چه‌ك رێگره‌ له‌ كه‌مبونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانى كوشتنی ژنان

2023/01/11    233 جار بینراوە

 

* نەوژین، پەرژین کامەران

رێژەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە، بەشێکی زۆری ئەم کوشتنانەش لەڕێگەی چەکەوە ئەنجامدەدرێن، بۆ رێگەگرتن لە بەرزبونەوەی رێژەکە حکومەت بەبڕیارێک قەدەغەی چەکی بێمۆڵەتی کردوە، بەڵام وەک پارلەمانتارێک ئاماژەی پێدەدات: پڕۆسەی قەدەغەی چەکی بێمۆڵەت زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت.

له‌مانگی حوزه‌یرانی ئەمساڵ و به‌هۆی رودانی چەند حاڵه‌تێکی كوشتن به‌چه‌ك له ‌هه‌رێمی کوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕیاریدا: دەبێت چه‌كی بێ مۆڵه‌ت قه‌ده‌غه‌ بکرێت، لەدوای ئەم بڕیارە رێکارەکانی قەدەغەکردنی چەکی بێمۆڵەت دەستیپێکردوە، بەڵام وادیارە پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت، چونکە لەدوای چوار مانگ بەسەر دەرچونی بڕیارەکە دا هێشتا کوشتن بە چەک لە ئاستێکی بەرزدایە.

فێنك شه‌فیق، به‌ڕێوبه‌ری گشتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بۆ نەوژین وتی: وەکو وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌پێناو رێگری له‌زیادبونی توندوتیژیه‌كان كه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌كی بێ‌مۆڵه‌ت و مۆڵه‌تداره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌ستكراوه بە‌ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و شوێنانه‌ی چه‌ك به‌بێ مۆڵه‌ت وقاچاخ ده‌فرۆشن.

یاسای ژماره‌ (٢)ـی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای چه‌ك له‌هه‌رێم، له‌ماده‌ی (١٢) بڕگه‌ی یه‌كه‌م دا دەڵێت: هه‌ركه‌سێك قاچاخ و بازرگانی به‌چه‌ك بكات به‌بێ مۆڵه‌ت، به ‌(١٠) ساڵ زیندانی كردن سزا ده‌درێت. لەمادەی (١٥)ـی بڕگەی یەکەمی هەمان یاساشدا هاتوە: هەرکەسێک چەک بەبێ مۆڵەت هەڵبگرێت به‌ به‌ندكردن بۆماوه‌ی (١) ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له‌ (٣) ساڵ زیاتر نه‌بێت سزادەدرێت، پێبژاردنیشی دەبێت لە دو ملیۆن كه‌متر نه‌بێت و له‌ پێنج ملیۆن زیاتر نه‌بێت.

 

شادی نه‌وزاد، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ژنان له ‌پا‌رله‌مانی كوردستان ‌باس له‌وه‌ ده‌كات ئەو ‌رێكارانه‌ی به‌رامبه‌ر چه‌كی بێمۆڵه‌ت و بازاڕه‌كانی چه‌ك له‌كوردستان گیراونه‌ته‌به‌ر سسترن له‌وه‌ی ئێمه‌چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، له‌كاتێكدا رێژه‌ی كوشتنی ژنان له‌هه‌ڵكشاندایه‌.

ئەو وتی: بۆبه‌رگرتن به‌ لێشاوی كوشتنی ژنان كه‌ به‌چه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێك لە راسپاردەکانی پا‌رله‌مان بۆ حكومه‌ت ئه‌وه ‌بو كه‌ دیارده‌ی چه‌كداری و چه‌كی بێ مۆله‌ت لە بازاره‌كانی به‌چاودێری حكومه‌ت بێت، هەروەک پێویسته‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌ماڵاندا هه‌ن و لای خه‌ڵكن چوارچێوه‌یه‌كی یاسای كرداره‌كیان بۆ دابنرێت و دیارده‌ی چه‌كداری نه‌هێڵدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: به‌ڵام ئه‌و رێكارانه‌ی گیراونه‌ته‌ به‌ر هێشتا سستن، له‌كاتێكدا رێژه‌كانی كوشتنی ژنان بەچەک له‌ زیادبوندایە و پێویستی به‌كاری زیاتر و وردتر هه‌یه.

هەر بەم هۆکارە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا: ئه‌وانەی له‌هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ كارده‌كه‌ن، دەبێت دوای ته‌واوبونی ده‌وامیان چه‌كه‌كانیان هەر لەشوێنی دەوامیان به‌جێبهێڵن.

 

د. هێمن میرانی، به‌ڕێوبه‌ری دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بۆ نەوژین شێوازی لێسەندنەوەی چەکی لە هێزەکانی ناوخۆ لەدوای دەوامیان رونکردەوە و وتی: ئاماده‌كاری دەکەین له‌ماوه‌ی ساڵێكدا پرۆسه‌ی كۆگای چه‌ك به‌ئه‌نجام بگەیەنین، واتا چیتر ئه‌و كه‌سانه‌ی لە هێزه‌كانی ناوخۆ و پۆلیس كارده‌كه‌ن له‌دوای ده‌وامی فه‌رمیان چه‌كه‌كانیان له‌ كۆگا دادەنێن و نا‌یبه‌نه‌ ماڵه‌وه.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی ژنان لەماوەی ١١ مانگی ٢٠٢٢دا، (٣٥) ژن کوژراون، لەم ژمارەیەوە و بەپێی بڵاوکراوەکانی پۆلیس بەشێکی زۆریان بە چەک کوژراون، بەڵام هیچ داتایەکی فەرمی لەمبارەیەوە نیە.
 

 



Newjin.net - 2023
ژمارەی سەردان 825,524     ژمارەی میوان 18

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە