میرات، دەرەچەیەک بۆ ستەمێکی دیکە لە ژنان

2023/05/15    958 جار بینراوە

 

* نەوژین، پەرژین کامەران

لەدوای کۆچی دوای باوکیەوە، ئاوات تاکە هیوای بۆ بەخێوکردنی مناڵەکانی ئەو میراتیە دەبێت کە لە باوکیەوە بۆیان ماوەتەوە، بەڵام لەکاتی دابەشکردنی میراتدا، براکانی ئەو و خوشکەکانی دیکەشی بێبەش دەکەن.

میرات بریتیە لەو موڵکانەی کە مناڵ لە باوانەوە بۆی دەمێنێتەوە، وەک: ماڵ، زەویوزار و هەر پارە و موڵکێکی دیکە، بەپێی شەرعی ئیسلام میراتی دەبێت لە سێ بەش دو بەشی بۆ کوڕ بێت و بەشێکیشی بۆ کچ. بەڵام بە هۆکاری جیاواز، ژنان لەم مافە بێبەش دەکرێن.

ئاوات، ناوی خوازراوی ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتوی شارۆچکەیەکی سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، ماوەی ساڵێک دەبێت باوکی کۆچی دوای کردوە، سەرباری خراپی دۆخی ژیانیان، لەلایەن براکانیەوە خۆی و خوشکەکانی دیکەی لە میراتی باوکیان بێبەش کراون، ئەو دەڵێت: کاتێک من و خوشکەکانم داوای بەشە میراتی خۆمانمان کرد، براکانم بە قسەی ناخۆش دژمان وەستانەوە، تا ئەوەی پێیان وتین: "ئێوە پێویستان بە میرات نیە، بەڵکو میراتیەکە بۆ مێردەکانتان وەردەگرن".

رێکخراوەکانی تایبەت بە پشتیوانی یاسایی ژنان باس لەوە دەکەن بەهۆکاری نەبونی هۆشیاری یاسایی و عەیبە و کێشەی کۆمەڵایەتی، ژنان بێدەنگ دەبن لە وەرگرتنی میرات.

شۆخان ئەحمەد، بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، وتی: زۆرجار لە سیمینارەکانمان بۆ ژنان کە باسی هۆشیاری یاسایی سەبارەت بە میرات دەکەین، ژنان دەڵێن تائێستا نەمانزانیوە یاسا بەو شێوەیە، پێمان عەیب بوە داوای میرات بکەین.

ئەگەر ئاوات براکانی لە میرات بێبەشیان کردبێت، ئەوا ژنانێک هەن دوای کۆچی دوایی هاوسەریان، ماڵی باوکی هاوسەر لە میرات بێ بەرییان دەکەن.

دنیای تەمەن ٣٣ ساڵ کە دایکی دو مناڵە، وتی: دوای مردنی هاوسەرەکەم، ماڵی خەزورم ویستیان لەخانوی خۆمان دەرمان بکەن، دەستیان بەسەر موڵکەکانی هاوسەرم داگرت، تەنانەت بەبڕیاری دادوەر لە خانوەکەمان ماوینەتەوە، ساڵێکە کێشەکەم لەدادگایە، لە پێناو وەرگرتنەوەی مافی میراتی خۆم و مناڵەکانم پەنام بۆ یاسا بردوە، هەرگیز واز لە بەدەست هێنانەوەی ناهێنم.

دابەشکردنی میراتی لە هەرێمی کورستان لە یاسای عێراقی ساڵی ١٩٥٩ـوە وەرگیراوە و لە یاسای ژمارە ١٥ـی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای تایبەت بە باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستاندا هەموار کراوەتەوە، تیایدا هاتوە جگە لە زەوی کشتوکاڵی ناو شار، مافی میرات بۆ کوڕ و کچ وەک یەکە.

سۆران گەڵاڵی، شارەزای بواری دادوەریی، لەرونکردنەوەی یاساکەدا وتی: یاساکە بەپێی شەریعەت دروستکراوە و کچ و کوڕ لە چەند مافێکدا وەک یەک نین و کوڕ دو ئەوەندەی کچ میراتی خێزان دەبات، کە تایبەتە زەوی کشتوکاڵیی ناو شار، بەڵام بۆ میراتی گوند، وەک یەک بەشیان دەکەوێت.

وتیشی: هۆکاری یەکسان نەبوونی خوشک و برا لە زەویوزاری کشتوکاڵی شار و یەکسان بونیان لە زەوی و زاری گوندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە مناڵەکان لە گوند وەک یەک رەنجیان کێشاوە، بەڵام لە شاردا ئەمە جیاوازە و زیاتر پیاو ئەرکی کێشاوە.

باسی لەوەشکرد: بەشە میراتی ژن تەنها لەلای باوک نییە، بەڵکو لەلای هاوسەریش مافی هەیە، لە دابەشکاریی شەرعی پشكی (ژن ـ هاوسەر) چوار یەكە ئەگەر مناڵی میراتگری نەبێت و یەك لەسەر هەشتە ئەگەر مناڵی میراتگری هەبێت.

بنەمای پەیڕەوکراو لە یاسای پەیوەست بە میرات دا، شەرعە، لە ژێر ناوی قەسام شەرعی، یاسای باری کەسی کار بە دابەشکاری شەرعی دەکات، دادگای بەراییش کار بە یاسا دەکات بە پێی دابەشکاری شەرعیش پیاو دو هێندەی ژن بەشە میراتی دەبات.
پارێزەرێکیش ئاماژەبەوەدەکات ژنان زۆر بەکەمی لە کێشەکانی میراتدا رو لەدادگا دەکەن، ئەوانەش رێگەی یاسایی دەگرنەبەر دوچاری کێشەی سەلماندنی میرات دەبنەوە. 

"ژنان بە ڕادەیەکی زۆر کەم پەنا دەهێننە دادگا لە کێشەی میرات و بەشی زۆری ئەوانەش کە پەنا دەهێنن، دوچاری ئەو کێشانە دەبنەوە کە ناتوانن بەشە میراتیەکان بسەلمینن بە تایبەت لە بابەتی ئەو زەویوزارانەی کە تاپۆیان نییە یاخود بە ناو کەسی کۆچکردوەوە نیین". پارێزەر: نەشاد عومەر، وای وت.

زانایەکی ئاینی باس لەوەدەکات لە ئەگەری پێنەدانەوەی میرات بە ژنان باشترە پەنا ببنە بەر یاسا کارپێکراوەکان.

حەسەن دەلۆ، دکتۆرا لە شەریعەت، وتی: هەندێکجار ژنان رو لە ئێمە دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافی میراتیان، هەوڵمان داوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین، لەحاڵەتی رازی نەبونی پیاوان بەگەڕانەی بەشە میراتی ژن، ئەو کات ئێمە دەڵێین بیدەنە دادگا، چونکە خەڵک بەیاسا نەبێت نایەتە سەر رێ.

ئاوات و خوشکەکانی ناچار بەرامبەر بە رەفتارەی براکانیان ماوەی شەش مانگە رێگەی یاساییان گرتوەتەبەر، وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: دەمانەوێت لەڕێگەی یاساوە ئەو مافەی خۆمان وەربگرینەوە، هەروەک کۆڵیش نادەین تاکو مافەکەمان بەدەستدەهێنین.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,195     ژمارەی میوان 2960

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە