جێندەر هاوڕەگەزخوازیە یان یەکسانی نێوان ژن و پیاو؟

2023/01/08    1398 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

وشەی جێندەر ماوەیەک دەبێت لە کوردستان بوەتە جێی مشتومڕ لەنێو خەڵک دا و بەشێک پێیانوایە ئەوانەی باس لە یەکسانی جێندەری دەکەن مەبەستیان بانگەشکردن بۆ "هاوڕەگەزخوازی"ـە، لەوەڵامدا خانمە چالاکێکی بواری ژنان دەڵێت: لەوانەیە ئەم وشەیە مانای دیکەشی هەبێت، بەڵام لە کوردستان هەر بەواتای یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەکارهاتوە.

جێندەر وشەیەکی ئینگلیزیە و لە بنەڕەتدا لە وشەی(gen)ـی زمانی هیندۆئەوروپییەوە وەرگیراوە و بەمانای جۆر یان رەگەز دێت، هەروەک جێندەر لە روی زمانەوانییەوە بەمەبەستی جیاوازی و لێکدانەوەی سروشتی تایبەتمەندی نێوان نێر و مێ لە بواری کلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەکاردەهێنرێت. 

هاوکات خانمە نوسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی سیمۆن دی بۆڤوار، پێناسەیەکی وردتری بۆ جێندەر کردوە، ئەو دەڵێت: جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان ژن و پیاو زگماکی نیین، لە دو توێی پڕۆسەیەکی درێژی کۆمەڵایەتیدا دروستکراون، بۆ دابڕینی ئەم جیاوازیە دەستکردانەش لە جیاوازیە بایەلۆژیە سروشتیەکان زاراوەی جێندەر بەکاردەهێنرێت.

هاوکات و بەتایبەت ئەوەی لە کوردستان بەکاردێت زیاتر وشەی (یەکسانی جێندەری)ـیە، کە بەزۆری لەلایەن رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان و ئەو لایەن و کەسانەی لەبواری مافەکانی مرۆڤ کاردەکەن بەکاردەهێنرێت و مەبەستیانە یەکسانی لەنێوان ژنان و پیاوان لەڕوی مافەوە فەراهەم بکرێت، بەڵام بەم دواییە ئەم پرسە بوەتە جێگەی مشتومڕ و زۆرێک دەستەواژەکەیان گرێداوەتە بابەتی هاوڕەگەزخوازییەوە، بەتایبەتیش ئەو رێکخراو و لایەنانەی لەبواری مافەکانی ژنان کاردەکەن زیاتر تۆمەتبار دەکرێن بەوەی هەوڵی پارێزگاریکردن و بانگەشەکردن بۆ ئەم پرسە دەدەن. 

 

بەهار عەبدولرەحمان، سکرتێری گشتی خوشکانی یەکگرتو، لە بارەی ئەم مشتومڕانەی بەم دواییانە لەسەر وشەی جێندەر دروستبون لەگەڵ تۆمەتبارکردنی رێکخراوەکان بە بانگەشەی هاوڕەگەزخوازی، بۆ نەوژین وتی: وشەی (یەکسانی جێندەری) تاکو ئێستا لەلایەن هەمو رێکخراوە فەرمیەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان هەر بە مەبەستی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە روی مافەوە بەکارهاتوە و لەمەبەدوایش هەر بەم شێوەیە کاردەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد: هۆکاری دروستبونی مشتومڕ لە ئێستادا لەبارەی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک رێکخراو و لایەنی بچوک و نافەرمی کە بەمدواییانە لەپێناو وەرگرتنی فەند لە وڵاتانی دیکە لەژێر ئەم ناوەدا دەستیان بە بانگەشەکردن و کارکردن بۆ هاوڕەگەزخوازی کردوە. 

لەبەرامبەردا خانمە چالاکێكی بواری ژنان ئاماژە بەوەدەکات، تاکو ئێستا لەلایەن بەشی جێندەری زانکۆکان و رێکخراوەکانیشەوە بەهیچ شێوەیەک باسی هاوڕەگەزخوازی نەکراوە و ئەمەی دەوترێت بێ بەڵگەیە.

نیگار رەشید، چالاکی بواری ژنان، بۆ نەوژین وتی: ماوەی ١٠ ساڵە بەشی جێندەر لە زانکۆکان دا کراونەتەوە، بەڵام ئەم هەمو ماوەیە هیچ باسێک و بانگەشەیەک بۆ هاوڕەگەزخوازی نەکراوە و ئەمەی مەلاکان و بانگخوازەکان بەتایبەت دەیڵێن بێ بەڵگە و لەخۆوەیە، هەروەک بۆ رێکخراوەکانیش ئەم قسەیە هەر راستە.

 

ئەوانەی پێیانوایە جێندەر بانگەشەی هاوڕەگەزخوازیە پشت بە پێناسەیەکی پەیمانگای کەنەدی بۆ توێژینەوەی تەندروستی دەبەستن کە ئەوان بەم شێوەیە پێناسەیان کردوە، جێندەر بریتییە لە: رەگەزی کۆمەڵایەتی کەسێک، نەک ئەو رەگەزە بایەلۆژییەی کە پێوەی لەدایکبوە.

هەروەک وایشی لێکدەدەنەوە: مەبەست لەم دەربڕینە ئەوەیە کەسێک گەر کوڕ بێت، بەڵام لە ژینگەیەکی کچانە ژیابێت دواتر ئاساییە خۆی بکات بە کچ یان بە پێچەوانەوە. 

لەمبارەیەوە، نیگار رەشید وتی: جێندەر لەوانەیە فرە واتا بێت، بەڵام لە کوردستان تەنها بە یەک واتا بەکارهاتوە، ئەویش بۆ پاڵپشتی لە مافەکانی ژنان واتا لە مافدا یەکسان بن لەگەڵ پیاو دا و بانگەشکردن بۆ پاراستنی خێزانە.
 
لەبارەی ئەو لایەنەشی ئەم پرسەی جوڵاندوە، ئەو خانمە چالاکە وتی: ئەوەی ئەم هەڵایەی دروستکردوە لایەنی دەسەڵاتە و مەبەستیانە خەڵکی سه‌رقاڵ و بێ ئاگا لە کێشەکانی دیکە بکەن، ئەمڕۆ ئەم باسەیان جوڵاندوە سبەی باسێکی دیکە گەرم دەکەن.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,197     ژمارەی میوان 4636

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە