ژنانی سیاسی گەرمیان: کۆمەڵگە و بەرپرسیارێتیەکانی سەرمان رێگرن لە بەرەو پێشچونمان

2023/03/17    508 جار بینراوە

* نەوژین

ژنانی سیاسی گەرمیان باس لەوەدەکەن، کۆمەڵگە و هەبونی بەرپرسیارێتیەکی زۆر لە سەریان هۆکاری بەرەوپێش نەچونیانە، رۆژنامەنوسانیش دەڵێن: نەک تەنها ئەوە، بەڵکو حزبە سیاسیەکان و میدیاش بەشێکن لە هۆکارەکانی کەمی بەشداری سیاسی لە ناوچەکە.

دیجیتاڵ میدیای نەوژین، گفتوگۆیه‌كى له‌ رێكه‌وتى (٢٦-٢-٢٠٢٣) له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار بە بەشداری: (شادیە حسێن- بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، گوڵی ئەحمەد- کادری لقی ٢٢ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، سۆلاڤ عەلی- ئەندامی کۆمەڵەی ئافره‌تانى کوردستان و كادیری حزبی شیوعی، پەرژین كامه‌ران- رۆژنامەنوس و شۆخان حەمە ساڵح - رۆژنامەنوس) ئه‌نجام دا، له‌باره‌ى ئاله‌نگارییه‌كانى به‌رده‌م به‌شداریی سیاسی ژنان.

پوخته‌یه‌ك له‌ دیارترین سه‌رنجه‌كانى به‌شدارانى گفتوگۆكه له‌ خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو:

 

* کۆمەڵگە و کلتور رێگرە لەبەردەم پێشکەوتنی ژنانی سیاسی

وەک بەشداربوانی مێزگردەکە ئاماژەیان پێکرد، کۆمەڵگە و کلتوری ناوچەکە، بەزۆری رێگرە لە هاتنە پێشەوەی کچان و ژنان بۆ نێو کایەی سیاسی، هەروەک ئەوانەشی بەشداربوی سیاسین کۆمەڵگە هۆکارە بۆ پێشنەکەوتنیان. 

سۆلاڤ عەلی، لەمبارەیەوە وتی: من هەرچەندە خێزانەکەم پشتگیرم بون ئەوکاتەی بڕیارم دا بێمە نێو کاری سیاسیەوە، بەڵام چەندینجار خەڵکی دەوروبەر بە هاوسەرەکەمیان دەوت بۆچی رێگە دەدەیت ژنەکەت کاری سیاسی بکات، کارێکی باش نیە، بەڕای من هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی خێزانەکان نەهێڵن کچەکانیان بێنە نێو کایەی سیاسی و حزبیەوە. 

هاوکات هەر لەو بارەیەوە، شادیه‌ حسێن، وتی: ئێمە هێشتا نەگەشتوین بەو ئاستە رۆشنبیریەی کە هەقمان بەسەر دەوروبەرەوە نەبێت، ئەمەش وایکردوە ئەو جۆرە کارانەی بە دڵی کۆمەڵگە نیە، قورسبێت کردنیان.

شادیە حسێن- بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان

 

* خودی ژنان و بەرپرسیارێتیەکانی دیکەی سەریان هۆکارێکی دیکەیە

ژنانی سیاسی ئاماژەیان بەوەکرد هەندێک کات ژنان دەرفەتیشیان بۆ دێتە پێشەوە تاوەکو پۆستی گەورە وەربگرن، بەڵام خۆیان رەدی دەکەنەوە. 

لەم بارەیەوە، سۆلاڤ خۆی بە نمونە هێنایەوە وتی: من لەلایەن حزبەکەمەوە پێشنیاری پۆستی باڵا و خۆ کاندید کردنم بۆ پارلەمانی کوردستان لێکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بیرم لە مناڵەکانم و خزمەتکردنیان کردوەتەوە، پێشنیارەکەم رەد کردوەتەوە. 

 

* نه‌ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌ت بۆ ژنان

شادیه‌ حسێن، هه‌روه‌ها وتی: من بەڕێوبەری گشتیم، بەڵام لەنێو بەڕێوبەرایەتیەکەم ژنی زۆر ئازا هەیە، لە توانایدا هەیە کاری زۆر گەورە بکات، بەڵام چونکە کەسێکی حزبی نیە، دەرفەتی بۆ نەڕەخسێندراوە بۆ ئەوەی بکرێت بە بەڕێوبەر یان پۆستێکی باڵای پێ بسپێردرێت.  

سۆلاڤ عەلی- ئەندامی کۆمەڵەی ئافره‌تانى کوردستان و كادیری حزبی شیوعی


* نەبونی متمانە بە توانا سیاسیەکانى ژنان و رێگرى خودی حزبه‌كان

وەک گوڵی ئەحمەد، ئاماژەی پێکرد: زۆرکات ژنان متمانەیان بە توانا سیاسیەکانی خۆیان نیە، ئەمەش وا دەکات بترسن لە هاتنە پێشەوە بۆ نێو کاری سیاسی.

هاوكات به‌شدارانى گفتوگۆكه‌ ئاماژیه‌ان به‌وه‌كرد، لایەنە سیاسیەکانیش بەشێکی دیکەی گرفتەکانن

پەرژین کامەران، وتی: بەپێی ئەو بەدواداچونانەی لەمیانی ئامادەکردنی راپۆرتە سیاسیەکان دا کردومن، ژنانی سیاسی گلەی ئەوەیان هەبوە کەوا حزبەکانیان پشتگوێیان دەخەن و رێگری دەکەن لەوەی بەشداری کۆبونەوە چارەنوسسازەکان بکەن، هەروەک باسیان لەوەشدەکرد ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی شارەزایمان لە سیاسەت کەم بێت و نەتوانین رکابه‌رێکی بەهێزی پیاوان بین.

هاوکات هەر لەوبارەیەوە شۆخان حەمەساڵح وتی: ژنانی سیاسی نێو حزبەکان هەرچەندە گلەییان لە حزبەکەشیان هەبێت، قسە ناکەن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن ئەمەش وایکردوە پیاوانی نێو حزبەکان زاڵبن و ژنان پشتگوێ بخرێن.

گوڵی ئەحمەد- کادری لقی ٢٢ـی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

* میدیا کاریگەری نەرێنی هەیە لە زیادکردنی بەشداری سیاسی ژنان 

وەک شۆخان حەمەساڵح، ئاماژەی پێکرد: میدیاکان بەگشتی کاریگەری نەرێنیان لەسەر دۆخی سیاسی ژنان هەیە، بەتایبەت میدیا نەناسراوەکان (فەیکەکان) ئەوان تۆمەت بۆ ژنانی سیاسی دروستدەکەن یاخود قسە بەناویانەوە بڵاودەکەنەوە، یانیش وەک زۆرکات دەیبینین بەشێک لە قسەکانیان کە مانایەکی باشی نیە بڵاودەکەنەوە.

گوڵی ئەحمەد، جەختی لە قسەکانی شۆخان کردەوە و وتی: چەندین جار هەبوە لە میدیاکان قسەی ژنانی سیاسی بە شێوەی پچڕ پچڕ دانراوە و بەشێوەیەک پیشاندراوە کەوا قسەکانی مانایەکی باش و رێکیان نەبێت.

رۆژنامەنوسان: پەرژین کامەران و شۆخان حەمەساڵح

 

* چی بكرێت؟

لەبەشی دوەمی مێزگردەکە دا بەشداربوان باسیان لە چۆنیەتی كاراكردنى به‌شداری سیاسی ژنان و تێپه‌ڕاندنى له‌مپه‌ره‌كان كرد.

شادیه‌ حسێن، وتی: هەنگاوی یەکەم دەبێت ژنان لە خۆیانەوە دەستپێبکەن، پەرە بە تواناکانیان لە سیاسەت دا بدەن، تاوەکو لەتوانایان هەبێت رکابەری پیاوانی سیاسی بکەن.

هاوکات سۆلاڤ عەلیش جەختی لەو رایەکردەوە و وتی: گرنگە ژنان لە خودی خۆیان دەستپێبکەن و گرنگی زیاتر بە تواناکانیان بدەن.

گوڵی ئەحمەدیش ئاماژەی بەوەکرد: بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ژنان پێویستە سڵ لەتواناکانیان نەکەنەوە.

هەریەک لە پەرژین کامەران و شۆخان حه‌مه‌ساڵح، پێیانوابو دۆخە لە سودی بەشداری سیاسی ژنان دەبێت کاتێک میدیاکان پشتگیری لە ژنانی سیاسی بکەن، یاخود هیچ نەبێت دژیان نەبن، هەروەک جیاکاری نەکردنی رەگەزی لەنێو حزبەکان و زیادکردنی کۆتایی ژنان رێگەیەکی دیکەیە.

 



Newjin.net - 2023
ژمارەی سەردان 1,117,342     ژمارەی میوان 13

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە