مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی: دەمانەوێت رێژەی ژنان لە رێکخستنەکان دا زیاد بکەین

2022/10/20    819 جار بینراوە
 
* نەوژین، هۆزان فەریق
 
بەشداری ژنان لەکاری سیاسی دا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەگشتی لە ئاستێکی نزمدایە، ئەم واقعەش لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دا بونی هەیە کە زۆربەی جومگەکانی ئیدارەی سنورەکەی لە دەستدایە.
 
ئەکرەم ساڵح، وتەبێژی مەڵبەندی ١١ـی رێکخستنی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی بەشداری ژنان لەنێو حزبەکەی دا، بە نەوژینی وت: ژنان لەنێو یەکێتی دا بەشداریان زۆرە، ئەوان لە مەڵبەند و رێکخستنەکاندا بونیان هەیە و گرنگی خۆیان سەلماندوە، هەروەک ئێمەش بەردەوام گرنگی بە رێژەی بەشداری ژنان لەنێو حزبەکە دەدەین.
 
ئەم قسانەی وتەبێژی مەڵبەندەکە لەکاتێکدایە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گۆڕانکاری لە ١٤ پۆستی نێو مەڵبەندەکەدا ئەنجامدرا و لەم ژمارەیە تەنها یەک پۆستیان بە ژن سپێردرا.
 
ئەکرەم ساڵح، لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا ژنانی نێو حزبەکەی بەهۆکار زانی و وتی: هۆکاری ئەوەی پۆستی کەم بە ژنان دراوە ئەوە بوە خۆیان هاتنە پێشەوەیان نەبوه، گەرنا ئێمە لەگەڵ هەبونی ژنان لە پۆستەکاندا لاریمان نیە، هەروەک پلانمان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەکە نەک تەنها لە نێو پۆستە حزبیەکان، بەڵکو لە پۆستە ئیداریەکانیش رێژەیان زیاددەکەین.‌
 
هاوکات لەماوەی پێشوتردا دەنگۆ هەبو کەوا یەکێتی بەنیازە پۆستی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ١١ـی گەرمیان بە ژنێک بسپێرێت، بەڵام پاش گۆڕانکاریەکان هیچ ژنێک لەم پۆستە دانەنرا.
 
وتەبێژەکەی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی لەم بارەیەوە وتی: ئێمە سەرجەم کادرانمان ئاگادارکردەوە تاکو سیڤی خۆیان بۆ ئەم پۆستە پێشکەش بکەن، بەڵام تەنها یەک ژن سیڤی خۆی پێشکەشکرد، بۆیە پۆستەکە بە ژن نەدرا.
 
یەکیتی نیشتیمانی کوردستان، لە (١ـی حوزەیرانی ١٩٧٥) لە دیمەشق دامەزراوە، تاکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستوە، هەروەک لەکۆی ١٢٤ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە تەنها ١٧ ئەندامیان ژنن کە دەکاتە رێژەی ١٣.٧٪ـی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی.
 
 
* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,962     ژمارەی میوان 520

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە