دوای شەش مانگ راگرتن تۆمەتبارێکی سوتانی کچێک ئازاد دەکرێت

2023/10/13    550 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە قەزای خەبات کەسێک کە تۆمەتبارە بەبون بە هۆکاری خۆسوتاندنی کچێک لەدوای شەش مانگ لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت ئازادکرا.

لەدوای کەمتر لە ٦ مانگ لە دەستگیرکردنی، کەسێک کە تۆمەتبارە بە هۆکاری خۆسوتاندنی کچێک بەناوی (میهران) لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، بە کەفالەت ئازادکرا.

میهران عەبدولکەریم، ١٧ ساڵ، دانیشتوی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات بو، درەنگانی شەوێک لە سەربانی ماڵی خۆیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دوای مانەوەی بە برینداری بۆ ماوەی ١٣ رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، شەوی (١٤ـ نیسانی ئەمساڵ) بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەی گیانی لەدەست دا.

میهران، پێش گیان لەدەست دانی، لەبارەی هۆکاری خۆسوتاندنەکەی وتبوی: کەسێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەتی لێکردم و پێی وتم: گەر لەگەڵی نەچمە دەرەوە وێنەم بڵاودەکاتەوە، منیش نەمویست لەگەڵی بچمە دەرەوە و ترساشم لەوەی وێنەکانم بڵاوبکاتەوە، بۆیە پەنام بردە بەر خۆسوتاندن.

بۆ رۆژی دواتر پۆلیسی قەزای خەبات رایگەیاند: ئەو کەسەمان دەستگیرکردوە بە هۆی هەڕەشەکانیەوە میهران خۆی سوتاند. ئاشکرایشیکرد: کەسەکە بەپێی ماددەی (٤٠٨) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. 

ماددەی یەکەم لە یاسای (٤٠٨) لە یاسای سزادانی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە کەسێک هەستابێت بە هاندانی کەسێک بۆ خۆکوشتن یان بە هەر هۆکارێک یارمەتی دابێت بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت. 

هەر لە یاساکە دا هاتوە گەر ئەو کەسەی کە دەبێتە هۆی خۆکوشتنی تەمەنی ١٨ ساڵی تێنەپەڕاندبێت، ئەوا تۆمەتبار سزادەدرێت بە یاسای سزای کوشتنی بە ئەنقەست یان بە سزای تاوانی دەستدانە کوشتن بە گوێرەی بارەکان.

بەڵام لەدوای کەمتر لە شەش مانگ، کەسوکاری میهران دەڵێن: تۆمەتبار بە کەفالەت ئازادکراوە و تاوەکو رۆژی دادگاییش کە هێشتا نازانیین کەی دەکرێت، لە دەرەوە دەبێت.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,162     ژمارەی میوان 467

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە