گۆرانیە کوردیەکان پڕ ده‌بن لە سوكایه‌تى و توندوتیژی بەرامبەر ژنان

2022/05/25    308 جار بینراوە
 
* نەوژین، لەیلا ئەحمەد و رەنگین سەلام
 
گۆرانیە کوردیەکان بەگشتی و لەنێویشیاندا گۆرانیە میللیەکان له‌ ئێستادا زیاتر له‌ جاران پڕ كراون‌ له‌ سوكایه‌تى و وشه‌ى توندوتیژ و نه‌شیاو به‌رامبه‌ر به‌ ره‌گه‌زى مێ، تاکو ئێستاش هیچ یاسایەک نیە به‌ر به‌م لێشاوه‌ بگرێت.
 
ئه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ى خراپتر كردوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشوتر زیاتر گۆرانیبێژانى پیاو ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌یان به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام له‌ئێستادا گۆرانیبێژانى ژنیش وشه‌ى نه‌شیاو و توندوتیژ به‌كاردێنن كه‌ سوكایه‌تیه‌ به‌ خودی ژنان، کۆتا دو گۆرانیش هی دو ژنە گۆرانیبێژن بەناوەکانی (هێڵی له‌ڤ و كۆمسای)، كه‌ چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ى نه‌شیاو و توندوتیژی وه‌كو: (بێچ=قه‌حپه‌)ـى تیایه‌ كه‌ سوكایه‌تین به‌ خودی ژنان.
شۆخان حەمه‌ڕه‌شید، پارێزه‌رى راوێژكاری یاسایی و چالاكوانى مافه‌كانى ژنان، سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبونه‌وه‌ى ئەم جۆرە گۆرانیانە به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو، بە نەوژینی وت: "پێویسته‌ هه‌مو كارێك سنوری هه‌بێت، له‌ وڵاتى ئێمه‌ به‌ ناوى ئازادیه‌وه‌ پێشێلى سنوره‌كانیان كردوه‌، هه‌ر كه‌سێك هه‌ر شتێكى بوێت له‌ پەڕەی تایبەتی خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، تائێستاش به‌دواداچون بۆ ئه‌م كارانه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ پێش بڵاوبونه‌وه‌ رێگریان لێبكرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و ژنان هه‌بوه‌".
 
ئه‌و چالاكوانه‌ نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ گۆرانیانه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن گۆرانیبێژانى ژنه‌وه‌، وێنایه‌كى هه‌ڵه‌ی داوه‌ به‌ ژنانى چالاكوان و ره‌وتى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ژنان، ده‌ڵێت: هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌مه‌مان ویستوه‌، لەکاتێکدا ئێمه‌ى چالاكوان به‌شێك نین له‌وه‌ و پاڵپشتیشی ناكه‌ین.
 
هێلی له‌ڤ و كۆمسارى، دو ژنه‌ گۆرانیبێژ كه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كران دواین گۆرانیان سوكایه‌تى و ده‌سته‌واژه‌ى نه‌شیاوی له‌خۆگرتوه‌
 
 
به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان، وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌رێم ده‌توانێت بڵاوبونه‌وه‌ى هه‌ندێك كار و به‌رهه‌م بوه‌ستێنێت ئه‌گه‌ر بزانێت ماف و ئادابی گشتى پێشێلكردوه‌، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ ته‌نها بۆ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كانه‌ و ناتوانێت ببێته‌ هۆی راگرتنى ته‌واوه‌تیان، به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌.
 
نامیق هه‌ورامى، وته‌بێژ و به‌ڕێو‌به‌رى په‌یوه‌ندیه‌ گشتیه‌كانى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌رێم،
دەربارەی بڵاوبونەوەی ئەم جۆرە گۆرانیانە بە نەوژینی راگەیاند: "وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هیچ جۆره‌ سنورێکی بۆ كاره‌ هونه‌ریه‌كان دانه‌ناوه‌ و بێئاگاین له‌ كاره‌کانیان تاکو کاتێک بڵاوی دەکەنەوە، حكومه‌تیش بۆى نیه‌ ده‌ست بخاته‌ نێو كاروبارى هونه‌ریه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كاتێك بابه‌ت و به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌كان ناڕه‌زایی كۆمه‌ڵگاى لێبكه‌وێته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌توانین كۆمپانیاكانى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ و به‌رهه‌م و كاره‌كانیان رابگرین".
 
وتیشی: له‌ ماوه‌ى رابردودا چه‌ندین به‌رهه‌ممان راگرتوه‌، بەڵام جگه‌ له‌مە‌ هیچ شتێكیتر له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى رۆشنبیریدا نیه‌.
 
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، نه‌قیبی سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندان واینابینێت كه‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیری نه‌توانێت هیچ شتێك له‌مباره‌یه‌وه‌ بكات.
 
نیاز نوری، بۆ نه‌وژین وتى: هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك وشه‌ى نه‌گونجاو و ده‌سته‌واژه‌ى نه‌شیاو به‌كاربهێنێت، وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ده‌توانێت له‌ رێگاى دادگاوه‌ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار بكات و سزای بدات.
 
نوسراوێكى وه‌زاره‌تى رۆشنبیری كه‌تیایدا قه‌ده‌غه‌ى ده‌كات كه‌ناڵه‌كان گۆرانیه‌كى گۆرانیبێژ (كۆمسای) بڵاو بكه‌نه‌وه‌
 
 
ئه‌وه‌ى وایكردوه‌ رێكاره‌كان زۆر جێگه‌ نه‌گرن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شى زۆری به‌رهه‌مه‌كان له‌ سۆسیال میدیادا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ نه‌ك كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان.
 
نه‌قیبی سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان، پشتگیریی ئه‌م بۆچونه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "هیچ یاسایه‌ك نیه‌ رێگرى له‌هونه‌رمه‌ندان بكات بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى وشه‌ى نەشیاو كه‌ له‌ رێگه‌ى به‌ناو هونه‌رى میللیه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، چونکە زۆربه‌ى ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌ دانیشتنى تایبه‌ت له‌ رێگه‌ى لاپه‌ڕه‌ى تایبه‌تی كه‌سه‌كانه‌وه‌ له‌ سۆشیاڵ میدیا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك له‌ رێگه‌ى كه‌ناڵى فه‌رمی میدیاوه‌ هه‌تا به‌ یاسا رێگرى لێبكرێت".
 
وادیاره‌ بۆشاییه‌كى گه‌وره‌ى یاسایی له‌م بواره‌دا هه‌یه‌ و ئه‌و رێكارانه‌شى بۆ رێگه‌گرتن به‌م حاڵه‌تانه‌ هه‌یه‌، كارا نین، ئه‌مه‌ش ده‌خوازێت یاسا و رێكاری تۆكمه‌تری بۆ ده‌ربكرێت، به‌ڵام پارله‌مانتارێك وای نابینێت كه‌ ئه‌و كاره‌ ئاسان بێت.
 
سه‌لمه‌ فاتیح، سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیرى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ڵێت: كاریگه‌رى رۆژئاوا له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى تازه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن و به‌شێكیانیش له‌ رۆژئاوا ده‌ژین، وایكردوه‌ بۆ ناوبانگ په‌نا بۆ هه‌مو كارێك ببه‌ن، كاتێكیش په‌نا بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ده‌به‌ین كۆمه‌ڵێك رێگرى دێته‌ پێشمان.
 
پێیشیوایه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ى به‌ ته‌نگ ئه‌م بواره‌وه‌ن، پێكه‌وه‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌م كاره‌ زیاتر بكه‌ن.
 
نه‌بونى سانسۆر و لێپێچینه‌وه‌ له‌م حاڵه‌تانه‌ و هه‌روه‌ها به‌دینه‌كردنى هیچ هه‌وڵێكی جیدی بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ئه‌م بواره‌، وایكردوه‌ گۆرانیبێژه‌كان بره‌و به‌م كاره‌یان بده‌ن، ئه‌وه‌یشی زیاتر هانیان ده‌دات، پێشوازیی خه‌ڵكه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌یان.
 
نه‌قیبی سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندان باس له‌وه‌ده‌كات زۆرینه‌ى ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌
 
 
گۆرانیبێژى میللی: نێچیر هه‌ورامى، بۆ نەوژین باسی لەبەکارهێنانی ئەو وشانە لەنێو گۆرانیەکانیدا کرد و وتی: ئێمه‌ كار له‌سه‌ر قسه‌ى رۆژانه‌ى نێو خه‌ڵك ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ش هونه‌رى میللیه‌، خه‌ڵكیش ئه‌مه‌ی ده‌وێت، نمونەی زیندوش ئەوەیە کە ئەو گۆرانیانەم وشەی جوانی تێدایە بینەریان کەمترە تاکو ئەو گۆرانیانەم کە ئه‌و وشانه‌ى دیكه‌ى تێدایه‌.
 
ئه‌و گۆرانیبێژه‌ ره‌دی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ى كه‌ به‌كاری دێنن پێشێلكردنى مافی ژنان و توندوتیژی بن، بۆ ئه‌مه‌ش پاساوى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ "خه‌ڵك ئه‌و وشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ى پێخۆشه‌ و لەبارەیەوە ده‌ستخۆشیم لێده‌كه‌ن".
 
 
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 572,115     ژمارەی میوان 45