گەرمیان؛ ژنێک بە سوتان گیانی لەدەستدا

2022/09/07    689 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە قەزای کەلار ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە سوتان گیان لەدەست دەدات، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت: ژنەکە لە نەخۆشخانە وتویەتی خۆی سوتاندوە.
 
رزگار لەتیف، جێگری بەرێوبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: دوێنێ (٦ـی ئەیلول) ژنێک بە سوتاوی گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان کە رێژەی سوتاویەکەی ١٠٠٪ بو، ئێمە رەوانەی سلێمانیمان کرد.
 
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش، ژنەکە  لە رێگەی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستداوە.
 
هاوکات وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، عەلی جەمال قەدوری، لەوبارەوە بە رادیۆی دەنگی وت: ژنەکە خێزاندارە و سێ مانگە کێشە کەوتوەتە نێوان خۆی و هاوسەرەکەی.
 
وتیشی: لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردوە و لە نەخۆشخانە کاتێک وتە لە ژنەکە وەرگیراوە وتویەتی خۆی سوتاندوە.
 
ژنەکە ناوی (س. ج. م) تەمەن ٢٢ ساڵ، دانیشتوی گەڕەکی جوتیارانی  قەزای کەلار بوە.
 
بەپێی ئامارە فەرمیەکان، ئەمە چوارەم حاڵەتی خۆسوتانی ژنانە لەم ساڵدا لە گەرمیان تۆماردەکرێت.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,506     ژمارەی میوان 48

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە