یونسکۆ خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەری پێشکەش بە سێ ژنە رۆژنامەنوس دەکات

2023/05/06    510 جار بینراوە

 

* نەوژین

یونسکۆ خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەری بە سێ ژنە رۆژنامەنوسی دانیشتوی وڵاتی ئێران دەبەخشێت، کە هەر سێکیان لە ئێستادا لە زیندانن.

رێکخراوەی پەروەردەیی زانستی و کلتوری نەتەوە یەکگرتوەکان (یونسکۆ) رایگەیاند: خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەری بۆ ساڵی ٢٠٢٣ـمان بەخشیوە بە هەر سێ خانمە رۆژنامەنوسی وڵاتی ئێران: نیلۆفه‌ر حامدی و ئیلاهه‌ محه‌مه‌دی و نێرگز محه‌مه‌دی، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو سێ ژنە رۆژنامەنوسە بەهۆی کارە رۆژنامەوانیەکانیانەوە لە زیندانن.

نیلوفەر حەمیدی، ئەو ژنە رۆژنامەنوسە بو کە بۆ یەکەمجار هەواڵی مردنی ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی بڵاوکردەوە.

ئیلاهی محەمەدی، راپۆرتەکانی باسیان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و یەکسانی جێندەری دەکات، هاوشێوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ژینا ئەمینیەوە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوەوە دەستگیرکراوە.

نێرگز محەمەدی، ساڵانێکی زۆر وەک رۆژنامەنوس کاردەکات، سەرباری ئەوەی لە زیندانە و سزای شانزە ساڵ زیندانی هەیە،بەڵام  لە زیندانەوە بەردەوامە لە راپۆرتکردنی چاپکراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانییە ژنەکانی دیکە دا دەکات.

ئۆدری ئۆزۆلای، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی یونسكۆ، لە بارەی پێدانی خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەری بەو سێ ژنە رۆژنامەنوسە دەڵێت: ستایشی کاری ئەو سێ خانمە رۆژنامەنوسە دەکەم كه‌ ئه‌ركه‌كانیان له‌ژێر ترس و هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستدرێژی دا جێبه‌جێده‌كه‌ن، ئێستا لە هەمو کاتێک زیاتر گرنگە رێز لە ئەو ژنە رۆژنامەنوسانە بگرین کە رێگری لە ئەنجامدانی کارەکانیان دەکرێت و روبەڕوی هەڕەشە و هێرش دەبنەوە.

خەڵاتی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری (یونسکۆ/گیلەرمۆ کانۆ) لە ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە، ساڵانە پێشکەش بە کەسێک، رێکخراو یان دامەزراوەیەک دەکرێت، کە بەشدارییەکی نایابی لە ئازادی رۆژنامەگەریدا کردبێت بەتایبەتی کاتێک کە بەرامبەر مەترسیدا کارەکەی ئەنجامدابێت.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,337,330     ژمارەی میوان 860

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە