لە کەلار 6 ژن نوسینگەیەکی شۆفێری دەکەنەوە

2023/03/06    4866 جار بینراوە

 

* نەوژین، پەرژین کامەران

شەش ژن پێکەوە نوسینگەیەکی شۆفێری لە قەزای کەلار دەکەنەوە، بەمەش نوسینگەکەیان دەبێتە یەکەم نوسینگەی شۆفێری لە ناوچەکە کە بەتەواوی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڕێوبەری نوسینگەکەش دەڵێت: ژنان په‌رۆشییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ی ئێمه‌ له‌ناوچه‌كه.

نوسینگه‌ی (ئاڵا)ـی تایبه‌ت به‌فێركردنی شۆفێری ژنان، نوسینگه‌یه‌كی ناحكومییه و لە لایەن شەش ژنەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرجەم ستافەکە دوای شەش مانگ لە وەرگرتنی راهێنان بڕوانامه‌ی ڕێگه‌پێدراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان بۆ وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوە، نوسینگەکە هه‌رچه‌ندە له‌سه‌ره‌تای كاركردنیدایه‌‌, بەڵام ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنانی گەرمیان روی لێده‌كه‌ن.

لە بارەی بیرۆکەی کردنەوەی نوسینگەیەکی تایبەت بە ژنان لە ناوچەکە فێنك نامیق، راهێنه‌ر له‌ نوسینه‌گه‌کە بۆ نەوژین وتی: نه‌بونی ژن له‌نوسینگه‌كانی كه‌لار وایكرد ئه‌م نوسینگه‌یه‌ بۆ ژنان بكه‌ینه‌وه، هۆکارێکی دیکەش من بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەم لە نوسینگەی شۆفێری کاری دەکرد بۆی باس دەکردم کەوا بەردەوام ژنان داوای راهێنەری ژن دەکەن، بۆیە بڕیارمان دا لەگەڵ پێنج ژنی راهێنەر و شارەزا نوسینگەکە بکەینەوە.

 

تایبه‌تكردنی نوسینگه‌كه‌ به ژنان وایكرد ستافەکە بۆ ئاسانكاریکردن بۆ ژنانی فێرخواز به‌شێك تایبه‌ت بكه‌ن به‌ له‌خۆگرتنی مناڵان، ئەمە سەرباری ته‌رخانكردنی به‌شێكی دیكه‌ به‌ میكانیكی ئۆتۆمبێل.

گه‌شاو هه‌ژار، راهێنه‌ر، لەبارەی کردنەوەی بەشی تایبەت بە لەخۆگرتنی مناڵان، وتی: هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی رومان لێده‌كه‌ن مناڵیان پێیه‌، ئه‌مه‌ش رێگر ده‌بێت لەوەی باشتر فێركارییه‌كان وه‌ربگرن، بۆیە هەر له‌نێو نوسینگه‌ به‌شی له‌خۆگرتنی مناڵمان کردوەتەوە.

وتیشی: له‌ ئاماده‌كارییشداین تاوەکو به‌شێكی نوسینگه‌ ته‌رخان بكه‌ین به‌ میكانیك، بۆ ئاشناكردنی ژنان به‌ به‌شه ‌سه‌ره‌كییه‌كانی ئۆتۆمبێل، بۆئه‌وه‌ی له‌هه‌ر شوێنێك كێشه‌یه‌ك له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان دروست بو بزانن  چییه‌ و چۆن چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی پێویستیان به‌ یارمه‌تی ده‌وروبه‌ر نەمێنێت.

 

نوسینگه‌ی ئاڵا هه‌ردو جۆری مۆڵه‌تی تایبه‌ت و گشتی له‌خۆده‌گرێت، وەک ژوار هه‌ژار، راهێنەری پراکتیکی نوسینگەکە باسی لێوەکرد: ژنانی سه‌ردانیكه‌ر زۆرتر خواستیان له‌سه‌ر جۆری مۆڵه‌تی تایبه‌ته، چونکە وەکخۆیان دەڵێن: "ئاسانترە".

ژنانی ناوچەکە به گرنگیەوە‌ له‌كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌ڕوانن، ئاماژە بەوەدەکەن گەر پێشتر بیانوەیەک هەبوێت بۆ رێگریکردن لە فێربونی شۆفێری ئیدی ئەو بیانوەیان نەماوە.

ئاشتی، ژنه‌ فێرخوازێكی نوسینگه‌كه‌یه، ئەو بە نەوژینی وت: دڵخۆشم به‌كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌یه‌كی تایبه‌ت به ‌ژنان، من چوار ساڵ بو دەمویست مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبهێم، بەڵام هاوسەرەکەم رازی نەدەبو بەوەی لەلایەن پیاوەوە فێری شۆفێری بکرێم، بەڵام ئێستا لێرەم و زۆر سودم لە راهێنانەکان بینیوە.

 

ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سەردانی نوسینگەکە دەکەن، بەڕێوبەری نوسینگەکەش باس لەوەدەکات چاوەڕوان دەکەن لە پشوی هاوین دا فێرخوازی زیاتر رو لە نوسینگەکەیان بکات.

دێكان جومعه، به‌ڕێوبه‌ری نوسینگه‌ی ئاڵا‌، وتی: ژنان په‌رۆشییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ی ئێمه‌ له‌ناوچه‌كه‌‌، سەرباری ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ژنان له‌ئێستا دا رومان لێده‌كه‌ن، رێژه‌یه‌كی به‌رچاویش چاوه‌ڕوانی هاتنی پشوی هاوینن، به‌ مه‌به‌ستی راهێنان و وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت رو له‌ نوسینگەکە‌ بكه‌ن.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,544,772     ژمارەی میوان 192

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە