دەستەی ئامار: ١٠٪ـی کچانی کوردستان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە

2022/07/02    1261 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی روپێوی بارودۆخی تەندروستی و كۆمەڵایەتی ژنانی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئاشکراکرد و بەپێی روپێویەکە سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم قەدەغەیە، بەڵام ١٠٪ـی کچان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
 
دوێنی (١ـی تەموز)، دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ دانیشتوان UNFPA، ئەنجامی روپێویەكیان بڵاوكردەوە، روپێویەکە بۆ ساڵی 2021 ئەنجامدراوە و بارودۆخی تەندروستی و كۆمەڵایەتی ژنان لە هەرێمی كوردستان دەخاتەڕو.
 
لە روپێویەکەدا (١٥٧٦) خێزان لەگەڵ (٢١٦٢) ژنی تەمەن ١٥ ساڵ و زیاتر، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدراوە و ١٥ پرسیاریان ئاراستەکراوە، پرسیارەکان دەربارەی: زانیارییه‌كانى ‌خێزان، خوێندن،  كۆڤید‌19، ئاسته‌نگی، باكگراوندى ‌دیمۆگرافی‌ ئافره‌تان، له‌‌دایكبون ‌و‌ مناڵبون‌ (له‌بارچون‌، ‌له‌باربردن)، چاودێری ‌دایكایه‌تى‌ بۆ ‌كۆتا ‌له‌دایكبوى‌ زیندو، رێكخستنى‌خێزان، دۆخى ‌ته‌ندروستى ‌گشتى، ئاواره‌كان‌ و ‌گه‌ڕاوه‌‌ له‌‌ئاواره‌یى، موڵكدارى‌ و‌ خاوه‌ندارێتى ‌و‌ قه‌رز‌، به‌شداریكردن، ‌پێگه‌یاندن‌ و ‌یه‌كسانى ‌ره‌گه‌زی، توندو‌تیژى ‌دژى ژنان و  دیارده‌ى ‌خه‌ته‌نه‌كردنى‌ مێینه بون.
 
گرنگترین ئەنجامەکانی روپێویەکە بەمشێوەیە بون:
 
-  بەپێی روپێویەکە ١٧.٩٪ـی ژنان نەخوێندەوارن، کە زۆرینەیان لە تەمەنی ٤٥         ساڵ بەسەرەوەن، هەروەک لە پارێزگای دهۆک زۆرترین رێژەی ژنی نەخوێندەوار   هەیە کە ٢٢.٢٪ـە، پارێزگای هەولێریش کەمترینە کە ١٥.٨٪ـە.
 
-  سەرەڕای ئەوەی بە پێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت کچ لە تەمەنی ١٦ ساڵی بەسەرەوە هاوسەرگیری بکات، بەڵام بەپێی روپیویەکە ١٠٪ـی کچان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
 
-  ئەو ژنانەی لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە بە پلەی یەکەم هۆكارەكەی بۆ دەستوەردانی خێزانی دەگەڕێننەوە و بە پلەی دو و سێش  نه‌گونجانى‌ كۆمه‌ڵایه‌تى‌ و نه‌بونی متمانه لە نێوانیان بە هۆکار دەزانن، هەر بەپێی روپێویەکە (٦٢.٦)ـی ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان کردوە خێزانەکەیان بڕیاری لەسەر هاوسەرگیری کردنیان داوە و (٣٤٪)ـیش خۆیان بڕیاریان داوە.
 
-  هاوکات بە پێی روپێویەکە (٨٥.٩٪)ـی ژنان هیچ کارێک لە دەرەوە(فەرمانگە حکومیەکان و کەرتی تایبەت) ناکەن، تەنها (١٤.١٪)ـیان کاردەکەن، لەو رێژەیەش کە کارناکەن (٣١.٢ ٪)ـیان دەڵێن گەر هەلی کار هەبێت ئامادەن کار بکەن.
 
-  لەبارەی ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بەپێی روپیێویەکە ژنان دەڵێن زۆرترین توندوتیژی زارەکی و جەستەییان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بەرامبەر دەکرێت، لەبارەی هۆکارەکەشی پێیانوایە لاوازی ‌هۆشیارى ‌پیاوان و په‌روه‌رده‌‌  و‌پێگه‌یاندنى‌ خێزان هۆکاری سەرەکین.
 
-  هەر بەپێی روپێویەکە (٤٨٪)ـی کچان و ژنان لە هەرێمی کوردستان خەتەنەکراون، لەم رێژەیە ژنانی تەمەن ٤٥ ساڵ و بەسەرەوە زۆرتینیان خەتەنەکراون، کەمترینیش تەمەنی (١٥-١٩)ساڵن کە (٢٢.٧٪)ـن، هاوکات (٩١.٦٪)ـی ژنان لەگەڵ ئەوەدان خەتەنەکردنی مێینە قەدەغە بکرێت.
 
-  لەبارەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتیشەوە بەپێی روپێویەکە (٤٨.١٪)ـی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت بەکارناهێنن و (٥١.٩٪) بەکاریدەهێنن، زۆرترین رێژەی بەکارهێنەری ئینتەرنێتیش دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,317     ژمارەی میوان 187

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە