روداوه‌كه‌ى هه‌ولێر.. دو قوربانى یان پێنج؟

2022/07/01    873 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوێنێ (٣٠ـی حوزەیران) لە شاری هەولێر کوڕێک بەناوی (س. س) هەستا بە کوشتنی خوشکەکەی 'سومەیە' و زاواکەیان 'زەکەریا'، بەهۆکاری ئەوەی خوشکەکەی و زاواکەی پێش چەند ساڵێک پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان هەبوە، ئەوەی لەم بابەتەدا جێگای سەرنجە، بە تەنها بابەتی بکوژ و کوژراوەکان نیە، بەڵکو چیرۆکی پشت روداوەکەیە.
 
روداوەکە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ئەم دو هاوسەرە 'سومەیە'و 'زەکەریا' دوای ماوەیەک لە هەبونی پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان بڕیاردەدەن هاوسەرگیری بکەن، بەڵام ماڵەوەی کچەکە بەتایبەت براکەی بەناوی (س. س) رێگر بونە، لەبەرامبەردا تەنها بۆ رازیکردنی ماڵی 'سومەیە'، ماڵی باوکی 'زەکاریا' سێ کچی خانەوادەکه‌یان دەکەن بە قوربانی و دەیاندەن بە ماڵی باوکی 'سومەیە'. ئەوانیش دو خوشکی 'زەکەریا'ـن کە یەکێکیان تەمەنی ١٤ ساڵە لەگەڵ پورێکیشیان.
 
لە کاردانەوەی ئەم روداوەوەدا، یادگار فایەق، پێشکەشکار، لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕى کۆمەڵایەتی فه‌یسبوك نوسویەتی: بابەتەکە تەنھا بکوژ و کوژراو نییە، بەڵکو ھێشتا لەم ناوچەیەی ئێمە بۆ سوڵح کچ دەبەخشرێت و ژن دەنێردرێتە ماڵێک کە بە خوێنی تینون، ھێشتا جەستەی ئافرەت دەخرێتە سەر برین و خوێن، ھێشتا ژن باجی کەلەپوتیی نێرێک دەدات، چییە لەساتێکدا نەیتوانیوە بەسەر خۆیدا زاڵ بێت.
 
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئەوەیە ئەم سوڵحانە چۆنی دەکرێن و کێ بۆیانی دەکات و کێ بوە کچێکی چواردە ساڵی مارە کردوە؟
 
ئێڤار ئیبراهیم، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئەوەی جێگای داخە لەم بابەتەدا لە ھەمو چاوپێکەوتنەکاندا کەسوکاری قوربانی باسی سوڵح دەکەن کەمامۆستای ئاینی بۆی کردون، ئەوە کەی کاری مامۆستایەکی ئاینیە؟! ئەرکی مامۆستای ئاینی ئاراستەکردنی پەیامی ئاشتی و ئارامیە بۆ کۆمەڵگا.
 
دەشڵێت: گرنگە ھەڵوێستی مامۆستا ئەوە بێت بڵێت یاسا سەروی ھەمو شتێک بێت نەک دیوەخان و سوڵحی عەشایەری.
 
ئەوەی لەم روداوەدا هەیە ئەوەیە قوربانیانی ئەم روداوە تەنها دو هاوسەر نەبون کە کوژراون، بەڵکو سێ ژنی دیکەش هەن کە بە زیندوی کراون بە قوربانی تاکو ئەو دو هاوسەرەی کە ئێستا کوژراون بە یەک بگەن.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,405     ژمارەی میوان 266

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە