ژنانی هەڵەبجە لە پێناو باشترکردنی تەندروستیان دەبنە شاخەوان

2023/09/04    606 جار بینراوە

 

* نەوژین

گروپێک لە ژنانی هەڵەبجە پێکەوە گەشتی شاخەوانی ئەنجامدەدەن، دەڵێن، لە روی تەندروستیەوە سودێکی زۆرمان لە گەشتەکان وەرگرتوە.

گروپی ژنانی شاخه‌وانی هه‌ڵه‌بجه، ماوەی سێ ساڵە دەستیان بە گەشتکردن بۆ ناوچە شاخاويیەکانی نزیک لە هەڵەبجە وەک ناوچەکانی: هاوار، هەورامان، سەرتەکی بەمۆ و شاخەکانی چواردەوری هەڵەبجە کردوە.

نافیعه‌ عارف، سه‌رپه‌رشتیاری گروپەکە لەبارەی بیرۆکەی دروستکردنی گروپەکەوە‌ بۆ نه‌وژین وتی: ئێمە سەرەتا دەرچونەکانمان لەگەڵ پیاوان بو، بەڵام دواتر ژمارەی ژنەکان تاکو دەهات زیاتر دەبو، بۆیە بریارماندا بە جیا دەست بە دەرچونەکانمان بکەین و گروپی تایبەت بە خۆمان دروستکرد.

بەشداربوانی گروپەکە باس لەوەدەکەن گەشتەکان کاریگەری لەسەر تەندروستیان هەبوە و ئەمە بە رونی هەستپێدەکەن.

دڵنیا عەبدوڵڵا، ماوەی پێنج ساڵە شاخەوانی دەکات و ئەندامێکی گروپەکەیە، دەڵێت: لەروی تەندروستیەوە سودێکی زۆرم لەم گەشتانە لێبینیوە و لەچاو پێشوتردا هەست بە گۆڕانکاریەکی زۆری تەندروستی دەکەم.

دەشڵێت: بۆ من هەر چونە سەر کێوێک سەرلەنوێبونەوەی تەمەنمە.

وەرزش و پیادەڕەویی، سودێکی زۆری جەستەییان هەیە، بەشێوەیەک سوڕی خوێن، جومگەکانی لەش، ئێسکەکان، مێشک و سیەکان چالاک دەکەن، بۆیە ئەو کەسانەی وەرزش و پیادەڕەوی دەکەن هەمیشە بەهێزتر و چالاکترن بەراورد بە کەسانی دیکە.

"ئەو ژنانەی شاخەوانن و وەرزش دەکەن تێڕوانینیان بۆ ژیان جیاوازە و بەراورد بە ژنەکانی دیکە گەشبینترن و ژیان بە شێوەیەکی جوانتر دەبینن". نافیعە عارف وای وت.
‌ 
گروپی شاخه‌وانی ژنانی هه‌ڵه‌بجه‌ لە پانزە ژن پێکدێت، گەرچی تاوەکو ئێستا گەشتەکانیان تەنها بۆ شاخەکانی هەڵەبجە بوە، بەڵام بەنیازن لەمەبەدوا گەشتی شار و تەنانەت وڵاتانی دیکەش بکەن.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,904     ژمارەی میوان 214

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە