کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرۆکی ژنانی لادێنشینی گرتوە

2022/10/15    1232 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
خراپبونی دۆخی ئابوری لادێنشینان کاریگەری خراپی کردوەتە سەر ژنانی لادێنشین و وایکردوە کچەکان واز لەخوێندن و ژنانیش واز لە کاری کشتوکاڵی بهێنن.
 
ئەندامێکی تیمی وادی ئەڵمانی کە پرۆژەکانیان تایبەتە بە گوندەکانی سنوری گەرمیان، باس لەوەدەکات: دۆخی ژنان و کچانی لادێنشینی سنوری گەرمیان بەهۆی وشکەساڵی و سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنا لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، زۆر خراپ بوە.
 
لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی وادی ئەڵمانی بۆ نەوژین وتی: تاکو پێش هاتنی نەخۆشی کۆرۆنا بۆ کوردستان دۆخی ژنان و کچانی لادێنشین زۆر باشبو، بەڵام ئێستا دۆخی ئابوری، تەندوستی و خوێندنیشان زۆر خراپە.
 
وتیشی: خراپبونی لایەنی ئابوری لادێنشینیان بەزۆری هۆکارەکەی وشکەساڵیە، پێشوتر ژنان خەریکی کاری کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبون، بەڵام بەهۆی وشکەساڵیەوە ئێستا زۆرینەی پرۆژە کشتوکاڵیەکان خراپ بون و مەڕ و ماڵاتەکانیشیان لەناوچون. 
 
خراپی دۆخی ئابوری لادێنشینان و هاتنی خوێندنی ئۆنلاین و نەبونی دەرفەتی دامەزراندن لەچەند ساڵی رابردودا، بوەتە هۆی دابڕینی ژمارەیەکی زۆر کچە فێرخوازی لادێنشین لە خوێندن، بەهۆی ئەمەش بەشودانی پێشوەختە روی لە زیادبون کردوە.
 
لەمبارەیەوە لەیلا ئەحمەد، وتی: بەپێی بەدواداچونەکانمان لە تیمی وادی، زیادبونی رێژەی بەشودانی پێشوەختە و دەرکردنی کوڕان و کچانی لادێنشین لە خوێندنگەکان  بە رێژەیەکی بەرچاو روی لەزیادبون کردوە.
 

بەپێی روپێویەکی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان کە لە ١ـی تەموزی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١٠٪ـی کچان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
 
لەبارەی هۆکارەشیەوە، ئەندامەکەی تیمی وادی وتی:  هۆکارەکەی خراپی دۆخی ئابوریە، چونکە لادێکان زۆرینەیان بەتەنها خوێندنگەی بنەڕەتیان تێدایە و لەو قۆناغە بەدوا دەبێت بڕۆن بۆ شار و قەزاکان بۆ تەواوکردنی خوێندن، بەڵام خراپی دۆخی ئابوریان وایکردوە لەلایەن خێزانەکانەوە رێگریان لێبکرێت.
 
"لە ئەنجامدا خێزانەکان کوڕەکانیان دەنێرنە سەر کار و کچەکانیشیان دەدەن بەشو"، لەیلا ئەحمەد، وای وت.
 
رۆژی ١٥ـی تشرینی یەکەم، لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە رۆژی جیهانی ژنانی لادێنشین دەستنیشان کراوە، ئەمەش بۆ تیشکخستنەسەر ئەو ئالەنگاریی و کێشە و ئاستەنگانەی روبەڕوی ئەم توێژە دەبێتەوە.
 
ژنانی لادێنشینی گەرمیان، روبەڕوی زۆر ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە، دیارترینیان نەبونی دەرفەتی کارە، بەتایبەت بۆ دەرچوانی زانکۆ. ئەوان سەرباری ئەوەی بە زەحمەتییەکی زۆرەوە خوێندن تەواو دەکەن و بڕوانامە بەدەستدەهێنن، بەڵام بەهۆی نەبونی دەرفەتی کار لەنێو لادێکان و خراپی لایەنی ئابوریان کە ناتوانن هاتوچۆ بکەن بۆ شار، بێکار دەمێننەوە.
 
ئامینە محەمەد، کچێکی دانیشتوی گوندی (سماق)ـی گەرمیانە، سەرباری ئەوەی خاوەنی هەردو بڕوانامەی (پەرستاری و زمانی ئینگلیزی)ـیە، بەڵام بەهۆی نەبونی دەرفەتی کار لەلادێکەیدا ئێستا بێکار ماوەتەوە.
 
بۆ نەوژین وتی: ماوەی ٩ ساڵە بڕوانامەی پەرستاریم بەدەستهێناوە، بەڵام چونکە لێر هیچ بنکەیەکی تەندروستی لێنیە و ناشتوانم رۆژانە بڕۆمە شار و بگەڕێمەوە بۆیە هیچ کارێک ناکەم.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,664,965     ژمارەی میوان 225

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە