”ژنانی سیاسی هەرێم ژمارەیان زیادی کردوە بەڵام کاریگەریان نا“

2021/02/21    240 جار بینراوە
 
* نەوژین، محەمەد مەحمود
 
 
ئەو ژنانەی لە هەرێم دەیانەوێت سیاسەت بکەن بە وتەی چالاکوانانی ژنان دەبێت لە قاڵبی پیاوسالاری بمێننەوە ئەگینا بە تۆمەتی جیاواز ‏دوردەخرێنەوە، دەشڵێن لەنێو سیستەمێکدا کاردەکەن هەمان ئەوسیستەمەیە کەئەوانی خستوەتە ماڵەوە.‏
 
 
دوێنی لە قەزای کەلار، سیمینارێکی تایبەت بە باردۆخی ژنان و تێکۆشان دژی رەگەزگەرایی بە رێوەچوە کە تێدا هەریەک هاوژین زیبا، ‏توێژەری دەرونی و ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی لەگەڵ شاتو محەمەد، وتەبێژی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بابەتەکانیان پێشەکەشکرد.‏
 
”ژن پەراوێزخراوە لە سیاسەتدا“
 
لە بارەی رۆڵی ژن لە سیاسەتدا شاتو محەمەد، بۆ نەوژین وتی: تاڕادەیەکی زۆر پەراوێز خراون، تەنها کاتێک رێگەیان لە بەردەمدا دەکرێتەوە ‏بۆ سیاسەت کردن کەنمونەی  درێژەپێدەری زیهنیەتی پیاوکلاسیک بن، ئەم سیستەمەش ئەو ژنانە بەو شێوەیە قبوڵ ئەکا کە بەرنامە رێژیان بۆ ‏دائەنێ، ئەوەش  هۆکارە لە دورکەوتنەوەی ژنان لە سیاسەتدا و رۆڵنەگێران  لەسیاسەتی دیمکراتیدا.‏
 
 
شاتو محەمەد، وتەبێژی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، قەزای کەلار، وێنە: نەوژین
 
هاوکات نەبونی ژنی بە ئیرادە و خاوەن بیری پێشکەوتو دەبەستێتەوە بەهۆکاری بونی سیاسەتێکی نادیموکرات لە هەرێم دەشڵێت: ”ئەو ژنانەش ‏کە توانی پێشەنگایەتیان هەیە بە تۆمەتی جیاواز جیاواز دوردەخرێنەوە“.‏
 
”ئەوژنانەی دێنە دەرەوە لەنێو سیستەمێکدا کاردەکەن کەئەوانی ‏خستوەتە ماڵەوە“
 
هاوکات چالاکوانانی مافەکانی ژنان باسلەوەدەکەن ژنانی سیاسی هەرێم ژمارەیان زیادی کردوە بەڵام کارگیەریان نا.‏
 
 
هاوژین زیبا، وایده‌بینێت كه‌ ئێستا هاتنه پێشه‌وه‌ى ژنان بۆ هەمو بوارەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە باشتره‌، رێژەیان زۆرە، بەڵام تەنها ژمارە ‏بەسنیە، کەسایەتی و شێوازی دەرکەوتنیان و چونەپێشەوەیان گرنگە.‏
 
 
هاوژین زیبا، ‏توێژەری دەرونی و ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی، قەزای کەلار، وێنە: نەوژین
 
بە نەوژینی راگەیاند: ”زۆر بونی ئەو ژنانەی دێنە نێو بوارە جیاوازەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەدیوێکیا دڵخۆشییە کە گوزارشتە لە ‏بەکارهێنانی توانی ژن لەلایەن خۆیەوە، بەدیوێکی تریشیا ئەوژنانەی دێنە دەرەوە لەنێو سیستەمێکدا کاردەکەن هەمان ئەوسیستەمەیە کەئەوانی ‏خستوەتە ماڵەوە، هەربۆیە پێویستە عەقڵیەتێک هەبێت بتوانێت ژن بگۆڕێت لەو بەرگەی هەزار ساڵە بۆی دوراوە“.‏
 

 قەزای کەلار، سیمینارێکی تایبەت بە باردۆخی ژنان و تێکۆشان دژی رەگەزگەرایی، وێنە: نەوژین

 

 



ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 62,329     ژمارەی میوان 7