لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کەلار، ئاشکرایدەکات بۆ ئەمساڵ رێژەی تۆمارکردنی سکاڵا خێزانیەکان لە نوسینگەکەیان بەرێژەی (٢٠٪) کەمیان کردوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتریش رایگەیاندبو: ناپاکی هاوسەری لە کەلار بەڕێژەی (٢٥%) زیادیکردوە.
ئەیوب حسێن، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لەکەلار، لەمیانەی بەرنامەی (رۆژێکی تر)ـی رادیۆی دەنگ دا، رایگەیاند: لەمساڵ دا و بەراورد بە ساڵی رابردو ژمارەی سکاڵا خێزانیە تۆمارکراوەکان بەرێژەی (٢٠٪) کەمیان کردوە، بەبێ ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکان بخاتەڕو، بەو پاساوەی ئامارەکان ساڵانە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتییانەوە رادەگەیەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: زۆرترین جۆری ئەو سکاڵا خێزانیانەی ئەمساڵ لای نوسینگەکەمان تۆمارکرابێت، سکاڵا لەسەر لێدان، جنێو و سوکایەتی بوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە کەلار، ماوەیەک بەر لە ئێستا رایگەیاند: حاڵەتەکانی ناپاکی هاوسەری لە کەلار لەمساڵ دا و بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەی (٢٠% بۆ ٢٥%) زیادیکردوە.
ئاشکرایشیکرد: خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هۆکاری سەرەکی ئەم زیادبونەن.